ژنی کورد؛ مەشخەڵی ڕێگای ئاشتی
ژنانی کورد مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشانیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و بنبڕکردنی ململانێکان، لە ڕووی مێژووییەوە، خەباتی ڕێکخراوی و چالاکییە بەرچاوەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان بە درێژایی چەندین دەیە درێژەی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
ژنی کورد لە مێژووی خەبات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، هەمیشە هێزی بزوێنەر بووە لە بەرگریکردن لە خاک و لە هەمان کاتدا پارێزەری سەرەکیی ئاشتی، پێکەوەژیان و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی ژنی کورد لە چەمکی ئاشتیدا دەکرێت لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا پوخت بکرێتەوە:
-ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی: لەناو خێزان و کۆمەڵگەی کوردیدا، ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە خاوکردنەوەی گرژییەکان، چارەسەرکردنی ناکۆکییە خێزانی و هۆزایەتییەکان، و چاندنی تۆوی لێبووردەیی.
-پەروەردەکردنی نەوەی ئاشتیخواز: ژنان و دایکان بە گواستنەوەی کولتوور، مێژوو و بەها مرۆڤدۆستییەکان بۆ منداڵەکانیان، بناغەی نەوەیەکی دوور لە توندوتیژی دادەڕێژن.
-خەبات بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە: ژنی کورد لە پێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و مرۆڤییەکانیدا تێکۆشاوە. لە جیهانیشدا وەک هێمای ئازایەتی دەناسرێت، بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر (وەک بەرگریی لە دژی داعش) بۆ پاراستنی ئاشتی و ژیانی مەدەنی.
-پاراستنی ژینگە و کولتوور: پاراستنی سروشت، جلوبەرگ و هونەری کوردی لەلایەن ژنانەوە بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی ناسنامە و ئاشتیی کولتووری.
وەرچەرخانەکانی خەباتی ژنان بریتین لە:
سەرەتای دروستبوونی ڕێکخراوەکان لە باشووری کوردستان و عێراق: لەکاتی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن، ژنانی کورد، خەباتیان دەستپێکردو لە شاخ بوونە پیشمەرگەو لە شاریش بەسداری سیاسەت بوون لەدوای ڕاپەڕین و سەرەتای نەوەدەکانەوە، ژنان دەستیان بە چالاکی مەدەنی کرد و هەوڵیاندا ڕۆڵیان هەبێت لە پرۆسەی ئاشتیی ناوخۆیی و ڕێگریکردن لە شەڕی ناوخۆ، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠کانەوە، گرووپەکانی ژنانی ئاشتیخواز چەندین ڕێپێوانی مەدەنی و درێژخایەنیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان (وەک هێڵکاری لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر) ئەنجامداوە بۆ داواکردنی ئاشتەوایی نیشتمانی.
خەباتی ژنان بۆ ئاشتی لە باکووری کوردستان: ژنی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی لە چوارچێوەی "بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی" (Barış Anneleri) لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە لە ساڵی ١٩٩٦، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە تێدەکۆشن؛ کە دەکاتە زیاتر لە ٣٠ ساڵ چالاکی و هەوڵی بەردەوام، هەوڵەکانی ژنانی کورد لەو پێناوەدا بە کورتی لە چەند خاڵێکدا پوخت دەکرێنەوە وەک: سەرکردایەتیکردنی ئاشتی، لەسەر ئاستی سیاسی و پەرلەمانیش، ژنانی کورد (وەک پەروین بوڵدان، لەیلا زانا و ئەوانی تر) ڕۆڵێکی سەرەکییان لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی و دانوستانەکاندا بینیوە، شێوازەکانی خەبات: داواکارییەکان بە خۆپیشاندان، دروستکردنی کەمپی ئاشتی، سەردانی لێپرسراوان، و هەروەها نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەچووە، هێماکانیان: لە ڕێگەی پۆشینی لەچکی سپی (وەک هێمای ئاشتی) لەسەر شەقامەکان گوزارشت لە ئازارەکانیان دەکەن و داوای وەستاندنی خوێنڕشتن دەکەن، ئێستاش بۆ بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ژنان ئەرکی سەرخستنی پرۆسەکەیان خستووەتە سەر شانی خۆیان.
