ژنانی باشوور: پشتگیری خەباتی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین
لە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژناندا، ژنانی باشووری کوردستان پشتگیری خەباتی ژنان دەکەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، وەک خۆیان باسی دەکەن ژنان ئازارەکانیان و سەرکەوتن وپیشکەوتنەکانیشیان هەر یەکن.

ڕێژنە سەلام
هەڵەبجە- ژنانی کورد لەهەر چوار پارجەی کوردستان هەمیشە هاوسۆز و پاڵپشتی یەک بوون، لە ٨ی ئاداریش کە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانە، پەیامی پاڵپشتییان دووبارەکردەوە، ژنانی باشووری کوردستان لەم ڕۆژەدا وێڕای پیرۆزبایی، ئاماژەیان بەوەکرد، پاڵپشتی خەباتی ژنان لەهەر چوارلای کوردستان دەکەن.
شارا عەبدولکەریم، چلاکوانی بواری ژنان باسی لەوەکرد کە ژنان ئازارەکانیان و سەرکەوتنەکانیشیان یەکە، وتیشی: بەداخەوە ڕۆژانە هەواڵی مەرگی ژنان و ئازاردانیان لە پارچەکانی تر دەبیستین و ژنان تەنها لەبەر بیرو ڕای ئازاد سزا دەدرین و لەسەر کوردبون و ژن بوون راپێجی زیندانەکان دەکرێن، کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش لەسەر ئەوبابەتە بێدەنگە و نەیانتوانیوە لەسەر کوردو کوردبوون قسە بکەن.
"کورد نابێ بێ دەرەتان بێت و ئەبی یەک هەڵوێست بین لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانمان"
شارا عەبدولکەریم سەبارەت بە مافی ژنان و ئەو سزایانەی بەسەر ژنانی کودستاندا دەسەپێنرێت وتی: کورد نابێت ئەوەندە بێ دەرەتان و بێ هەڵوێست بێت ئێمە بەردەوام پالپشتی یەکتر دەکەین و دەخوازین بە هاوکاری و پاڵپشتیەکان ژنان بگەیەنینە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
دەربارەی چالاکیەکانی ژنانی باشوور زانیاری داو وتی: ئێمە وەک ژنانی باشوور کەمپەینێکمان هەیە بۆ پشگیری ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەم کەمپەینە کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام دەدریت و ریپێوان بۆ نوسینگەو قونسوڵخانەی وڵاتان دەکەین تا بیگەیەنین کە ئێمە پشتیوانی هەرچوار پارچەین و چالاکیەکەمان لە گەڵ گۆڕانکاری دەبێت، لەبەرئەوە بەجۆرەکانی خەبات و پێداویستی ئەم سەردەمە بەردەوام دەبین.
شارا عەبدولکەریم لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم چالاکیانە لە کاتێکدایە کە سزای لە سێدارە دان لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە بەسەر هەردوو چالاکوان وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی سەپێندراوە.