داپیرەکان کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان هەیە: ئێمە بوونمان هەیە و لێرەین
ژنانی بەتەمەنی دانیشتووی زرگان لەژێر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر داگیرکەران بەم شێوەیە دەربڕی: ئێمە بوونمان هەیە و هەمیشە لێرەین ولەسەر ئەم خاکە دەژین
سۆرگوڵ شێخۆ
زرگان – لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەڕڤانان لە بەرەکانی پێشەوە و دایک و داپیرە و باپیرەکانیان لە گەڕەکەکاندا بەرخۆدانێکی هاوبەش ئەنجام دەدەن کە مێژوو لەبیری ناکات و هەمیشە باسی نەوەکانیان دەکەن، لە نێو ئەو شەڕانەی کە لە سووریا و بە تایبەتی لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕوودەدەن، ژنانی بەتەمەن ڕۆڵێکی کارایان لە خەباتدا گێڕاوە، هەروەها لە بەرەکانی شەڕ و لە هێڵەکانی بەرکەوتندا ئەوانەی پشتیووانی دەستی یەکەم بۆ شەڕڤانان دەکەن و خاک و مێژووی کۆنیان دەپارێزن، ئەو داپیرانەن کە ساڵانێکی زۆرە لەسەر ئەم خاکە ژیاون و خوێن و ئارەقەیان لەسەر ئەم خاکە ڕشتووە.
داپیرانی دانیشتووی شاری زرگان لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆچوونی خۆیان بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.
یازی خەلەفی تەمەن ۹۰ ساڵ، دایکی ۱۲ کچ و کوڕە و داپیرەی ۲۹ نەوەیە، بەتەنها لە زرگان دەژی، هاوژینەکەی ٨ ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە، هەرچەندە تەنیایە، بەڵام زێدی خۆی بەجێ نەهێشتووە، سەرەڕای هەموو جۆرە هێرشێکی داگیرکاری، بڕیاری داوە تا کۆتایی لەسەر خاکی خۆی بمێنێتەوە.
"داپیرەی ۹۰ ساڵان: با بە فەرمانی خودا بمرم نەک بە تۆپەکانی ئەردۆغان"
داپیرە یازی توڕەیی خۆی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەم قسانە دەربڕی: با بە فەرمانی خودای میهرەبان بمرم نەک بە تۆپەکانی ئەردۆغان، تەنانەت کاتێک تۆپەکان لە دەوروبەرمان دەتەقێندرێت، من لە شوێنی خۆمەوە ناجوڵێم، من بە دانیشتن دەمێنمەوە، چونکە من ناترسم ئەردۆغان هەرچی بکات یان نەیکات، هیچ گۆڕستانێک نەماوە کە پڕ نەبێت لە کوڕ و کچەکانمان، ئەو خواردنەی دەیخۆین لە قوڕگماندا دەمێنێتەوە، چونکە ئەوانەی شەهید دەبن منداڵی ئێمەن، ئێمە نەچووینە سەر خاکی تورکیا، ئەوان چیمان بەرامبەر دەکەن؟ ئەمە خاکی ئێمەیە، پڕمان کردووە لە ئارەقەی و خوێنی شەهیدان، لە تۆپەکانی ئەردۆغان گەورەترین، تا کۆتایی لێرە دەبم.
'لە زرگان لە دایکبووم و دەژیم'
هەروەها مەریەم حەمید داپیرەیەکی تەمەن ٧٠ ساڵە و لە ڕۆژی لە دایکبوونیەوە لە زرگان دەژی، دایکی ٤ کچ و ٥ کوڕە، یەکێک لە کوڕەکانی لە ناوچەکانی پاراستنی میدیا لە پێناو ئەم خاکەدا گیانی لەدەستدا، هەم کوڕەکەی و هەم هاوژینەکەی پاکڕەون.
'ئێمە لە بەهەشتەوە چووینە دۆزەخ'
داپیرە مەریەم کێشەی گەدە و پەستانی خوێنی هەیە، باسی لەوە کرد کە تۆپبارانەکە کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی هەیە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تۆپبارانەکە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەندروستیم هەیە، کاتێک تۆپبارانەکە ڕوودەدات هەموو جەستەم دەلەرزێت، پێشتر هیچ ترسێکم نەبوو، دوای ساڵانێک لەبەرئەوەی هێرشەکان سەخت بوون، دڵم قورس بوو و ئێستا نەخۆشیەکانم زیادیان کردووە، پێش ئەوە لە بەهەشتدا بووین، ئاسایش و ئارامی هەبوو، تەنانەت کاتێک شەو و ڕۆژ لە بیابانیشدا بووین نەترساین، ئێستا هەندێک شەو هەیە کە تامەزرۆی خەوین، پارچە بۆمب و تۆپەکان دەکەونە ناو ماڵەکانمان و ئاژەڵەکانمان دەکوژن، یەدەگی وزەمان بۆ ڕۆژی ڕەش بەهۆی پارچە تۆپەکانەوە زیانیان پێدەگات و چەتەکان بۆمبی سووتێنەر فڕێ دەدەنە هەوا.
داپیرە مریەم باسی لەوە کرد کە کوڕ و هاوژینەکەی لە پێناو شەرەفی خاک و نیشتمانەکەیاندا گیانیان لەدەستداوە، لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: تەنانەت هاوژینەکەم لە شەڕی ڕزگارکردنی مەنبجدا ئامادە بوو، کوڕەکەم لە قەندیل شەهید بوو، بەڵام تەرمی ئەو نەگەیشتە دەستمان، هەردووکیان لە پێناو شەرەفی ئەم خاکەدا شەهید بوون.