"ئامانجمان دروستکردنی پشتێنەیەکی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانە"

شاندێکی کۆمپانیای چەتر سەردانی دەزگا میدیای و کەسایەتیە دیارەکانی باشووری کوردستانیان کرد، بە ئامانجی دروستکردنی پشتێنەیەکی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و دوورکەوتنەوەی میدیا لە ئەجێندای حزبی و یەکگرتنی میدیاکاران دژی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی، لەسەر ڕێگەی سەیدسادق-هەڵەبجە ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کردە ئامانج و ڕۆژنامەنووسان هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، کە هەردووکیان کارمەندی کۆمپانیاکە بوون گیانیان بەختکرد و ڕێبین بەکر بریندار بوو.

 

لە چوارچێوەی کۆکردنەوەی دەنگی ڕۆژنامەنووسان و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری ڕۆژنامەگەری و سروستکردنی پشتێنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، شاندێکی کۆمپانیای چەتر کە پێکهاتوون لە ڕۆژنامەنووسان، سنور ڕەحمان، شۆخان میرزا و هاوژین شوانە، سەردانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان، دەزگای میدیایی کەی ئێن ئێن، ئاژانسی شار پرێس، سپیی میدیا، ڕێکخراوی جاسەنە، کۆمەڵەی ڕۆنووس کرد و چەند کەسایەتییەکی وەک هاوژین شەهید فەخرەدین، تارا حسێن و محەمەد ئەمین پێنجوێنییان بەسەر کردەوە.

 

بڕیارە سەردانەکانی شاندی ڕۆژنامەنووسانی ژنی کۆمپانیای چەتر درێژەی پێبدرێت و سەردانی دەزگا میدیاییەکان و چەند کەسایەتییەکی دیکە بکرێت.

 

"ئامانجمان ڕاوەستە کردنە لەسەر کەیسەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستان"

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، باس لەوە دەکات، دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانەی بۆ سەر باشووری کوردستان و هاوڵاتیانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت، پێویستیمان بە هەڵوێستی لایەنی سیاسی و داکۆکیکاران لە مافەکان هەیە، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی دەزگای میدیای کۆمپانیای چەتر سەردانی چەند لایەن و دەزگایەکیان کرد، وتیشی: لە چوارچێوەی پۆلێن بەندییەکدا سەردانی بەشێک لە لایەنە سیاسی و چاپەمەنییەکان و ئەو ڕێکخراوانەمان کرد کە داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکەن، لە سەردانییەکەدا بارودۆخی ڕۆژنامەگەری کوردیمان ڕوونکردەوە، ئامانجی سەردانیکردنەکەمان ڕاوەستەکردنە لەسەر کەیسەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستاندا، ئەو کەیسانەی لە باشووری کوردستاندا ڕوودەدات پێویستە هەڵوێستەی یاسایی و کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر دروستبکرێت، ئێمە دەزانین هەڕەشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان تەنها لە ترساندندا نەماوەتەوە، لە ئێستادا هێرش دەکەنە سەر ڕۆژنامەنووسان و شەهیدیان دەکەن، دەمانەوێت بەم سەردانییە زەمینەیەک بۆ ڕۆژنامەنووسان بسازێت کە ماف و کار و ژیانیان پارێزراو بێت، ئامانجی یەکەمیشمان دروستکردنی پشتێنەیەکی پاراستنە بۆ ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستان.

 

سنور ڕەحمان باسی لەوەشکرد، ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ڕاستی داگیرکاری لە باشووری کوردستان دەردەخەن، بۆیە ڕووبەڕووی شەهیدبوون دەبنەوە، باسی لە ئامانجی دووەمی سەردانەکەیان کرد، کە دووبارە پێناسەکردنەوەی بواری ڕۆژنامەگەری کوردییە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتمانی، وتیشی: نزیک دەبینەوە لە ٢٠٠ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، پێویستە خوێندنەوەیەکی دیکە لەسەر بنەمای دۆزی کورد بۆ ڕۆژنامەگەری بکرێتەوە، بە تایبەت لە باشووری کوردستان و بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن، چونکە بەرکەوتەی هەموو زیانەکانن. یاساکانی ڕۆژنامەگەری لە باشووردا ناتوانێت بە تەنیا کارێک بۆ ڕۆژنامەنووسان بکات، لاوازی لە جێبەجێکردنی یاساکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەبیندرێت، لە عێراقدا دادگایکردنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن دادوەری سیاسییەوە لەسەر خراپی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا سزا دەدەن، لە کاتێکدا ئێمەی ڕۆژنامەنووسان یاسای ٢٠٠٧مان بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان هەیە، یەکێتی و هاودەنگی لەناو میدیاکانی باشووری کوردستاندا کارێکی گرنگە بۆ نەمانی هێرش و تیرۆرییەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان.

 

"میدیاکاران بەڵێنی پێکەوەیی بۆ ڕێگریکردن لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان دووپات کردەوە"

سنور ڕەحمان، ئاماژەی بەوەدا، لە باشووری کوردستاندا لە یەکەم ئەزمونی حکومڕانیەوە دەستی نادیار لە کوژرانی ڕۆژنامەنووساندا کەیسێکی بەربڵاوە و هەر بە نادیاریش دەمێنێتەوە، دەشڵێت: کاتێک دادگا لەسەر کەیسێکی کوشتنی ڕۆژنامەنووسێک ڕاوەستە بکات، قوڵ دەبێتەوە تا دەگاتەوە بە دەسەڵاتداران، لە کەیسەکاندا دەستی تاوانبارانی دەسەڵات دەردەکەوێت، پاشان بە زەبر و ستەم دەیانەوێت کەیسەکان لە دادگاکاندا دابخرێت، بەردەوامبوونی خراپی دەسەڵات و حکومڕانیکردن لە باشووری کوردستاندا مەترسییەکانی لەسەر ڕۆژنامەنووسان زیاد دەکات، ئەو لایەنانەی لە سەردانیەکەدا دەچوینە لایان هەستیان بە تەواوی مەترسیەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان دەکرد. لەدەستدانی دوو هاوڕێ و دوو هاوکاریش لە میدیادا، دەبێت ببێتە هۆکارێک بۆ خۆڕێکخستنەوەی ڕۆژنامەنووسان، چونکە چۆن ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد مەترسیمان لەسەرە، ڕۆژنامەنووسانی دەزگاکانی دیکەش هەمان مەترسییان دەردەبڕی، تەواوی ئەو لایەن و ڕاگەیاندکارانەی سەردانمانکردن هاوخەمی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕی و هاوفکری ئێمە بوون دژ بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە کۆتاییدا باسیشی لەوەکرد، ڕۆژنامەنووسان هەموو ڕۆژێکیان لەناو کۆمەڵگە و سیاسەت دایە و دەتوانن ئەجێندا بگۆڕن و کاریگەرییان هەبێت، وتیشی: بڕیارە سەردانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لقی سلێمانی بکەین و بۆ دەزگاکانی دیکەش سەردانەکانمان بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی بتوانین مەترسییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی باشووری کوردستان کۆتایی پێبهێنین و پشتێنەیەکی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دروست بکەین.