ڕۆژنامەنووس شەزا سەباغ لە کامپی جەنین گیانی لەدەستدا
کوژرانی ڕۆژنامەنووس شەزا سەباغ توڕەیی بەربڵاوی لە بازنەکانی فەلەستین دروست کرد و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دووپاتیان کردەوە کە بەردەوامی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان گوزارشت لە بێبایەخکردنی ڕوون و ئاشکرایە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان کە گەرەنتی ئازادی کاری ڕ
غەززە
دوێنێ ٢٨ی کانوونی یەکەم، ڕۆژنامەنووس شەزا ناسر سەباغ دوای ئەوەی لەلایەن قەناس بەدەستێکی دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە لە کامپی جەنین لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوی باکوور تەقەی لێکرا، بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە شەزا سەباغ تەمەن ٢١ ساڵ، لە دۆخێکی زۆر ناجێگیردا گەیشتووەتە نەخۆشخانەی حکومی جەنین.
وردەکارییەکانی ڕووداوەکە
ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە شەزا سەباغ لە نزیک ماڵەکەی خۆی بووە لە شەقامی مەحیوب لە کامپی پەنابەرانی جەنین، بە یاوەری ئەندامانی خێزانەکەی کە لە ناویاندا منداڵی بچووک هەبوون، بە پێی شایەتحاڵی بنەماڵەکەی، قەناس بەدەستێکی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵات چەندین جار لەسەر ئەو و لەسەر ئەندامانی خێزانەکەی بەبێ هیچ پاساوێکی ڕوون، ڕاستەوخۆ تەقەی کردووە.
ئەو خێزانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوو منداڵی بچووکی هەڵگرتووە کە یەکێکیان تەمەنی یەک ساڵ و دوو مانگە و ئەوی تریان تەمەنی دوو ساڵ بووە، شەقامەکە بەباشی ڕووناک بووە و هیچ پێکدادان و هەڕەشەیەکی ئەمنی نەبووە کە پێویستی بە بەکارهێنانی فیشەک دەبێت.
ئەوەشیانخستەڕوو، ئەو سەربازە گوێی بە هاواری ئەو ژن و دراوسێیانە نەداوە کە داوایان کردووە تەقەکردن ڕابگرن، سەرەڕای کەوتنە سور زەوی شەزا سەباغ و منداڵەکان، بەردەوام بووە لە ئامانجکردنیان، تاوانێکی قێزەونە کە پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسیارەکان بکرێت و ڕێگەیان پێنەدرێت لە سزا ڕزگاریان بێت.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئەو تاوانە ئیدانە دەکات
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی ماتەمینی بۆ شەزا سەباغ گرت کە خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن بوو لە زانکۆی کراوەی قودس لە نابلوس و بە ڕۆژنامەنووسێکی مەیدانی چالاک پێناسەی کرد.
سەندیکاکە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کرد کە نوێنەرانی سەندیکاکە لەخۆبگرێت، بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕووداوەکە و دڵنیابوون لەوەی ئەوانەی پەیوەندییان پێوە هەیە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ ماف و ئازادییەکان، پێویستە ڕۆژنامەنووسانی مەیدانی بپارێزن کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕووداوە یەکەم ڕووداو نییە، داوای هەڵوێستێکی توندی نێودەوڵەتی دەکات بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکانی فەڵەستین.