ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق بەرزبووەتەوە

ڕێكخراوی‌ گشتی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری‌ دا لەوەی‌ عێراق نزیکە لەوەی ببێتە ناوەندێكی ناوچەیی بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان، چونکە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە عێراق ڕێژەی بازرگانی كردن و بەكارهێنانی ماددەى هۆشبەر بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی‌ گشتی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی زۆربوونی بەكارهێنان و بازرگانی كردن بە ماددەى هۆشبەر و مەترسییەكانی لە سەر عێراق ڕاپۆرتێكی‌ بڵاو كردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەكە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بەسەر ٢٤ ملیۆن لە جۆرە حەبێکدا گرتووە، كە كێشیان زیاتر لە ٤.١ تۆن بووە و بەهاكەی بەگشتی لەنێوان ٨٤ بۆ ١٤٤ ملیۆن دۆلار بووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداریان داوە لەوەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا عێراق خەریکە دەبێتە بۆ ناوەندێكی گرنگی بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان.

 

باس لەوەکرا، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا بازرگانی كردن و بەكارهێنانی ماددەى هۆشبەر بەرزبووەتەوە، هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دەستبەسەردا گرتنی جۆرە حەبێک نزیكەی سێ هێندە زیادیكردووە، ساڵی ڕابردوو ٣٤ هێندە لە چاو ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر بووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ٨٢%ی جۆرە حەبێک لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ لە ناوچەكە دەستی بەسەردا گیراوە، لە سووریاوە هاتووە، لە دوای ئەویش لوبنان بە ڕێژەی لە ١٧%، و سەرچاوەی سەرەكی ئەو ماددەیە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و بەتایبەت ئەفغانستانە، هەروەها لەم دواییانەدا حكومەتەكانی وڵاتانی ناوچەكە هەوڵەكانیان چڕتر كردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان.

 

ڕۆژی ٢٢ی تەمووز، عێراق میوانداری كۆنفڕانسێكی كرد، كە تێیدا وەزیر و بەرپرسانی وڵاتانی هەرێمی و عەرەبی بەشداریان كرد، بە ئامانجی پتەوكردنی هاریكاری هاوبەش لە بواری كۆنتڕۆڵكردنی ماددە هۆشبەرەكان.

 

لەكۆنفرانسەكەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانان و بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرئامادەی هاوکاریکردنە، لە كۆتاییدا، بەشداربووانی كۆنفرانسەكە پێشنیاریان كرد، میكانیزمەكانی كاركردنی‌ پێكەوەیی بەهێز بكرێت و بنەمای یەكگرتن لە كاری ئەمنیدا پەسەند بكرێت.