چالاکێکی فێمینیستی هەوڵی بەرەوپێشبردنی دۆخی ژنان لە ناوچە پەراوێزخراوەکان دەدات

عەزیزە سالم، چالاکوانی فێمێنیستی ڕووبەڕووی هەموو ئەو زەحمەتی و بەربەستانە بووەوە کە ڕێگرییان لێدەکرد لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و توانی کۆمەڵەی "نیبراس" لە ناوچەی حەکر ئەلجەما لە غەزە دابمەزرێنێت بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان.

ڕەفیف ئیسلیم

غەزە-ژنانی فەڵەستینی کە لە گوندەکان دەژین دەناڵێنن بەهۆی خراپی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، لە کاتێکدا دامەزراوەکانی ژنان دەرگای خۆیان دەکەنەوە بۆ پێشوازیکردن لە ژنان، بەڵام گروپێکی زۆریان هەیە کە ئاگاداری بوونیان نین، بەڵام عەزیزە سالم توانی ئەم خزمەتگوزارییانە بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی خۆی و دەیان ژن بدات و دەربارەی کێشە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە ژنانەوە، کۆمەڵەیەکی تایبەتی خۆی لە یەکێک لەو ناوچانە دامەزراند کە زۆرترین دانیشتوانی تێدایە.

عەزیزە سالم بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٧ ساڵە وەک چالاکوانێکی فێمینیست و کۆمەڵایەتی کار دەکات و چەندین پۆستی بەڕێوەبردنی هەیە لە دامەزراوە جیاوازەکان کە پەیوەندییان بە یارمەتیدانی ژنان و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری بۆیان هەیە، عەزیزە سالم ئاماژەی بەوەکرد، باوەڕی بە گرنگی کاری کۆمەڵایەتی هەیە و یارمەتی دەیان ژنی داوە بەسەر قەیرانەکانیاندا زاڵ بن.

 

داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان وایکرد بڕیاری یارمەتی ژنانی ناوچەکەی بدات

سەبارەت بە هۆکاری بەشداریکردنی لەو بوارەدا، عەزیزە سالم ئاماژەی بەوەکرد، ئەو لە ناوچەیەکی پەراوێزخراو لە خێزانێکی بەدویە لەدایکبووە کە لەلایەن داب و نەریتەکانی هۆزەوە بەڕێوە دەبرێت و چەندین کێشەی هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە ئەو خزمەتگوزارییانە بەدەستبهێنێت کە شایستەی ئەوەن بۆ تێپەڕاندنی، وەک بەهێزکردنی ئابووری، چاودێری دەروونی و هۆشیاری مافی مرۆڤ، بۆیە هەزاران میل ڕۆیشت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و بڕیاریدا یارمەتی هەموو ژنانی ناوچەکەی بدات.

بۆ ئەو مەبەستە چەندین کۆرسی هۆشیاری وەرگرت، تا ئەو کاتەی دەرفەتی ئەوەی هەبوو ببێت بە ڕێکخەری پڕۆژە بە ناونیشانی "ڕێگای منداڵ بۆ منداڵ"، کە تێیدا دەستکەوتێکی گرنگی بەدەستهێنا بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەدا، هەروەها چەندین ڕاهێنانی وەرگرتووە لە بواری جێندەر و پەیوەندی و نووسین و ڕاپۆرتی پڕۆژە و ڕاپۆرتی کارگێڕی و دارایی بۆ دامەزراوەکان و چۆنیەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ بەخشەرەکان و قایلکردنیان بە پڕۆژەکە.

عەزیزە سالم لە قۆناغی بەدەستهێنانی ڕاهێنانەوە ڕۆیشت بۆ قۆناغی ڕاهێنان لە زۆر بواردا و ئەمەش کاریگەری لەسەر ژنانی ناوچەکە دروستکرد، بە تایبەتی ئەو ژنانەی ئەو باوەڕی بە گرنگی بەردەوامبوونی خوێندنیان هەبوو، هەروەها ئەو ژنانەی کە بە چەمکی بەشداریکردنی سیاسی ژنان ناسێنرابوون، ئاماژەی بەوە کرد لەو ماوەیەدا کاری کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵی تێکەڵ کرد بۆ ئەوەی بتوانێت پشتگیری خێزانەکەی بکات.

 

"کۆمەڵەی نیبراس توندوتیژییەکانی کەمکردووەتەوە"

عەزیزە سالم چەندین خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و کولتووری و فریاگوزاری و گەشەپێدانی بۆ ژنانی ناوچەکەی دابین کردووە و بەدرێژایی چەندین ساڵ لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵەی "نیبراس" گەشەی پێداوە، کە لە یەکەم ساتی دامەزراندنیەوە هەوڵی بەدەستهێنانی بەهێزکردنی ئابووری بۆ ژنان دەدا لە ڕێگەی فێرکردنی پیشەی جۆراوجۆری دەستی و کەلەپوور، جگە لە دابینکردنی دەرفەتی کار لە پڕۆژە بچووکەکاندا، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ژنان لە ناوچەکە بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن و بە شێوەیەکی سەرەکی بەرپرسن لە دابینکردنی خواردن و خواردنەوە بۆ منداڵەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی وۆرکشۆپەکانی هۆشیاری کە لەلایەن کۆمەڵەکەوە دابینکراوە، ڕێژەی توندوتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، چونکە ژنان بە باشی ئاگاداری ماف و ئەرکەکانیان بوون، هەروەها تێڕوانینی کۆمەڵگەیان بەرامبەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت گۆڕیوە، لە ڕابردوودا ئەوانەی کە کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەبوو ژووریان لەسەر دادەخست و نەیاندە برد بۆ بینینی ڕووناکی ڕۆژهەروەها بوونی ئەویان ئاشکرا نەدەکرد وەک ئەوەی تاوانێک بێت، لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەو کچانە دەنێردرێن بۆ کۆمەڵەکە بۆ وەرگرتنی پاڵپشتی دەروونی و بەهێزکردنی ئابووری.

 

"ژنان گرنگی بەشدارییان لە چالاکییەکاندا بۆ دەرکەوت"

تیشکی خستەسەر ڕوونکردنەوەی چەمکی بەشداریکردنی سیاسی، کە لە ئامادەبوونی وۆرکشۆپەکانی ڕاهێنانەوە دەست پێدەکات بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان، بۆ داواکردنی لایەنەکان بۆ بەشداریکردنیان لە پۆستەکانی بڕیاردان، وتیشی: لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەکەدا، ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان بەو شێوەیە نەبوو کە ئێستا هەیە، بەڵکو بچووک بوو، هەتا ئەو کاتەی ژنان خۆیان دەستیانکرد بە قسەکردن لەگەڵ یەکتر دەربارەی گرنگی بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا.