ژنانی ئێزدی پێشەنگایەتی هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە دەکەن
وەڵات جانۆ، ئەندامی تاژێ، دووپاتی کردەوە، کە هاوسەرگیری منداڵان و چەوساندنەوەی سیستماتیکی دژ بە ژنانی ئێزدی دەبێتە هۆی هەڵکشانی گیانلەدەستدانی گوماناوی و هەڵمەتی "خۆت مەکوژە، هەموو خۆکوشتنێک جینۆسایدە" ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە.
					فرانشین مێرڤان
شنگال- بەدەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ"، بە هاوکاریی یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی و خۆبەڕێوەبەریی شنگال، لە ٣٠ی تشرینی یەکمدا، هەڵمەتێکی هۆشیاری یەکگرتوو بە دروشمی "خۆت مەکوژە، هەموو خۆکوشتنێک جینۆسایدە" دەستیپێکرد، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە زیادبوونی ڕێژەی گیان لەدەستدانی گوماناوی لەم دواییانەی ناوچەکە.
ئامانجی هەڵمەتەکە چارەسەرکردنی دیاردەی گیانلەدەستدانی گوماناوی لە نێوان ژنان و گەنجان و پیاوانی ناو کۆمەڵگەبوو، ئەویش لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەڕان بەدوای چارەسەری پراکتیکیدا، هەروەها لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە ئەم بابەتە بووەتە جێگەی سەرنجی گفتوگۆی کۆمەڵگە، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵە پێشەنگانەی کە ژنان لە جێبەجێکردنیدا دەیگێڕن.
''ئێزدیەکان لە نێوان هاوسەرگیری منداڵ و داڕمانی دەروونی و گیانلەدەستدانی گوماناویدان''
وەڵات جانۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی"تاژێ،"لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەمان، ڕوونیکردەوە، کە ئامانجی هەڵمەتەکە چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدانی گوماناویە لە ناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا، بەتایبەتی لە نێو ژناندا، هەروەها هەڵمەتەکە بە هەنگاوێکی باش لەبەرچاو گیراوە کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە و دابینکردنی چارەسەری پراکتیکییە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە.
وەڵات جانۆ سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی پشت بڵاوبوونەوەی گیانلەدەستدانی گوماناوی لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا، جەختی لەوە کردەوە، لە هاوسەرگیری منداڵان لە تەمەنی ١٢ یان ١٣ ساڵی سەرچاوە دەگرێت، کە بە زۆرەملێ منداڵان دەخەنە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە، هەر بۆیە لەم بابەتەدا پەروەردەی خێزان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت، ئەگەر دایک و باوک ڕێنمایی منداڵەکانیان بکەن و قسەیان لەگەڵ بکەن و واتای ڕاستەقینەی ژیانیان فێر بکەن، ئەوە کاریگەرییەکی ئەرێنی بەرچاوی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەبوونی گفتوگۆی خێزانی و نەبوونی ئامانج و لاوازی هۆشیاری هەموو ئەو هۆکارانەن کە پاڵ بە منداڵانەوە دەنێت بۆ بڕیاردانی خراپ، وەک هاوسەرگیری پێشوەختە کە زۆرجار بە شکست کۆتایی دێت و دواتر هەندێکیان بەرەو گیانلەدەستدانی گوماناوی دەبات.
جەختی لەوە کردەوە، کە عەقڵیەتی زاڵ لەناو دەوڵەتدا ڕێگری لە پێشکەوتنی ژنان دەکات، وەک جۆرێک لە شەڕی دەروونی و ئامانجدار لە دژی ئەوان پێناسەی کرد، هەروەها لەکاتی جینۆسایدەکەدا، شاهیدی کارەساتی بێشومار بووین، دایک و کچ و کوڕەکانمان کوژران، لەگەڵ ئەوەشدا کەس دەنگی نەهات، دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی دیکە سیاسەتی ستەمکارانەیان لەدژی ئێمە جێبەجێکرد، بەتایبەتی دژی ژنانی گەنج.
هەروەها ئەگەر کچەکەم بیەوێت بچێتە دەرەوە کار بکات یان ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، ئەوا بە بیانووی لاواز ڕێگری لێدەکرێت ئەو کارە بکات، ئەم عەقڵیەتە ژنان سنووردار دەکات و ڕێگریان لێ دەکات لە پێشکەوتن و گەشەکردن، بۆچی دەنگی ئێمە نابیسترێت؟ بۆچی ئەم هەموو سنووردارکردنانە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت؟
وتیشی: هۆکاری بنەڕەتی پشت زیادبوونی ڕێژەی گیانلەدەستدانی گوماناوی لە کۆمەڵگەی ئێزیدیدا ئەم ستەمکارییە سیستماتیکە، کە ژنان دەیانەوێت سەربەخۆ بن و داهایووی خۆیان بونیاد بنێن، بەڵام دەوڵەت ڕێگەیان پێنادات، ئەم شەڕە دەروونییەش یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی تێکچوونی دەروونی و گیانلەدەستدانی گوماناوی ژنان.
