"بەهۆی کۆڕەوەوە ١٠ ساڵ ئاوارەی ئێران بووین"

سەبریە ڕەحیم ژنێکی دانیشتووی قەزای پێنجوێنە باس لە ڕووداو و نەهامەتیەکانی کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ بۆ ژنها دەکات، باس لەوەش دەکات بەهۆی کۆڕەوەوە ١٠ ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق-  لە پاش ڕاپەڕینی کوردانی باشوری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و وەدەرنانی ڕژێمی بەعسی عێراقی لە شار و گوندەکانی باشوری کوردستاندا، ئەو ئازادییەی کوردەکان زۆری نەخایاند، دوای ١٠ ڕۆژ و لە ٣١ی ئازاری ١٩٩١دا بۆ جارێکی تر ڕژێمی بەعس هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باشوری کوردستان، مەترسی هێرشەکان و کیمیابارانی هەڵەبجەش لە ساڵی ١٩٨٨دا بووە هۆکاری دروستبوونی کۆچ و ڕەوی خەڵکی باشوری کوردستان بەرەو باکوری کوردستان، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران.

 

سەبری ڕەحیم ژنێکی دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و دایکی ٥ منداڵە، باس لەو ئاوارەیی و نەهامەتییانە دەکات لە کاتی کۆڕەودا بەسەر خەڵکی باشوری کوردستان و خۆیدا هاتووە، هەروەها هۆکاری کۆچکردنیان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ستەمی ڕژێمی بەعس هێندە زۆر بووە ترساون لەوەی جارێکی تر کیمیاباران بکرێنەوە، بۆیە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و منداڵەکانیان بە ناچاری ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.

 

هەروەها سەبری باس لەوەش دەکات لەوکاتەدا ڕژێمی بەعس دەستی بە تۆپ باران و هێرشەکان کردووە، خۆی و خێزانەکەی لە نەسر بوون، بە ڕێگای قەزای سەیدسادقدا بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوارەبوون، چەندین ڕۆژ بە پێ ڕۆشتوون و دەچنە گوندی کانی پانکە و شەوێک لەوێ دەمێننەوە، دواتر کە ڕۆژ دەبێتەوە لە کەشوهەوایەکی سارد و باراناویدا بەڕێدەکەون و تا شەو بەڕێگاوە دەبن تا دەگەنە قەزای پێنجوێن، لەوێشەوە بۆ مەرزی کانیخان و دواتر بۆ گوندی گۆخڵان و لەوێوە دەچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سەبری باس لە سەختییەکانی ڕێگا دەکات و وەک خۆی دەڵێت: "لێمان شێوابوو، ڕەشوڕووت و هیچ خواردنێکمان پێنەبوو، منداڵەکانم وورد بوون و بە باوەش و بە کۆڵمانەوە هەڵمان دەگرتن".

ژنان بەهۆی دایکبوون و ئەو ئەرکەی لەسەر شانیان بوو زیاتر ڕووبەڕووی قورسی دەبوونەوە هەرلەو کۆڕەوەدا چەندین دیمەنی تراژیدیا هەبووە، یەکێک لەوانە دەبری باسی دەکات و دەڵێت: "ژن هەبوو لە ڕێگەدا منداڵی بە مردووی دەبوو، یاخود نەیدەتوانی هەڵیبگرێت بە ناچاری بەجێی دەهێشت، یان هەبوو منداڵەکەی لە باوەشیدا دەمرد و هەر لە سەر ڕێگەکەدا دەیناشت".

 

 وەک ئەو ژنە ئاوارەیە دەڵێت گەلی کورد لە باشوری کوردستان لە ساڵانی ١٩٩١ و لە پێشتریشدا هەر کۆڵ بەکۆڵ و دەربەدەر بووە، هەر ساڵی و لە شوێنێکدا خانوومان کردووەتەوە و جێمانهێشتووە.

 

پاش ئەوەی باشوری کوردستان ئازاد دەکرێت، سەبری و خێزانەکەی لە گوندی "ڕەشەدێ" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و بە بیستنی هەواڵەکە زۆر دڵخۆشدەبن، بەڵام  بەهۆی ئەوەی ماڵ و ژیانیان هەموو لەدەستداوە لە باشوردا بۆیە ماوەی ١٠ ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو گوندە دەمێننەوە، پاشان ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دەکەن و لە قەزای پێنجوێن نیشتەجێ دەبن.

 

ت.پ