زیاتر لە ٨٥٠ هاوڵاتى کامپی هۆل دەگەڕێنەوە بۆ عێراق

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە هاوکارى ئیدارەى کامپی هۆل ٢٣٣ خێزان، کە لە ٨٥٤ هاوڵاتى عێراقی پێکهاتبوون، کامپەکەیان جێهێشت و بەرەوە عێراق گەڕانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی هاوار سەبارەت بە گەڕانەوە سەدان هاوڵاتى عێراق لە کامپی هۆلەوە و هەروەها هەوڵەکان بۆ داخستنى کامپەکە، زانیارى نوێی بڵاوکردەوەو وتی: لە چوارچێوەی پرۆسەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لیژنەی ئەمنی و لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، ئەمڕۆ کاروانێکى نوێی لە خێزانە عێراقییەکانی نیشتەجێی کامپی هۆل گەڕاندەوە وڵاتەکەیان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کاروانە لە ٢٣٣ خێزان، کە لە ٨٥٤ کەس پێکهاتبووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە ١٢مین کاروانى عێراقییەکانە کە لە کامپەکە دەگەڕێندرێتەوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش، گەشتەکان بۆ هاوڵاتیانى عێراقی کامپی هۆل ڕێکدەخات، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

کامپی هۆل دەیان هەزار ژن و منداڵی چەتەکانى داعشی عەرەب و بیانی تێدایە، زۆرجار وەك بۆمبێکی کاتیی وەسف دەکرێت، هۆشدارییە دووبارەکان بەردەوام دەدرێت سەبارەت بەو مەترسیانەی کە لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی درووستی دەکەن.