تولای حاتەم ئۆغوللاری: کات کاتی چارەسەریی و بونیادنانی ئاشتی ناوخۆییە

تولای حاتەم ئۆغوللاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی قۆناغێکی گرنگە بۆ گۆڕانکاری و وتی: لەم قۆناغەدا کە پرسی کورد چووەتە قۆناغێکی نوێوە، سیاسەت بە میکانیزمەکانی پێشوو بەڕێوە ناچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" پێنجەمین کۆنگرەی گشتیی ئاسایی خۆی لە ناوەندی کەلتووری نازم حیكمەت لە ناوچەی یەنیماهالی ئەنقەرە ئەنجام دا. لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا چەندین ئەندام بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. لە هۆڵی کۆنگرەکەدا، پانکارت بە نووسینی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەڵواسراوە. دایکانی ئاشتی، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئۆچار و کەسکین بایندەر، وتەبێژی پلاتفۆرمی پشتگیریی سۆسیالیستەکان (سۆداپ)  کەزبان کۆنۆکچو، سەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی سۆسیالیست (سەیەکەپە) مەردجان تیتیز، سەرۆکی گشتیی پارتی شۆڕشگێڕی یەکگرتوو ئەلیف تۆرون، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز ئەحمەد ئەسەنا، وتەبێژی دەستپێشخەری یەکێتیی دیموکراتیک گوڵجان کاچماز سایگیت و ئەندام و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد.

 

لە کۆنگرەکەدا سەرەتا دیوان هەڵبژێردرا. دوای دیاریکردنی دیوانەکە، خولەکێک ڕیز لە شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی گیرا. لە ڕێزگرتنەکەدا درووشمی 'شەهید نامرن' بەرزکرایەوە.

 

پاشان تولای حاتەم ئۆغوللاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی قسەی کردو لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بە ملانێ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و ئەو بودجانەی کە بۆ شەڕ خەرج دەکرێن و وتی: هێزە ئیمپریالیستەکان دەیانەوێت بە شەڕوپێکدادان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دیزاین بکەنەوە. بودجەی شەڕ لە زیادبووندایە و جیهان لە ژێر مەترسیی ئەتۆمدایە. سووریا هێشتا لە هەوڵی دووبارە بونیاتنانەوەیدایە. ڕۆژئاوا بە دەستکەوتی نوێوە ڕێگەی خۆی درێژە پێ دەدات. جیهان لە ژێر کاریگەریی نەژادپەرەستی داگیرکارییدایە. تورکیاش لەم گۆڕانکارییانە دوور نییە. ئەو شەڕە کاریگەری لەسەر تورکیاش هەیە. لە ئەم دۆخانەدا گونجاوترین ڕزگاری، ئاشتیی ناوخۆیییە. پرسی سەد ساڵەی کورد بۆ ئەوەی چارەسەر بێت، دەبێت ئەو دەرفەتانە بە باشی بەکاربهێنن. تورکیا ناتوانێت ئەم بابەتە دوابخات و ناچارە چارەسەری بکات.

 

لە بەردەوامیدا تولای حاتەم ئۆغوللاری ئەوەی خستە ڕوو، دیموکراتیزەکردنی کۆمار بە تێکۆشانێکی هاوبەش دەکرێت و وتی: "ئێمە هەمیشە لە پاڵ داواکارییەکانی عەلەوییەکاندا بووین. هاووڵاتیبوونی یەکسان بە شێوەیەکی مەبەستدار بۆ کورد، بۆ عەلەوییەکان و هەموو هاووڵاتییانە. بە ئەوانەش کە ڕەخنە لە پرۆسەکە دەگرن دەڵێین؛ با پێکەوە ئاشتی بونیات بنێین و یەکتری بە تەنیا جێ نەهێڵین. ئەگەر بەو شێوەیە بکەین، دەتوانین ئاشتی مسۆگەر بکەین. بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە تێکۆشانێکی هاوبەشی درێژخایەن دەکرێت. بە یەکگرتن سەرکەوتوو دەبین. ئەم کۆنگرەیەی ئێمەش کۆنگرەی دەستپێک و بانگهێشتە. ئێمە ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکی نوێ دەکەین. ئێمە بۆ بونیاتنانێکی دیموکراتیک ئامادەین. ڕەنگە ناڕەزایەتی هەبن، پڕۆڤاکسیۆنیش دەربکەون و باوەڕیش لاواز ببێت. بەڵام ئەرکی ئێمەش لێرەوە دەست پێ دەکات. پرسی سەد ساڵە لە ڕۆژێکدا چارەسەر نابێت. دەبێت ئەم کاتە بە باشی بەکاربهێنین.

 

تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆتای قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، بە ئەزموونەکانی ڕابردوو خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە ئامادە دەکەن و وتی: نەک بۆ دووبارەکردنەوەی خۆمان، بەڵکوو بۆ نوێکردنەوەی خۆمان لێرەین. هەرچەندە خۆمان نوێ بکەینەوە، دەتوانین ببینە بەربژێر بۆ بونیاتنانەی بەڕێوەبەرییەکی دیموکراتیک. بە گۆڕانکاری ئێمە بۆ بەڕێوەبردن، بۆ بونیاتنانێکی دادپەروەر، یەکسان، ئازاد و دیموکراتیک ئامادەین. لە کاتێکدا کۆمەڵگە دەگۆڕێت، وەک پارت ناتوانین وەک جاران بمێنینەوە. لەگەڵ گۆڕینی زمانی ئاشتیدا، ناتوانین زمانی ڕابردوو بەکاربهێنین. لە سەردەمێکدا کە پرسی کورد دەچێتە قۆناغێکی جیاوازەوە، ناتوانین سیاسەت بە ئامرازەکانی ڕابردوو بەڕێوە ببەین. دەزانین کە سەردەمێکی ئاسان لە پێشماندا نییە. پرۆسەی ئاشتی پڕە لە بەربەست، پێویستی بە تێکۆشان و ڕەنجدان هەیە.