زیندانیانی ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە: "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" دەچێتە هەفتەی ١٢٩هەمین

لە نێوان پەرەسەندنی لەسێدارەدان لە ئێران، کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لە سێدارەدان" هاتە ناو هەفتەی ١٢٩هەمین و زیندانیانی ٥٨ زیندان بەشدارییان کردو درێژەیان بە مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتیی خۆیان دا.

ناوەندی هەواڵ

 

کەمپینی بەردەوامی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" لەناو زیندانەکانی ئێراندا، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەی زیندانیان و دەسەڵاتدارانە لەسەر سزای لەسێدارەدان.

 

زیندانەکانی ئێران ١٤ی تەمووز، شاهیدی ١٢٩هەمین هەفتەی کەمپینی "سێشەممانی نا بۆ لە سێدارەدان" بوون کە لە یەک کاتدا لە ٥٨ زیندان لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوەچوو، ئەم کەمپەینە زیندانی ”بروجن”یش بەشداریی کرد کە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان دژ بە سزای لەسێدارەدان لەناو دامەزراوە سزاکانی ئێراندا بوو.

 

ڕێکخەرانی کەمپەینەکە لە ڕاگەیاندراوەکەدا، پشتڕاستیان کردەوە، کە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شایەتی هەڵکشانێکی بێ وێنە بووە، لەوەتەی حکومەتی مەسعوود بزشكيان، سەرۆک کۆماری ئێران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، لانیکەم ٣٨٨٨ کەس لە سێدارە دراون، کە ئەمەشیان بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە سیاسەتی بەکارهێنانی لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێناسە کردووە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە زیندانەکانی ئێران شاهیدی "شەڕێکی نایەکسان"ن لە نێوان زیندانیان و دەسەڵاتداران، وەک ئەوەی باسی لێوە کراوە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی گەل پەنا بۆ چڕکردنەوەی لەسێدارەدان دەبەن، لە هەمان کاتدا گرژی و شەڕە دەرەکییەکان دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پاساو بۆ توندکردنەوەی دەستە ئەمنییەکانیان لە ناوخۆدا بهێننەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەفتەی ڕابردوو لەسێدارەدانی ژنە زیندانییەکی تەمەن ٥٢ ساڵ لە زیندانی عادل ئاباد لە شیراز، لە چوارچێوەی بەردەوامی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەناو زیندانەکانی ئێراندا.

 

هەروەها نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی سزاکانی دادگا دژی ئەو کەسانەی لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا دەستگیرکراون و پشتڕاستی کردووەتەوە کە تا ئێستا دەیان دەستگیرکراو لەسێدارە دراون، هاوکات زیاتر لە سەد زیندانی سیاسی دیکەش ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەسێدارەدان دەبنەوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ١٢ تۆمەتباردا کراوە لە دۆسیەی ناسراو بە “کەیسی مەیدانی عەلیخانی لە ئیسفەهان”، هەندێکیان زیاتر لە جارێک سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها سێ کەسیان لە کاتی دەستگیرکردنیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، کە کەمپەینەکە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی زانیوە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەوانەی سزادراون بریتین لە عەلی ڕەزا سپاهی (چوار جار)، ئەبو فەزل سپاهی (سێ جار)، عەلی ڕەزا ڕەئیسی، قائم حوسێنی، هەر دوو محەمەد محەمەدی (هەریەکەیان دوو جار)، جگە لە ئەمیر حوسێن سەفاری، ئەمیر حوسێن مەلەکی، عەلی دەشتی، ئەمیر حوسێن ئیبراهیمی ئانالوجە، شەروینباقریان، عیرفان ئیسفەندیاری، ئەبو فازل ئیبراهیمی، کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

 

سەبارەت بە بارودۆخی زیندانەکان، کەمپینەکە ئەوەی شەرمەزارکرد کە بە هێرشی پاسەوانانی زیندانی ئێڤین لە ٢١ی تەمووزدا بۆ سەر باڵی زیندانیانی سیاسی ژنان پێناسەی کرد، کە ئەمەش دوابەدوای ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە زیادبوونی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو باڵە، ئەم ڕووداوەی بە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە لە دژی ژنانی زیندانی زانی.

 

هەروەها لە کەمپەینەکەدا، باس لەوە کراوە، کە زیندانیانی بەندی ٢ی زیندانی قەزلحسار دەستیان بە مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە، دوای ئەوەی شەش کەس لە هاوزیندانەکانیان بۆ ژووری تاکەکەسی وەک ئامادەکارییەک بۆ لەسێدارەدانیان گواستراونەتەوە.

 

هەروەها ناڕەزایەتییەکی پێشووی هەمان زیندانی وەبیرهێنایەوە کاتێک نزیکەی ١٥٠٠ زیندانی بۆ ماوەی هەفتەیەک مانگرتنیان لە خواردن ئەنجامدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی چەند هاوزیندانێکیان، بەگوێرەی ئەو کەمپینە، ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە دۆسیەی ماددەی هۆشبەردا سزادراون، لەگەڵ کارگێڕی زیندان کە بەڵێنیدا پێداچوونەوە بەو دۆسیانەدا بکات.

 

کەمپەینەکە پشتڕاستی کردەوە، کە بەشداربووانی بۆ ١٢٩هەمین هەفتەی لەسەریەک هەموو سێشەممەیەک بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردنی هەفتانەیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی بەردەوام، کە ئەم کردەوانە بەشێکن لەوەی کە بە بەرگریکردن لە مافی ژیان و دژایەتیکردنی سیاسەتی لەسێدارەدان پێناسە دەکات.

 

کەمپینەکە داوای له ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووه چاودێری بارودۆخی ئه و زیندانیانه بکەن که سزای لەسێدارەدانیان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی لە پەیوەندی بە نارەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمەوه دەستگیرکراون، هۆشداریشیدا له ئەگەری ئەنجامدانی لەسێدارەدان بەرامبەر به شێکیان لە ماوەی داهاتوودا.

 

کەمپینەکە ئەم هەفتەیە ٥٨ زیندان لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێران لەخۆگرتبوو، لەوانە ئێڤین، قەزلحسار، کەرەج، فەردیس، تارانی گەورە، قەرتشاک، عادل ئاباد لە شیراز، سپیدار و شیبان لە ئەهواز، زاهیدان، مەشهەد، تەبرێز، ورمێ، سنە و کرمان، لەگەڵ دەیان زیندانی دیکە، لە کاتێکدا زیندانی ”بروجن” تۆمارکرا یەکەم بەشداریکردنی لە کەمپینەکەدا.