لە ئەڵمانیا هەڵمەتێک دژی کۆمەڵکوژی ژنان ڕاگەیاندرا
یەژەکە-ئەڵمانیا و کۆن-مەد دژی کۆمەڵکوژی بە دروشمی ”دژی کۆمەڵکوژیی ژنان و زیهنیەتی پیاوسالاری، تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی خۆمان فراوان دەکەین" هەڵمەتێکیان دەستپێکرد و ڕایانگەیاند، تا ژنان ئازاد نەبن، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت.
ناوەندی هەواڵ
دوێنی لە ئەڵمانیا یەکێتیی ژنانی کوردی ئەڵمانیا "یەژەکە-ئەڵمانیا" و کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگە دیموکراتیکەکانی کوردستانیانی ئەڵمانیا "کۆن-مەد" دژی توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان و کۆمەڵکوژیی ژنان، لە ١ـی تشرینی دووەمەوە تا ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕەنجدەر، هەڵمەتێکی تێکۆشانیان ڕاگەیاند و لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
هەڵمەتەکە بە درووشمی، “ئێمە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان و زیهنیەتی پیاوسالاری، تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی خۆمان فراوان دەکەین” بڵاو کرایەوە و ڕایانگەیاند، ئێمە وەک کۆن-مەد و یەژەکە-ئەڵمانیا، ئێمە هەڵمەتێکی تێکۆشان دەست پێ دەکەین کە لە ١ـی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕەنجەر بەردەوام دەبێت. بەم هەڵمەتە دەمانەوێت سەرنج بخەینە سەر هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ژنان، کۆمەڵکوژیی ژنان و زیهنیەتی پیاوسالاری.
وتیشیان: وەک کۆن-مەد و یەژەکە-ئەڵمانیا پێمان وایە نابێت توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان تەنها پاش ئەنجامدانی تاوان و کوشتن بکرێتە ڕۆژەڤ، دەبێت هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان کە بوونەتە هۆی توندوتیژی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، فکری خێزانی دیموکراتیک پەرەی پێ بدرێت، یەکسانی لە ناو خێزاندا بەهێز بکرێت، منداڵان لەسەر بنەمای یەکسانیی ڕەگەزی پەروەردە بکرێن و ژنان لە گۆڕەپانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییدا بە شێوەیەکی ئازاد بەشدار بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا دەکەین لە ئەڵمانیا میکانیزمەکانی پاراستنی ژنان بەهێز بکرێن، ماڵەکانی ژیان و ناوەندەکانی پشتیوانی پشتیوانییان لێ بکرێت، داواکاری و سەردانی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە یان لە ژێر مەترسی و هەڕەشەی توندوتیژیدان بە هەستیارییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنی ژنان هەنگاوی کاریگەر بنرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین کە تا ژنان ئازاد نەبن، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت، ژن، ژیان، ئازادی.