ژنێکی فەڵەستینی بە گوماناوی لە دهۆک گیانی لەدەستدا

ژنێکی فەڵەستینی کە لە دهۆک کاری دەکرد، بە شێوەیەکی گوماناویی سووتاو گیانی لەدەستدا، تا ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی دەربارەی ڕووداوەکە نەخستووەتەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان وەک کوشتن ڕێژەکەی لە زیادبووندایە، بە جۆرێک بووەتە هەواڵی ڕۆژانە و عەقڵیەتی پیاوسالاری کە هەمیشە خواستی پەراوێزخستن و قبوڵ نەکردنی ژنی هەیە، بۆ ئەوەی تاوانی کوشتنی ژنان بەسەر پیاواندا نەسەپێندرێت و پێی سزا نەدرێن، پەنا دەباتە بە گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان، بەم جۆرە خۆیان لە یاسا دەرباز دەکەن.

 

گرتەیەکی ڤێدیۆیی بڵاوبووەتەوە کە هی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستایە و تێیدا دەردەکەوێت، ژنێکی فەلەستینی بەناوی ئیسرا یوسف، تەمەنی ٤۱ ساڵ کە لە دهۆک کاری دەکرد و لە شووقەیەکدا بە تەنها دەژیا، لە ماڵەکەیدا بە گوماناوی دەسووتێت، بەڵام تەندروستی هێندە تێکناچێت و خۆی بە قادرمەی شوقەکەیدا دێتە خوارەوە و بە بەتانییەک خۆی داپۆشیوە، دەچێتە نەخۆشخانە.

 

بە پێی زانیارییەکان دوای مانەوەی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.

 

دەربارەی ئەو ڕووداوە تا ئێستا لایەنی ئەمنی و پۆلیس هیچ زانیارییەکی نەخستووەتەڕوو.

 

بەپێی زانیارییەکان، لەبەرئەوەی تا ئێستا کەسوکاری ئەو ژنە نادیارن، تەرمەکەی بۆ ماوەی سی مانگ لە پزیشکی دادی دهۆک دەهێڵدرێتەوەو دواتر ڕادەستی شارەوانی دەکرێت.

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا  ئەمڕۆ کۆتایی مانگی ئایار، ٢٥ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون یاخود بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.