ژنانی ڕۆژنامەنووس: ئێمە هەمیشە لەگەڵ کۆچبەرانداین
ژنانی ڕۆژنامەنووسی ڕەققە باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاو ئەزمونی خەڵکی ئاوارە دەکەن، ڕایانگەیاند دەبنە دەنگی ڕاستیەکان و داوای یەکڕیزی گەلی سووریا دەکەن.
یوسرا ئەحمەد
ڕەققە- ڕۆژنامەنووسانی کانتۆنەکانی ڕەققە و تەبقا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا دەربڕی و ڕایانگەیاند، لە ڕێگەی پێنووس و کامێراکانیانەوە بەردەوام دەبن لە بەرخۆدانیان، هەروەها ڕۆژنامەنووسان باسیان لە کۆچکردن کرد لە کانتۆنەکانی شەهبا و تل ڕەفعەت و جەختیان لەسەر ڕۆڵی پەیوەندییەکان کردەوە.
"هەوڵدەدەین دەنگی کۆچبەرانی عەفرین بگەیەنین"
لەیلا مستەفا، پەیامنێری ژن تیڤی لە کانتۆنی ڕەققەوە ئیدانەی هێرشی سەر شاری حەلەب و کانتۆنی شەهبای کرد و وتی: لە زستانی ئەمساڵدا بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بە هەزاران خێزان ناچار بوون کۆچ بکەن، ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس بە هەموو هێزێکەوە هەوڵمان دا دەنگ و ڕەنگی ئەو ڕاستییە ئاشکرا بکەین کە گەلی عەفرین تێیدا دەژی، خەڵکی شەهباو تل ڕەفعەت چوونە ڕێڕەوی پارێزراوی خۆبەڕێوەبەری، هەروەها کامێراکانمان چیرۆکی زۆرێک لەو خێزانانەیان ئاشکرا کردووە کە منداڵەکانیان لەدەستداوە.
"خۆبەڕێوەبەری لە هەوڵداندایە"
هیبا فتەح، ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ڕوناهی ڕایگەیاند، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکێکە لە ناوچە ئارامەکان و ئارامترینەکانی سووریا، خۆبەڕێوەبەری زۆر کاردەکات بۆ پاراستنی خەڵک، کانتۆنی تەبقا یەکەم کانتۆن بوو کە پێشوازی لە کۆچبەران کرد، بۆیە ئەوە یەکەم خاڵ بوو بۆ دەستڕاگەیشتنیان، ژمارەی خێزانەکان نزیکەی ٨٠ هەزار کەسە و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی داڵدەدان. مەرجە سەرەکییەکان بۆیان خرایە ڕوو، ئێستا بە شێوەیەکی کاتی لە نزیکەی ٢٤٠ خوێندنگەدا دابەش دەکرێن تاوەکو ناوەندی داڵدەدانیان بۆ دروست دەکرێت.
"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کردەوەی چەتەکان بێدەنگە"
هیبا فتەح لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە سەردەمی کۆچبەرانەوە وەک ڕۆژنامەنووس گەیشتین و تا ئەم ساتە بەردەوامین لە کارەکانمان، ڕۆژانە ٢٤ کاتژمێر کارمان دەکرد، زۆر منداڵ لە ڕێگادا بەهۆی سەرمایەکی زۆرەوە گیانیان لەدەستدا، دۆخی کۆچبەران زۆر خراپ بوو بەهۆی دیمەنی کۆمەڵکوژی و سوتاندنی تەرمی هاوڵاتیان و هەروەها ڕفاندن و زۆرێک لە پێشێلکارییەکا، کوا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم پێشێلکاریانەدا؟ دوای ١٣ ساڵ هێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگن بەرامبەر بە کردەوەی چەتەکان وەک ڕۆژنامەنووس ئەرکی ئێمەیە ڕاپۆرتی ئازارەکان بکەین.