ژن نیوز: لە مانگی تشرینی یەکەمدا ٤٣ ژن کوژراون

بەپێی ڕاپۆرتی ژن نیوز لە مانگی تشرینی یەکەمدا٤٣ ژن و ٦ منداڵ لەلایەن نزیکترین پیاوی خیزانەکانیان کوژراون و گیان لەدەستدانی ٢٢ ژن و چوار منداڵیش بە گوماناوی تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تورکیا ڕۆژ بەڕۆژ کوشتنی ژنان لە زیادبووندایە، لە وڵاتەکەدا هێشتا ئاماری پتەو لەسەر ئەم بابەتە ئاشکرا نەکراوە  و باس لە بڕیارەکانی دادگا دەکەن.

 

ئاژانسی هەواڵی ژن "ژن نیوز" ئاماری توندوتیژیی مانگی تشرینییەکەمی بڵاوکردەوە کە لە میدیاکانەوە کۆکراونەتەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا٤٣  ژن و ٦ منداڵ کوژراون و ٢٢ ژن و چوار منداڵ بە شێوازێکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

بکەرەکان، نزیکترین پیاون ل ژنانەوە

١٦ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی هاوسەرگیریان لەگەڵدا کردووە، چوار ژن لە پڕۆسەی جیابوونەوەدان و ٦ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی دەیانناسن، ژنێک لەلایەن ئەو پیاوەی کە پەیوەندی لەگەڵدا بووە، ژنێک لەبەر ئەوەی جیابوونەوەی دەویست، سێ ژن لەلایەن خزمەکانیەوە، ژنێک لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، دوو ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کە لە یەک جیا بوونەتەوە، ژنێک لەلایەن منداڵەکەیەوە و ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە کە نەیاندەناسی کوژران.

 

زۆرینەی کوشتنی ژنان لە شاری ئیستەنبوڵ بوو، دوای ئەویش لە ئەدەنە و هاتای.