"پاراستنی خود و خاک لە بەرامبەر عەقڵیەتێکی ستەمکاردا"
وەڵات جانۆ جەختی لە گرنگی یەکڕیزی ناو کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گیانلەدەستدانی گوماناوی کردەوە، وتی: زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ ژنانی گەنج کە فێربن چۆن خۆیان بپارێزن، لە ڕابردوودا نەماندەزانی چۆن خۆمان بپارێزین، هەر بۆیەش جینۆساید ڕوویدا، ئەمڕۆ ئێمە ڕووبەڕووی ئەو عەقڵیەتە دەبینەوە کە مرۆڤەکان بەرەو گیانلەدەستدانی گوماناوی دەبات، ڕەتیدەکەینەوە ملکەچی ئەو عەقڵیەتە بکەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیامەکەم ئاراستەی ژنان و گەنجان و پیاوانە، وەک چۆن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا دەست دەگرین و هەڵدەپەڕین، با دەست بگرین و هەڵپەڕین بۆ ژیانێکی ئازاد، لەڕێگەی هەڵمەتی "خۆت مەکوژە، هەموو خۆکوشتنێک جینۆسایدە" هەوڵدەدەین ئەم دیاردەیە بوەستێنین و ژیانی خۆمان و خاکەکەمان لەم هەڕەشە بەردەوامانە بپارێزین.
هەروەها پێویستە هەموومان هەستین، یەکبگرین، یەکڕیزیی خۆمان بونیاد بنێین بۆ ئەوەی جینۆساید دووبارە نەبێتەوە، وە دایک و خوشکەکانمان جارێکی دیکە نەفرۆشرێنەوە، هەتا ماوین بەردەوام دەبین لە شوێنکەوتنی ئەوانەی ئاوارەبوون و فرۆشراون، هەروەها هەڵگری ئەو هەستانە دەبین کە لە سەردەمی جینۆسایدەکەدا لێمان وەرگیراون، دەوڵەت هیچی پێ نەداوین و ویستیشی ئەوە نییە، هەر بۆیە هەموو ئێزدیەک دەبێت هەستێتەوە ودەست بەویترەوە بگرێت و خۆی و کۆمەڵگەکەی بپارێزێت.
"عەقڵیەتی حکومەت ڕێگری دەکات لە دروستکردنی ژیانێکی شکۆمەندانەی ژنان"
وەڵات جانۆ لە ڕێگەی هەڵمەتی "خۆت مەکوژە، هەموو خۆکوشتنێک جینۆسایدە" بانگەوازێکی بەهێزی پێشکەش بە ژنان و گەنجان کرد و داوای پاراستنی خۆیان و خاکەکەیان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو عەقڵیەتەی کرد کە بەرەو بێهیواییان دەبات، وتیشی: پەیامەکەم بە تایبەتی ئاراستەی ژنان و گەنجانە، بۆ ئەوەی بە عەقڵیەتی حکومەت فریو نەدرێن کە بێزاری دەچێنێت و ڕێگری لە پێشکەوتن دەکات، نابێت ڕێگە بدەین ئەم عەقڵیەتە ببێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی گیانلەدەستدنی گوماناوی لە ناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا، دەبێت هەموو گەنج و ژنێک هەستن بۆ پاراستنی خۆیان، ڕەتکردنەوەی ڕادەستبوون و پەیوەندیکردن بە هێزەکانی پاراستنی وەک ئاسایش، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکینەکانی ژنانی شنگال ئەم دامەزراوانە نوێنەرایەتی درێژکراوەی هەموومان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو شوێنانەی گیانلەدەستدانی گوماناوی تێدا ڕوودەدات، دەبێت ڕووبەڕووی ئەو هەستانە ببینەوە کە ساڵانێکە نێژراون و دایک و خوشکەکانمان لەبیربکەین کە لە وڵاتانی دیکە بە کۆیلایەتی فرۆشراون، پێویستە گەنجەکانمان بیر لەو ڕاستیانە بکەنەوە، خۆیان بەهێزبکەن، هەرگیز ترسناکییەکانی جینۆسایدی ٢٠١٤ لەبیرنەکەن، سەرەڕای هەوڵەکانی عەقڵیەتی دەسەڵاتدار بۆ سڕینەوەیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: دوژمن لە هەوڵی چەقاندنی ئێمەیە لە ڕووی دەروونییەوە، بە تایبەت ژنانی گەنج، ڕێگری لە بونیادنانی ژیانێکی شایستە دەکات، بۆیە پێویستە هەموومان یەکبگرین، دژی گیانلەدەستدانی گوماناوی بوەستین و داهاتوویەک دروست بکەین کە شایستەی ئێمە بێت، کە دووربێت لە لەناوچوون و چەوساندنەوە.