ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەززە کوژراون بۆ ٢١٥ ڕۆژنامەنووس بەرز بوەووە

لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسر دوو کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان ڕۆژنامەنووس، بەمەش ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کوژراون گەیشتە ٢١٥ ڕۆژنامەنووس.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان هۆشداری دەدەن لە مەترسی برسێتی کە هەموو دانیشتووانی غەززە دەخاتە مەترسییەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە زیاتر لە ١١٦ هەزار تۆن هاوکاری خۆراکی کە بەسە بۆ خۆراکی یەک ملیۆن کەس بۆ ماوەی چوار مانگ، ئامادەن بۆ گەیاندنی.

 

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕۆژی ١٣ی ئایار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بەردەوامی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل، لە نیوەی شەودا ڕاستەوخۆ بەر بینای ژووری نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ناسر کەوت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا ئاماژە کراوە کە هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ نەخۆشخانەکان دەکەنە ئامانج، نیازی خۆیان بۆ زیانگەیاندنی زیاتر و هەڕەشەکردن لە چارەسەرکردنی بریندار و نەخۆشەکان ئاشکرا دەکەن، تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیشدا.

 

ئاژانسی هەواڵی فەلەستین، 'وەفا' بڵاویکردەوە، حەسەن عەبدول فەتاح ئیسلیح،ڕۆژنامەنووس کە پێشتر بریندار بووە، لە نەخۆشخانە چارەسەری وەرگرتووە، لەگەڵ هاوڵاتییەکی دیکە کوژراوە. هەروەها ژمارەیەک نەخۆش بریندار بوون.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە ڕاگەیاندراوەکەی پشتڕاستی کردەوە کە کوژرانی حەسەن عەبدول فەتاح ئیسلیح،ڕۆژنامەنووس وەک بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی 'عالم ٢٤' کاری کردووە، بەمەش ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتە ٢١٥ ڕۆژنامەنووس.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تاوانباری بەئامانجکردن و تیرۆرکردنی سیستماتیکی ڕۆژنامەنووسان بە ژن و پیاو لە غەززە کردووە، داوا لە ڕێکخراوە ڕاگەیاندنەکان دەکەن لە سەرانسەری جیهان ناڕەزایەتی دەرببڕن لەو تاوانانە، ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی نەک تەنها لەو شوێنانەی کە هەواڵەکان

بڵاودەکەنەوە، بەڵکو لە نەخۆشخانەکانیش کە چارەسەر وەردەگرن، کراونەتە ئامانج. سەرەڕای ئەمەش هەموو هەوڵێک بۆ تۆقاندن و پاکتاوکردن بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم دامودەزگاکانی دادپەروەری لەوانە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کراوە، کە هەنگاو بنێن بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەی کە دژی ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی پزیشکی ئەنجام دراون و تاوانبارانیش دادگایی بکرێن.

 

هاوڵاتیانی غەززە لە مردندان و پێداویستییەکان چەند خولەکێک لێیانەوە دوورن

بەرنامەی خۆراکی جیهانی و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" هۆشدارییان داوە کە مەترسی برسێتی هەڕەشە لە هەموو دانیشتوانی غەززە دەکات، ئاماژەیان بەوە کردووە کە قەیرانی برسێتی و بەدخۆراکی زۆر خراپتر بووە لەو کاتەوەی کە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە ٢ی ئادار قەدەغە کرا.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، خێزانەکان لە غەززە لە برسێتیدا دەمرن، لەکاتێکدا ئەو خۆراکەی پێویستیان پێیەتی لە سنوورەکان گیر بووە. ئەوەشیان خستەڕوو، زیاتر لە ١١٦ هەزار تۆن هاوکاری خۆراکی هەیە کە بەشی ئەوە دەکات بۆ ماوەی چوار مانگ یەک ملیۆن کەس بیخوات، هاوکارییەکان ئامادەن بۆ چوونە ژوورەوە.

 

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بە گەمارۆی غەززە کردووەتەوە، چونکە هاوڵاتیان لە مردندان لە کاتێکدا پێداویستییەکان تەنها چەند خولەکێکی ماوە، ئامادەن بۆ دابەشکردن. ڕێکخراوەکە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانییەکان و ئاگربەست لە کەرتی گەمارۆدراو دەکات.

 

٩٣%ی دانیشتووانی وڵاتەکە لە دۆخێکی قەیراناویدان

لەگەڵ بەردەوامبوونی دۆخی مرۆیی لە غەززە بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە، ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی کە لەلایەن دەزگا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە ئامادەکراوە، لەنێویاندا دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری داوە لەوەی کە یەک لە هەر پێنج کەس لە غەززە - نزیکەی نیو ملیۆن کەس - ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبێتەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ٩٣%ی دانیشتووان کە یەکسانە بە ١.٩٥ ملیۆن کەس لە دۆخێکی قەیراناویدان یان خراپتر، ئەگەری زۆرە لە ماوەی ١١ مانگی داهاتوودا نزیکەی ٧١هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تووشی بەدخۆراکی توند ببن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونی کردەوە کە بەردەوامی بێتوانایی دەزگا مرۆییەکان لە گەیاندنی هاوکاری و پێداویستیەکان مەترسی برسێتی زیاد دەکات، جەختیشی کردەوە کە دۆخی ئێستا ڕەنگدانەوەی تێکچوونی بەرچاوە لە یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی خۆراکی جیهان.