ڕژێمی ئێران ژنێکی کوردی دەستبەسەر کرد
هەڵمەتی دەستبەسەرکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ بێدەنگکردنی دەنگیان چڕتر بووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا، ژنێکی کورد لە شاری بۆکان بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کرا.
ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری کۆڵبەرنیوز دەربارەی دەستبەسەرکردنی ژنێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەکرد، ژنێکی کورد بەناوی مەریەم دادیان تەمەن ٥٨ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان پاش ڕۆشتنی بۆ لقی لێکۆڵینەوەی دادگای ئەم شارە، دەستگیر کرا و بۆ گرتووخانەکانی ورمێ گواسترایەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە دەستبەسەرکراوە بڕیاری ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکردنی بۆ دەرچووە.
جێی ئاماژەیە، پێشتر هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بەبێ بوونی بڕیاری دادوەری هێرشیان کردبووە سەر ماڵی خێزانی مەریەم دادیان و سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراودا گرتبوو، هەروەها ناوبراو بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کرابوو و بۆ چەند کاتژمێرێک لە ژێر لێپرسینەوەدا مابوویەوە.