ژنانی گەنج: بە شەڕی گەلی شۆڕشگێر دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزین

ژنانی گەنجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، بە ڕێبازی گەلی شۆڕشگێڕ داکۆکی لە بەها و ناسنامەی ژنانی ئازاد دەکەن، شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنانی بەهێز کردو بوونە خاوەن ناسنامەو ئیرادە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی ژنانی گەنج لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دروشمی"بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ڕێبەر ئازاد دەبێت" لە حەسەکە بەڕێوەچوو، لەو کۆنگرەیەدا ٥٠٠ نوێنەری ئەندامانی یەکێتی ژنانی گەنج و نوێنەران و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشدارییان کرد.

 

هەیفا بەکر، هاوسەرۆکی دەستەی وەرزشی لاوان، دووپاتیکردەوە ئامانج لە بەستنی کۆنگرە فراوانکردنی ڕێکخستنی ژنانی گەنجە و وتی: ئەو پرسە گرنگانەی لە کۆنگرەدا گفتوگۆیان لەسەر کرا، بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ و خۆپاراستن بوو، بەپێی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ، ژنان چۆن خۆیان بپارێزن و کۆمەڵگەکەیان ڕێکبخەن، لەو کاتەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بیری خۆی بە ژنان داوە و ناسنامەی ئەوانی بەهێزتر کردووە، ژن پێگەیەکی بەهێزی هەبووە، بەهۆی ئەوەوە هێزی دەسەڵاتدار و هەژموون هێرشەکانیان بۆ سەر ژنان زیاتر کردووە.

 

"بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ،هەڵوێستی تۆڵەسەندنەوە زیاتر دەکەین"

لە درێژەی قسەکانیدا، هەیفا بەکر وتی: دەوڵەتی تورکیا و هێزە دەسەڵاتدارەکان لە دەسەڵاتی ژنانی ئازاد و بیریان دەترسن، بۆیە پێشەنگەکانی شۆڕش و کەسایەتییە ناودارەکان دەکەنە ئامانج، پەیامی ژنە گەنجەکانمان ئەوەیە کە هەر جارێک دۆستێکمان شەهید دەبێت، تۆڵەسەندنەوەمان گەشە دەکات بۆ ئەوەی توڕەیی تۆڵەسەندنەوە بە کردەوە دەربکەوێت، یەکێتی ژنانی گەنج گرنگی بە چالاکییەکانی پاراستن دەدات، ئەگەر لە هەموو بنەماڵەیەکدا هۆشیاری شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ بونیاد بنێین، بۆ ئەوەش ژنانی گەنج پێویستیان بە فراوانکردنی کار و چالاکییەکانیان لە بواری خۆپاراستندا هەیە بۆ ئەوەی بەرپرسیار بن و خاوەنی ناسنامەی خۆیان بن.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا بوونی ئێمەی پاراست"

لۆسناک کاڤۆریان، لە بەرێوەبردنی یەکێتیی ژنانی گەنجی ئەرمەنستان، ئاماژەی بەوەدا ژنانی گەنج ڕۆڵی خۆیان لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا سەلماندووە و وتی: ئامانجی ژنە گەنجەکان ئازادیی هەموو ژنێکە بۆ بونیادنانی ئایندەیەکی ئازاد بە بیری ئازاد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گەیشتن بە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێش شۆڕش ژنان هیچ مافێکیان نەبوو، بەڵام شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرگای ئازادی بۆ ژنان کردەوە، ژنان خۆیان دۆزییەوە، بوون بە خاوەنی ئەم شۆڕشە، بۆیە لە هەموو بوارێکدا بەشدارییان کرد و لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوون بە نموونە، ژنانی گەنجی ئەرمەنستان لەڕێگەی ئەم شۆڕشەوە خۆیان ناسی و ئاگاداری بەها کۆمەڵایەتییەکانیان بوون.