مەسیحییەکانی هەرمۆتە لە سەری ساڵدا هیوای ئاشتی دەخوازن

ئاینی مەسیحی یەکێکە لە ئاینە ئاسمانییەکان، کە بەشێکیان لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و بۆنە ئاینییەکانیان یاد دەکەنەوە، پەیامی ژیانیان ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و لە جەژنەکانیان زیاتر جەختی لێدەکەنەوە.

شنیار بایز

 

کۆیە- مەسیحییەکان وەک هەر ئاینێکی دیکە جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە لە بەرواری ٢٥ی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێکدا یادی دەکەنەوە، لەو کاتەدا ئامادەکاری دەکەن و خواردن و شیرینی تایبەت دروستدەکەن، پیرۆزبایی جەژنیش لەیەکدی دەکەن و هیوای ئاشتی و پێکەوەژیان دووپات دەکەنەوە، لەو ڕۆژەدا هیوا و ئاواتەکانی دڵیان لە پاش نوێژی جەژن دەڵێن و دەست دەکەن بە ئاهەنگ گێڕان و خۆشی دەربڕین.

 

دانیشتوانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستانیش، هەموو ساڵێک لە ٢٥ی کانوونی دووەمدا، هاوتای مەسیحییەکانی جیهان، یادی جەژنی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسای مەسیح دەکەنەوە و ئەو شوێنانەی تێیدا نیشتەجێن دەڕازێننەوە.

 

گوندی هەرمۆتە، لە شاری کۆیە، گوندێکی تایبەتە بە مەسیحییەکان و لە دێر زەمانەوە تێیدا دەژین، لە ئێستادا نزیکەی ١١٠ ماڵی مەسیحی و ٢٣ ماڵی ئیسلامی تێدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی بەر لە تۆپبارانەکەی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبی دیموکرات بریتیبوو لە ٤٢٨ مەسیحی و ١٤٨ ئیسلامی، بەڵام لە ئێستادا بریتین لە ٣٨٠ مەسیحی و چەند ماڵێکی ئیسلامی تێدایە، گوندەکە تاکە شوێنە لە سنوری هەولێرەوە تا ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لانکەی مەسیحییەکان بووە و تا ئێستا تێیدا نیشتەجێن و پاراستوویانە، لەگەڵ دانیشتوانی شاری کۆیە و دەوروبەریشیدا هەمیشە لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان بەڕێوەچوونن.

 

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا گوندی هەرمۆتە ڕەنگاوڕەنگ دەبێت و دانیشتوانەکەی ئاهەنگ دەگێڕن، کەنیسەی گوندی هەرمۆتە، کە مێژووی نۆژەنکردنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٦٨ و پێش ئەو ساڵانەش کەنیسەکە هەر هەبووە، بە گڵۆپ دەڕازێنرێتەوە و مەراسیمی ئاینی تێدا بەڕێوەدەبرێت.

 

"هیچ هێزیک نابێتە ڕێگر بۆ ئەنجامدانی جەژنەکەمان"

مریەم شمعو، مەسیحییەکی گوندی هەمۆتەیە و دەربارەی جەژنی مەسیحییەکان ئاماژەی بەوەدا ساڵانە مانگێک بەر لە جەژن ئامادەکاری دەکەن، کە خۆی لە ماڵ ڕازاندنەوە و دروستکردنی خواردن و شیری تایبەتدا دەبینییەوە، هەروەها داری سەری ساڵی دەرازێننەوە، یەکتر بەسەر دەکەنەوە و میوانداری یەکتر دەکەن، پێکەوە ژیان و ئاشتی کە بنەمای سەرەکیانە دووپات دەکەنەوە، مریەم دەڵێت "ئێمە دڵمان زۆر خۆشدەبێت، کاتێک کەسێکی جیا لە ئاینەکەی ئێمە پیرۆزبای جەژنمان لێدەکەن، هەموومان هیوامان وایە لەم جەژنەدا هەموو مرۆڤایەتی و کورد و لە نێویاندا مەسیحییەکان بە خۆشی و ئاشتی بژین".

 

دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەمساڵ مریەم وتی: ئەمساڵ پێش چەند مانگێک لە جەژنەکەمان، تۆپباران و بۆردوومانی ڕژێمی ئێران هەموو شتێکی لێتێکداین، هەموو کەس لە دەنگەکەی ڕایدەکرد و چەندین زەرەر لە دەنگەکەیەوە پەیدابوو".

 

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، گوندی هەرمۆتە ڕۆح و دڵیانە و ئامادەن بە گیان پاڵپشتی و بەرگری لێبکەن، دەشڵێت: ئەم جەژنە زۆر خۆشبوو بۆ ئێمە، چونکە لە پاش تۆپباران و هێرشەکانی ڕژێمی ئێران، ئێمە جەژنەکەمان بە خۆشی ئەنجامدا.

 

"لە جەژناندا پەیامی ئاشتی دووپاتدەکەینەوە"

وەردە ڕیاز، ژنێکی دیکەی هەرمۆتەیە، وەک گەنجێکی مەسیحی ئاماژەی بەوەدا لە ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەمەوە دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ جەژنی مەسیحییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش کولیچە و خواردنی تایبەت ئامادە دەکەن و تەواوی ماڵ دەڕازێننەوە، وتیشی:  پەیامی ئێمە لە هەموو جەژنێکدا ئەوەیە ئاشتی و پێکەوە ژیان لە گوندەکەماندا بەردەوام بێت، هەموو ئایینە جیاوازەکان و نەتەوە جیاوازەکان پێکەوە ژیان ببەنە سەر و دوور بن لە کێشە.