"ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشیان کرد"

گوڵستان گولۆ، ئەندامی کۆنگرەی ستار باسی لە خەباتی ژنان کرد بۆ ماوەی ساڵێک و دەڵێت: خەباتیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان هەمیشە بەردەوام دەبێت.

نەغم چاچان

 

قامیشلۆ-خەباتی ژنان ئەمساڵ پشتڕاستی کردەوە کە مافی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چیتر داواکاری دواکەوتوو نین، بەڵکو ڕاستیەکە کە بە توندی لە یاسا و دامەزراوەکان و کامپە بڕیاردەرەکاندا جێگیر کراوە، هەروەها لە بەهێزکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتییەوە تا فراوانکردنی ڕۆڵی ژنان لە دەسەڵات و ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا، دەستکەوتی بەرچاو بەدەست هاتووە، بەهێزکردنی بوونی ژنان وەک هاوبەشی بناغەی لە داڕشتنی داهاتووی هەرێمدا.

 

گوڵستان گوڵۆ، ئەندامی کۆنگرەی ستار سەبارەت بە خەباتی ژنانی ساڵی ڕابردوو بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

گوڵستان گوڵۆ لە سەرەتای وتارەکەیدا سەرنجی بۆ خەباتی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٢٦ ڕاکێشا و وتی: خەباتی ژنان لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان تا ئەمڕۆ لە کوردستان بەردەوام بووە، ژنان خەباتێکی گەورەیان بەڕێوە بردووە و پێسەنگایەتی شۆڕشیان کردووە، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو بە شۆڕشێکی ژنان، لە ساڵی ٢٠٢٥ ئاستی ژنان لە ڕێکخراوەکەدا لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بوو، ئەو پەروەردەیەی وەریانگرتبوو بۆ هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە، کۆمینەکان، ئەنجومەنەکان، ئەکادیمیاکان کرایەوە کە دەیانتوانی هەزاران ژن ڕابهێنن، ژنان لە بواری سەربازی و بەڕێوبەریدا دەستکەوتی زۆریان هەبوو، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی کە نمونەیە بۆ هەموو جیهان، لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ژنان دەتوانن کار بۆ مافەکانی ژنان بکەن، بۆ پاراستنی یاساکانیان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها ماڵی ژنان لەم ئاراستەیەدا خەباتێکی گەورەی کرد.

 

"باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونە نموونە بۆ هەموو سووریا"

گوڵستان گوڵۆ ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٦ بووەتە قۆناغێکی نوێ بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ چووینە قۆناغێکی نوێ، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان هێرشیان کرایە سەر، لەم ساڵانەی شۆڕشدا ژنان بەڕێوەبەرایەتی هەرێمەکانیان کرد، سیستەمی تایبەتی خۆیان بونیادنا و دامودەزگاکانیان بە پشت بەستن بە نموونەی نەتەوەی دیموکراتیک بە پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە بەڕێوە دەبرد، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو بە نموونە بۆ هەموو سووریا، هەروەها خەڵکێکی زۆر لە دەرەوە وڵات هاتن بۆ ژیان لەم ناوچەیە چونکە ناوچەیەکی ئارام بوو.

 

"هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی لە ٢٩ی کانوونی دووە، گەیشتنە ڕێککەوتن"

گوڵستان گوڵۆ ڕایگەیاند، کە دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان لە ٦ی کانوونی دووەم پیلانێکی نێودەوڵەتییان لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد، ئامانج لەم پیلانگێڕییە لەناوبردنی گەلی کورد بووە، وەک ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی کە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، لە هەمان کاتدا، لە ٦ی کانوونی دووەم هەوڵی پیلانێکی نێودەوڵەتی لە دژی گەلی کورد درا، هێرشی گەورە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، هەروەها لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەرخۆدانێکی بێ وێنە و مێژوویی بەرز بووەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەزاران کەس کوژران، هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی لە ٢٩ی کانوونی دووەم گەیشتنە ڕێککەوتن.

 

"ئێمە خەباتێکی گەورەمان هەیە"

گوڵستان گوڵۆ ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی کاتی دان بە مافەکانی ژناندا نانێت، چونکە ناسنامە و ئیرادە و بوونی ژن قبوڵ ناکات، بەڵام باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرا و ژنانیش نمونەن تێیدا، سەرجەم دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ١٨ی شوباتدا هەڵمەتێکی گەلانیان ڕاگەیاند، کە داواکاریی دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو ژنان بوو، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا بەدەستمان هێناوە، بۆیە دەبێت لە سووریای نوێدا یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا هەبێت.

 

"ژنان لە سەدەی بیست و یەکەمدا پۆشاکی کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن"

گوڵستان گوڵۆ ڕایگەیاند، کە بۆ ٨ی ئادار چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێن، هەروەها لە هەڵمەتەکەماندا باسمان لەوە کرد کە بۆ ٨ی ئادار چالاکی زۆر دەبێت، ئەمساڵ ٨ی ئادار بە شێوەیەکی جیاواز ئاهەنگ دەگێڕین، واتە لە ڕابردوودا سیستەمەکە خەڵکی هەرێم و خۆبەڕێوبەی بوو، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ حکومەتی کاتی ئاهەنگی ٨ی ئادار دەگێڕین، چۆن دەتوانین دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە بوارە یاساییەکان چەسپێنین؟ چۆن دەتوانین خەباتی ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا مسۆگەر بکەین؟ لە ٨ی ئادار پەیام دەدەین و کارەکانمان دەردەبڕین، دروشممان بۆ ٨ی ئادار بریتییە لە "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەپارێزین" چونکە مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان هەیە، ڕێکخراوەکانی ژنان تەنانەت لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا، ڕێکخراوەکانی ژنانیش ئێستا درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن، ژنان لە سەدەی بیست و یەکدا پۆشاکی کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن.

 

"سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بوونی نییە"

گوڵستان گوڵۆ ئاماژەی بەوەدا، کە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی مایەی گفتوگۆیە و وتی: کۆمەڵگەی سووریا سیستمی یەک ڕەنگ و یەک نەتەوەیی قبوڵ ناکات، واتە سووریا ناتوانێت بەم بەڕێوبەریە کە جۆلانی نوێنەرایەتی دەکات، ئیرادەی گەلی سووریا بێت و بەڕێوەی بەرێت، هەروەها سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بوونی نییە، نموونەیەکی نوێ بوو لە کوردستان کە ژن و پیاو بە هاوبەشی بەرپرسیارن لە هەموو بوارەکانی ژیان.

 

"سەدەی بیست و یەکەم سەدەی ئازادی ژنانە"

گوڵستان گوڵۆ لە کۆتای قسەکانیدا وتی: خەباتی ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبێت، سەدەی یست و یەک سەدەی ئازادی ژنانە، حکومەتی کاتی لە خەباتی ژنان دەترسێت، بۆ ئەوەی ژنان لە دەستووری سووریادا جێگەی خۆیان بگرن، زۆر گرنگە ئەو لیژنانەی دادەمەزرێن، ژنانیش لەخۆ بگرن، ناوی زۆرێک لە ژنان پێشنیار کراوە بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو بوارەکاندا بەشداری بکەن و دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێت و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.