ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: شارەوانیەکان دەوڵەتی میکرۆ نین، کۆمینن
ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی بەڕێوەبەرییە خۆجێیە دیموکراتیکەکان ناردو ڕایگەیاند، دیموکراسیی خۆجێی شادەماری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکە کە هەوڵدەدەین لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا پێکیبهێنین.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنفرانسی چاند لە ئامەدی باکووری کوردستان، لیژنەی ئیدارە خۆجێییە دیموکراتیکەکانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" بە درووشمی “کۆمینی شارەوانییە و شارەوانیش کۆمینە” دەستی بە ئەنجامدانی کۆنفرانسێک کرد و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
دوای پێشکەشکردنی وتاری دەستپێکرد لەلایەن تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە.
دەقی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەمشێوەیەیە:
“بۆ نوێنەران و بەشدارانی کۆنفرانسی ئیدارەی خۆجێیەکانی دەم پارتی؛
لە بەشێکی گەورەی مێژوودا، دیاردەی بەڕێوەبردنی لەسەر بناغەی هەرێمی و خۆجێی، یان با بڵێین، لەسەر بناغەی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرابوو. تەنانەت لە نەریتی دەوڵەتداریشدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەڕێوەبردنی خۆجێیی بنەما و بنچینە بوون، دەسەڵاتی ناوەندیش تەنیا حاڵەتێکی ئاوارتە بوو. یاسای کارپێکراو، هەر یاسای هەرێمی و خۆجێیی بوو.
ئەم نەریتە، لەلایەن مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا و هاوچەشن-یەکپارچە-ڕەقی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا تێکدرا. سەرچاوەی سەرەکی هەموو کێشە و بنبەستەکانیش، سەپاندنی ئەم مۆدێلە بوو بەسەر جیهاندا.
دوای هەردوو جەنگی جیهانی، تەواوی جیهان و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەورووپا کە خۆیان داهێنەری ئەم عەقڵییەتە بوون، بە شێوازێکی دڵڕەقانە و توند، ناڕەحەتییەکانی دەستی فاشیزمیان ئەزموون کرد و هێشتاش تێیدا دەژین. لە ساڵانی ١٩٥٠ـکانەوە، یاسای خۆجێیی، نەتەوەیی و کولتووری، ئەگەرچی بە شێوەیەکی سنوورداریش بووبێت، سەرلەنوێ پێناسەکرایەوە و خرایە ناو دەستوور و یاسا بنەڕەتییە دیموکراتییەکانەوە. «پەیماننامەی سەربەخۆیی ئیدارە خۆجێییەکان» کە لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە پەسەند کراوە، درێژەپێدەری ئەم پرۆسەیەیە. گەڕانەوە بۆ دیموکراسیی خۆجێیی بووەتە مایەی ڕزگاربوونی وڵاتان و هەناسەدانەوەی کۆمەڵگەکان.
له ڕۆژههڵاتی ناوەڕاستدا كه توركیا ڕۆڵێكی سهرهكی تێدا دهگێڕێت، ئهگەر چانسی دهربڕینی دیموكراتیک بۆ بونیاد و یەکە خۆجێییهكان بڕەخسێندرێت، ئهوا زۆربهی كێشهكان بە شێوازێكی ئاسانتر چارهسهر دهبن. بهتایبهتی لادانی ئهو كۆت و بهندانهی كه خراونهته سهر دیموکراسیی خۆجێیی، دهکرێت لە سهدهی دووهمیدا توركیا له ناوچهكهدا بههێز بكات. بۆ چارهسهری دیموكراتی؛ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بونیادنانەوە، ههم بۆ كۆمهڵگاكان و ههم بۆ دهوڵهتەكان مهرجێكی پێویسته. ڕهوتی گشتی و پێداویستیی ئهم سهردهمهش بهنده به كهمكردنهوهی ناوهندگهرایی و گهشهپێدانی ئیدارە خۆجێییهكانەوە. ملنهدان و بەگژداچوونەوەی دژی ئهم ڕهوته؛ قهیرانی سیاسی، ئابووری و ژینگهیی (ئێكۆلۆژی) ئێستا قووڵتر دهكاتهوه. خۆی لە خۆیدا سەدەیەک بهم شێوهیه بە فیڕۆ چوو و ههموو لایهكیش تێیدا دۆڕاو و زیانمهند بوون.
پێویستە نەکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە چاوەڕێ بکەین سیستەمە ناوەندپارێزە دژە دیموکراتیکەکان خۆیان بگۆڕێن. تێکۆشانی ڕێکخراو و بەردەوامی پێکهاتە کولتووری و هەرێمییە دیموکراتیکەکان، لە خێراکردنی گۆڕانکارییەکاندا بووەتە شتیکی یەکلاکەرەوە. دیموکراسیی ناوچەیی و یاسا سەرەکییە دیموکراتیکەکانیش لە ئەنجامی تێکۆشانی لەم شێوەیەدا برەویان پێ دراوە.
