خوێندکارانی خوێندنگەکانی جزیرە دژی سنووردارکردنی زمانی کوردی کاردانەوەیان نیشاندا
خوێندکارانی خوێندنگەکانی شاری قامیشۆ و حەسەکە دژی بڕیاری حکومەتی کاتی کە زمانی کوردی بە سێ وانە سنووردار دەکات، چالاکییەکیان ئەنجام دا و دەڵێن: تا زمانی کوردی نەبێتە زمانی فەرمی دووەم ناچینە قوتابخانە.
ناوەندی هەواڵ
خوێندکارانی خویندنگەکانی زەت-نیتاقین و تەلەب-عەزاوی لە پارێزگای حەسەکە و خوێندنگەی ش. ژیر قامیشلۆ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئای کوردستان، بەهۆی بڕیاری حکومەتی کاتی سووریا سەبارەت بە سنووردارکردنی زمانی کوردی بە سێ وانە، هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە، کە تاوەکو زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر نەکرێت و وەک زمانی دووەم لە سووریادا نەناسێنرێت، ئەوان ناچنە قوتابخانە.
هەردوو قوتابخانە پەڕتوکەکانی زمانی کوردییان بەرز کردەوە، هەروەها لە چالاکیی ناڕەزایەتی لە شاری قامیشلۆ لە قوتابخانەی ش. ژیر قامیشلۆ ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە و تێیدا هات: ئێمە وەک قوتابیانی قوتابخانەی شەهید ژیر لە قامیشلۆ، هەروەها وەک پاڵەوان و گەنجە خۆڕاگرەکانی کۆمەڵگە، دژی ئەو بڕیارە دەوەستینەوە کە سەبارەت بە زمانی کوردی دەرچووە و ئەم بڕیارە ڕەت دەکەینەوە؛ چونکە ئەمە بڕیارێکی بێماف، بێدادپەروەری، بێڕێز و نایەکسانە بەرامبەر بە گەلی کورد.
”ئەم بڕیارە بێدادپەروەری و نایەکسانییە”
لە ڕاگەیاندراوەکەدا وا وترا: بەم بڕیارە نیشانی دەدەن کە دەنگی قوتابیان نابیسن، مافەکانیان ناپارێزن و پێداویستییەکانیان نابینن، ئێمە دژی پەروەردە بە زمانی بیانی نیین، بەڵکو دژی کەمکردنەوەی ماف و زمانی خۆمانین، چونکە زمان تەنها ئامرازێکی ئاخافتن نییە، بەڵکو دەنگ، بیر، فەرهەنگ و ناسنامەی ئێمەیە.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم پرسیارانە ئاراستە کران: ئایا بە سێ وانە لە هەفتەیەکدا پەروەردە چۆن دەبێت یان کولتوور و ناسنامەی ئێمە چۆن دەپارێزرێت؟ ئێمە هەرگیز قەبووڵ ناکەین زمانی ئێمە لە هەفتەیەکدا بە سێ وانە سنووردار بکرێت، ئێمە مافێکی تایبەت بۆ خۆمان ناخواسین، تەنها زمانی خۆمان دەوێت، ئەمڕۆ ئێمە نەک هەر لەبەر دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لە لێرەین، بەڵکو لەبەر گەورەترین کێشەی گەلی کورد لێرەین.
"زمانی دایک نابێتە زمانی هەڵبژاردەیی”
ڕاگەیاندراوەکە بەم وتانە کۆتایی هات: ێێمە دژی هیچ کەسێک نیین، بەڵکو دژی بێدادپەروەرییەکین، ئێمە دژی هیچ زمانێک نیین، بەڵکو پارێزەری زمانی خۆمانین، لەبەر ئەوە ئێمە وەک قوتابیانی قوتابخانەی شەهید ژیری قامیشلۆ دژی ئەم بڕیارەین، چونکە نابێت زمانی دایکی ئێمە ببێتە زمانێکی هەڵبژاردەیی، دەبێت ئەو ببێتە زمانی فەرمی دووەم لە سووریا، لە پاڵ زمانی عەرەبیدا بێت و قوتابیان بەو شێوەیە پەروەردەی خۆیان وەربگرن، دەبێت ماف و رەنجی قوتابیانی کورد کە بە ساڵانە لە پێناو زمانی خۆیاندا تێکۆشاون، بپارێزرێن.
خوێندکارانی خوێندگەکانی ش. ژیر قامیشلۆ دروشمەکانی "بێ زمان ژیان نابێت"، "زمانی ئێمە کوردییە، مافی ئێمە دەستوورییە" و "دەربکەون، نەترسن، زمانی خۆتان بێوێن (بخوازن)"یان بەرز کردەوە.