خەباتی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کۆردستان و ئێران: ژنانی کورد لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، زیاتر لە ٤٥ ساڵە، لەدوای شۆڕشی ١٩٧٩وە بە شێوەیەکی بەردەوام لە خەباتدان بۆ دادپەروەری و ئاشتی. ئەم تێکۆشانە بە دروشم و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" پەرەی سەندووە و تەنها داوای مافی ژنان ناکات، بەڵکو بزووتنەوەیەکە بۆ ئازادیی کۆمەڵگە، خەباتی ژنانی کورد بۆ ئاشتی و مافەکانیان بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، سەرەتای دامەزراندنی کۆماری کوردستان ١٩٤٦، ژنانی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتییان کرد و دەنگیان بۆ یەکسانی و مافە نەتەوەییەکان بەرزکردەوە.، شۆڕشی ١٩٧٩ و سەرهەڵدانی نوێ: لەدوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ژنانی کورد لەگەڵ یەکەمین ناڕەزایەتییەکاندا دژی زۆرملێیی و پێشێلکارییەکان وەستانەوە و داوای ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینیان کرد، شۆڕشی ژینا (٢٠٢٢): لەگەڵ شەهیدبوونی "ژینا ئەمینی" کە کوردی شاری سەقز بوو، شۆڕشێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستیپێکرد. ژنانی کورد بوونە پێشەنگی گۆڕانکاری و خەباتی مەدەنی بۆ ئاشتی و لابردنی ستەم و تا ئێستاش ئەم شۆڕشە بەردەوامی هەیە.
خەباتی ژنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا: ژنی کورد بەدرێژایی زوڵم و ستەم خەباتی بۆ ئاشتی کردووەو زۆربەی کات خەباتەکان نهێنی بوون، لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا زیاتر لە ١٥ ساڵە، بەتایبەت لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە، بە شێوەیەکی فەرمی و ڕێکخراوەیی لە ڕێگەی دامەزراوەکان و تەڤگەرەکانەوە کار بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی نەتەوەکان دەکەن، ئەو هەوڵانە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا چڕ بوونەتەوە، بەشداری لە بڕیارە سیاسییەکان، ژنان پێداگرن لەسەر ئەوەی بەبێ پێشەنگایەتی و بەشداریی ژنان، سەقامگیری لە سووریادا سەرکەوتوو نابێت، پێکەوەژیانی گەلان، لە ڕێگەی کۆنفرانس و چالاکییە جیاوازەکانەوە، ژنانی کورد پێکەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک عەرەب و سریان کار بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و هێنانەدی ئاستییەکی هەمیشەیی دەکەن، دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی، شاندە ژنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ ناساندنی سیستمی خۆبەڕیوەبەری و مسۆگەرکردنی ئاشتی دەکەن.
خەباتی هاوچەرخ و نێودەوڵەتی: لە سەرانسەری کوردستان و تەنانەت لە ئەوروپاش، ژنانی کورد لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانی ژناندا (وەک پلاتفۆرمی ژنانی کوردو تەڤگەرەکانی دیکە بەردەوامن لە فشار دروستکردن بۆ پرۆسەکانی ئاشتی.
کاریگەری و پێگەی ژنانی کورد لە ڕێگەی وتاری "بێ ئازادی ژنان ئاشتی نایەتەدی" بەڕوونی دەردەکەوێت، ئەوان بە درێژایی مێژوو هەم زیانبەرکەوتووی جەنگ بوون و هەمیش هێزی سەرەکی بوون لە ساڕێژکردنی برینەکان و چەسپاندنی پێکەوەژیان.