فۆرمولەی ‘دیموکراسیی ناوچەیی و دەستووری دیموکراتیک’، لە هەمان کاتدا فۆرمولەی چارەسەریی ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کوردە. شادەماری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکیش کە ئێمە هەوڵدەدەین لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا برەوی پێ بدەین، بریتییە لە دیموکراسیی خۆجێیی. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک تەنها بە دیموکراسیی خۆجێیی دەتوانێت مانای خۆی بدۆزێتەوە. سەرچاوەی سیاسەتی قەیوومەکانیش کە لە ساڵانی ڕابردوودا دەسەپێندرا، لەناوچوونی دیموکراسیی ناوچەییە. لە وڵاتێکدا کە دەتوانرێت بە ئاسانی نکۆڵی لە دیموکراسی بکرێت، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت و هەر خۆی دیاریشە کە چارەسەر نەکراون.
پرسی کورد لە ئاستی ئیدارەی خۆجێییدا گەیشتووەتە قۆناغی چارەسەری. نەک تەنها لە چوارچێوەی پرسی کورددا، بەڵکوو بۆ تەواوی تورکیا ڕێی ڕزگاربوون لە کێشە هەنووکەییەکانی ئیدارە خۆجێییەکان، بریتییە لە دیموکراسیی خۆجێیی بەهێز. ئەو دیموکراسییە خۆجێییەی کە لەژێر سەقامگیریی یاسادایە، تاکە فۆرمولە و ڕاستەقینەترین فۆرمولەی چارەسەرییە. بۆ سووریا، عێراق و ئێرانیش ئەوەی پێویستە، بریتییە لە سەپاندنی تەواو و بێ کەموکوڕیی دیموکراسیی ناوچەیی. دژە ژەهری هەموو نەرێنییەکان، سیاسەتی دیموکراتیک و دیموکراسیی ناوچەییە. گەیشتنە کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنها بەم شێوەیە ڕێی تێدەچێت.
لە برەودان بە دیموکراسیی خۆجێییدا ڕۆڵی ئیدارە خۆجێییەکان گرنگە و پێشەنگە. یەکەم هەنگاوی دیموکراسی و کۆمینە دیموکراتیکەکانیش بریتییە لە هەرێم. پەرەپێدانی شارەوانیی کۆمیناڵ و دیموکراتیکی گەل، ڕێنیشاندەری ئەم ڕێگەیەیە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لەسەر بنەمای گەل مۆدێلی ئەڵتەرناتیڤ [شوێنگرەوە]ـی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئیکۆلۆژی پەرەی پێ بدرێت نەک لەسەر بنەمای ناوەندی، دەسەڵات و تاکدەسەڵات. گەورەترین سەرمایەی ئیدارە خۆجێییەکان بریتییە لە گەل؛ ئەگەر ڕەنجی گەل ببێتە یەک، هیچ کێشەیەک بوونی نامێنێت کە مرۆڤ نەتوانێت چارەسەری بکات.
پێویستە مامەڵەی شارەوانیی دیموکراتیک پەرەی پێ بدرێت. بزاوتی شارەوانیی دیموکراتیک، وەکو تۆڕێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی، لە کۆمینی گوند و گەڕەکەکانەوە بیگرە تا دەگاتە هەرەوەزییەکان، لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بیگرە تا دەگاتە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە تێکۆشانی ئازادیی ژنەوە تا دەگاتە داکۆکیکارانی مافی منداڵ و ئاژەڵان، لە گەنجانەوە تاوەکو ئیکۆلۆژیستەکان، پێویستە لە هەموو شوێنێک ڕیکخستنبوونی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دابمەزرێنێت. پێویستە سەرنج بخرێتە سەر کارەکانی منداڵ، گەنج، خوێندن، زمان، کولتوور، هونەر، تەندروستی، ئابووری و ئیکۆلۆژی و لە سەرووی هەمووانەوە ژنان. پێویستە گۆڕەپانەکانی بەرهەمهێنان زیادبکرێن و ببێتە چارەسەر بۆ ئەو بێکارییەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان دەبێت. بە پێشەنگایەتیی ژنان پێویستە گۆڕەپانی نوێی ژیان بڕەخسێنرێن.
دەبێت بەشداریپێکردنی گەل لە بەڕێوەبردندا و بەشدارکردنیان لە تەواوی بڕیارەکاندا وەک بنەمای سەرەکی وەربگیرێت. با کۆنسەی شار و ئەنجوومەنی شارەکان دابمەزرێن؛ هاووڵاتییان دەتوانن لەوێ کۆببنەوە، گفتوگۆ لەسەر هەموو جۆرە پرسێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن. ئەگەر شارەوانیی دیموکراتیکی گەل پەرەی پێبدرێت، گەل خۆی خاوەندارێتی لە شارەوانییەکەی دەکات؛ بەم شێوەیە، نزیکایەتییە دژە دیموکراتیکەکانی وەک سەپاندنی قەیووم ناتوانن بە ئاسانی سەرهەڵبدەن.
