ژنانی کارگوزار لە بارودۆخێکی دژواردا ژیان دەگوزەرێنن

ئاڵا کەمال، چاودێری مافی مرۆڤ و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: دەبێت حکومەت، هەوڵی تەواو بدات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کارگوزار لە کەرتی گشتی و تایبەتدا، لەژێر چاودێری دەستەبەری کاردا دامەزراندنیان بۆ بکرێت.

سلێمانی

 

ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکان، بە هەڵ و تێکۆشانی خۆیان و بژێوی خۆیان و خێزانەکەنیان دابین دەکەن، ژنان لە پیشەی کارگوزاریدا لە دامودەزگاکانی حکومی و کەرتی تایبەتدا ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە پاک کردنەوەی ژینگەکەیان، بە تایبەت لە کەرتی تەندروستیدا، زۆرینەی کارمەندانی کارگوزار ژنانن، لەگەڵ ئەوەی تەمەنێکی زۆریان لە خزمەتکردندا تەرخان کردووە، بەڵام بە پێی پێویست مافەکانیان بۆ دەستەبەر نەبووە و بە بڕە موچەیەکی کەم دامەزراندیان بۆ دەکرێت.

 

"پێویستە بەپێی جۆری کار و کاتی کارکردن مووچەی کارگوزارەکان دیاری بکرێت"

ئاڵا کەمال، چاودێری مافی مرۆڤ و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، باسی لەوەکرد، کە ژنانی کارگوزار لە کەرتی تایبەتدا بە گرێبەست دادەمەزرێن و لە کەرتی گشتیشدا خاوەنکارەکەی حکومەتە، وتیشی: حکومەت جێگەی مافەکانی ئەم چینەی لە یاسادا دیاریکردووە، یەکێک لاوانە یاسای کارە، کە هەموو پێوەرەکانی کارکردنی بۆ دیاری کراوە و دەبێت لە شوێن کارەکەیدا پەیڕەو بکرێت و لەلایەن خاوەنکارەوە دابین بکرێت، کۆمپانیاکانیش کە تایبەتکراوە بە دابینکردنی کارگوزار بۆ کەرتی گشتی، پێویست دەکات هەموو ئەرکە یاساییەکان جێبەجێ بکات، دەبێت کارگوزارەکان بە پێی ئەو یاسایە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان دەستەبەر بکرێت، وەک کاتی کارکردن، جۆری کارکردن و وەرگرتنی مۆڵەت.

 

"کارگوزارەکان زیاد لە پێویستی خۆیان کاریان پێدەکرێت"

ئاڵا کەمال باسی لەوەشکرد، پێویستە کارگوزارەکان ٨ کاتژمێر کار بکەن و کاتژمێرێک پشوویان هەیە، بەڵام لە ئێستادا و لە پێشکەوتووترین دەزگاکاندا کارگوزارەکان زیاد لە کاتی خۆیان کاریان پێدەکرێت، کە زۆر کات دەگاتە ١٢ کاتژمێر، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری نەبوونی چاودێرکردنی کۆمپانیاکان و پەیڕەونەکردنی ئەو یاسایەی کە دیاری کراوە بۆ کارگوزارەکان.

 

"دەبێت حکومەت کار لەسەر مافە داراییەکان بکات بۆ چینی کارگوزار"

ئاڵا کەمال باسی لەوەشکرد، چینی کارگوزار بە پێی یاسای کار بڕە مووچەیەکی بۆ دیاری کراوە، دەبێت بە پێی ئەو بڕە مافە داراییەکان دەستەبەر بکرێت، وتیشی: بە پێی ئەو ڕێنماییە دەبێت کەمترین بڕی مووچە بۆ کارمەندێک یان کارگوزارێک ٣٥٠ هەزار بێت، بەڵام زۆر کات کۆمپانیاکان یاساکان پەیڕەو ناکەن و بە کاتێکی زۆرتر بڕە مووچەیەکی کەمتریان پێدەدەن.

 

ئاڵا کەمال ئەوەشی خستەڕوو کە "ئێمە وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی، چاودێری کۆمپانیاکان دەکەین سەبارەت بە مووچە و کاتی کارکردنی کارگوزارەکان و لێپرسینەوە دەکەین، لە هەموو بارودۆخێکدا دەبێت کرێکار هۆشیار بێت بە یاسای مەرجی کارکردنی، لە خانەنشینی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، مافی داوە بە هەر کەسێک لە شوێن کارێکدا ئیش دەکات، ئەگەر ڕۆژێکیش بێت دەبێت دەستەبەر بکرێت، بەڵام کارگوزار لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دادەمەزرێن، ماوەی ٦ مانگ تاوەکو ٣ ساڵ کار دەکات و دەستەبەری دامەزراندنی بۆ نەکراوە.

 

"حکومەت بە تەواوی گرنگی بە چینی کارگوزار نادات"

ئاڵا کەمال باسی لە بارودۆخی گوزەرانی کارگوزار کرد و وتی: بە پێی یاسای کارکردن، ئەگەر کارگوزاری ژن دەستەبەری بۆ کرابێت، لە دوای تەمەنی ٥٥ ساڵییەوە خانەنشین دەکرێت، بەڵام بۆ کارگوزاری پیاو لە تەمەنی ٦٠ ساڵیەوە خانەنشین دەکرێن، وتیشی: حکومەت هیچ گرنگی بە چینی کارگوزار نادات، بەلایەوە گرنگ نییە بارودۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان چۆنە، سەرەڕای دیاری کردنی یاساکانی کارکردن، دەبێت بە شێوەیەکی ئاساییانە مافەکانیان دەستەبەر بکرێت، بە جێبەجێکردنی لەلایەن خاوەنکار و دەبێت چاودێری بۆ جێبەجێکاری یاساکان بکرێن، سزا دیاری بکرێت بۆ خاوەنکارەکان لە پەیڕەو نەکردنی یاساکان.

 

"ژنان کارگوزار بەهۆی کارەکەیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

لە کۆتای قسەکانیدا باسی لە گوزەرانی چینی کارگوزاری ژنان کرد و وتی: چینی کارگوزاری ژنان زۆربەی کات ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە لە شوێن کارەکەیان، هەندێک جار کاتژمێری کارکردیاندا بۆ زیاد دەکرێت، مافەکانیان بە یەکسانی بۆ دەستەبەر ناکرێت.

 

"بە مووچەیەکی کەم کارگوزاری دەکەم

سروە غەفور، کارگوزارێکە و لە کۆمپانیای کارگوزارەکان دامەزراوە، بۆ نوژنها باسی لە چۆنیەتی دەستپێکی پیشەی کارگوزاری کرد، کە بۆ ماوەی ١٥ ساڵە وەک ژنێکی کارگوزار کار دەکات، بە بڕی مووچەی ٢٦٠ هەزار دیناری عێراقی، تاکو ئێستاش بە شێوەی گرێبەستی کۆمپانیاکان کار دەکات لە کەرتی گشتیدا.

 

ئەم ژنە کارگوزارە ئاماژەی بەوەکرد، ژنانی کارگوزار لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان دەگوزەرێنن، تاکو ئێستاش حکومەت کار بۆ دامەزراندنیان ناکات، خزمەتیان بۆ هەژمار ناکرێت و مووچەکەیان لە ئاست ڕەنج و ماندوو بوونەکانیان نییە.