زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هێرش بۆ سەر کاروانی ئاوارە لە ڕۆژئاوای یەمەن کوژران
سەرچاوە پزیشکی و مەیدانییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی حوسییەکان کاروانێکی ئاوارەیان لە ڕێگای عەدەن کردە ئامانج، زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. ژمارەیەک بریندار بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە گواستراونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
پێشێلکارییەکانی حوسییەکان لە دژی خەڵکی سڤیل لە یەمەن بەربڵاو و سیستماتیکن، لەوانە کوشتنی ڕاستەوخۆ، تۆپبارانی بێ جیاوازی، دامەزراندنی زۆرەملێی منداڵان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و بە سەربازیکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان، کە هەموو ئەمانە پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانیان پێکدەهێنن.
سەرچاوە پزیشکی و مەیدانییەکان دوێنێ ١٠ی ئەیلوول بڵاویانکردەوە، حوسییەکان کاروانێکی مەدەنییان کردە ئامانج کە دەیان خێزانی ئاوارەی شاری حەیس، خۆخا و مۆچایان هەڵگرتبوو، کاتێک بەرەو عەدەن دەڕۆیشتن، لە ئەنجامی هێرشەکە ئاگرکەوتەوە کە نزیکەی ١٥ ئۆتۆمبێلی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرنشینەکانیش گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان ١٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هاوکات دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، هەندێکیان باری تەندروستییان سەختە، ژمارەیەک لە بریندارەکان بەمەبەستی چارەسەرکردن بۆ نەخۆشخانەکانی عەدەن گواستراونەتەوە، هاوکات تیمە پزیشکییەکان بەردەوامن لە چارەسەرکردنی پاشهاتەکانی هێرشەکە و کۆکردنەوەی ژمارەی تەواوی قوربانییەکان.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا پەرەی سەندووەو بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و ڕێگاکانی گواستنەوە زیاتر دەبێت، هەروەها ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی مەودای ئۆپەراسیۆنەکانە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە.