ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە بۆ ٤٨ هەزار و ٣١٩ كەس بەرز بووەوە
وەزارەتی تەندروستی غەززە، نوێترین ئاماری زیانبەرکەوتووانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٤٨ هەزار و ٣١٩ غەزە كوژراون و ١١١ هەزار و ٧٤٩ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣وە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ كەرتی غەززە دەستپێكرد، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس برینداربوون و گیانیان لەدەستداو ئاوارە بوون.
دوێنێ ٢١ی شوبات، وەزارەتی تەندروستی غەززە لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانیان بە هۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە، تا ئێستا ٤٨ هەزار و ٣١٩ لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ١١١ هەزار و ٧٤٩ كەس.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕۆژی ٢٠ تا ٢١ی شوبات، ٢٢ كەس كوژراون و ١٦ كەسی دیكە بریندار بوون.