شارەوانی، دەوڵەتگەراییەکی بچووک نییە، بەڵام ئەو سیستەمەی ئێستا دەسەپێنرێت، دەوڵەتێکی مایکرۆیە. پێویستە مرۆڤ هەم لە ڕووی فەلسەفی و هەم لە ڕووی پراکتیکییەوە لەم بیرکردنەوەیە ڕزگاری بێت. شارەوانییەکان دەوڵەتی میکرۆ (بچووک) نین، بەڵکوو کۆمینن. لە ئەورووپا بنەمای شارەوانی کۆمینە. لەلای کوردیش واتای “کۆمبوون” دەدات؛ ڕەگی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و لەم خاکەوە تا ئەورووپا بڵاوبووەتەوە.
دەوڵەت بە شێوەیەکی میکرۆ بیر دەکاتەوە و نزیک دەبێتەوە، بەڵام کۆمین چارەسەری میکرۆ دەدۆزێتەوە؛ لە نێوان ئەم دووانەشدا دیالۆگ، دانووستان و پێشبڕکێ درووست دەبێت بەڵام پێکدادان درووست نابێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێتە خاوەن کارامەیی و دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەی ڕاستەقینەی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری. دەبێت لە شارەوانییەکاندا کە زەمینە و دەرفەتی هەموو ئەمانەی تێدایە، ڕۆحی کۆمین پەرەی پێبدرێت و تەواوی کارەکان بەم ڕۆحەوە بەڕێوەبچن. تەنها گفتوگۆکردن بەس نییە، ئێستا کاتی بونیادنان و جێبەجێکردنە.
ئێمە لە مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا لەبری چین کۆمینمان دانا، گفتوگۆی بەهێزیشی لەسەر کرا. ئێمە نکۆڵی چین و دەوڵەت ناکەین. بەڵام دەوڵەت وەک گرێیەک گەورە دەبێت. سەنتێزمان بۆ دەوڵەت و کۆمین، وەک وەڵامێک پەرەدەسەنێت بۆ ئەو شەڕە سارد و بێواتایانەی کە دەبنە هۆی ئاڵۆزی گەورە و هەروەها بۆ ئایدیاڵکردنی ڕادەبەدەری چینایەتی. ئەم بابەتە ڕۆژ بە ڕۆژ نەرمتر دەکەینەوە. دژەژەهری ئەمەش، گۆڕینی پەیوەندی نێوان کۆمین و دەوڵەتە بەرەو تێکۆشان و پێشبڕکێیەکی دیموکراتیک.
ئەو شتەی کە لەم دواییانەدا لە سووریا دەخرێتەڕوو بۆ ئەوەی بکرێت، لەم ڕووەوە گرنگە؛ لە عێراقیشدا دەبێت ئەمە جێبەجێ بکرێت. هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک نموونەیەکە؛ تورکمانەکان لەوێ دەوڵەتێکی میکرۆ نین، بەڵکوو دەتوانن ببنە کۆمینێک کە ناوەڕۆکی خۆیان دیاری بکەن.
دەبێت شارەوانییەکان بە هۆشیاری و گرنگیپێدانی دیموکراسیی هەرێمی بەڕێوەببرێن؛ نابێت شارەوانییەکان بە عەقڵییەتی بیرۆکراسی بەڕێوەببرێن. لە پاکوخاوێنییەوە تا بەرهەمهێنانی هەرزان، لە پەروەردەوە تا تەندرووستی، لە هاتوچۆوە تا ئیکۆلۆژی، دەکرێت بە نزیکایەتیی کۆمین چارەسەری بۆ تەواوی پێداویستییەکانی شارەکان بدۆزرێتەوە. هەر ئەوندە بەسە مرۆڤ بە نزیکایەتیی “شارەوانییەکان کۆمینن” مامەڵە بکات و ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدات.
لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، سەرکەوتن لە ئیدارە خۆجێییەکان و شارەوانییەکاندا دەبێتە هۆی پێشهاتی نوێ؛ هێزێکی زیاتر دەداتە دۆخ و زەمینەی گفتوگۆی دیموکراتیک.
بەو جددیەتەی کە ئەم پرۆسەیە پێش دەخات، هیوای سەرکەوتن بۆ هەر کەسێک دەخوازم کە لە کارەکانی جێبەجێکردنی شارەوانیی دیموکراتیکی گەلدا بەشدار دەبێت. هیوادارم کۆنفرانسی ئیدارە خۆجێییەکانیش بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، سڵاو و خۆشەویستی بێکۆتام پێشکەش دەکەم.