سپێدە ڕێشنۆ، وردەکاری دەستگیرکردنی دەگێڕێتەوە

سپێدە ڕێشنۆ بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دەرگایەکی شکاو لە ئینستاگرام، وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی گێڕایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، سپێدە ڕێشنۆ، خوێندکاری ڕاگیراوی زانکۆی زەهرای تاران و دژبەری حیجابی زۆرەملێ، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دەرگایەکی شکاو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، وردەکارییەکانی چۆنیەتی دەستگیرکردنی لە ١٥ی تەمموزی ساڵی پار گێڕایەوە، نووسیویەتی کە " زیاتر لە ١٢ کەس بەپەلە هاتنە ماڵەکەم و کەلەپچەیان کردم و دایاننیشاندم، ژنێک لێی دەدام لە سەر و دەموچاوم، چەند پیاوێکیش لێیان دەدام... بە هەموویان سوکایەتییان پێدەکردم".

 

دەقی تەواوی نووسینەکەی سپێدە ڕێشنۆ بەم شێوەیەیە:

"سەهۆڵم لەسەر قاچم دانابوو لە گووگڵ بۆ چارەسەری سووتاوی لە ماڵەوە دەگەڕام، لە بینایەکی سێ نهۆمی کە پێی دەڵێم "بینای کەسانی تەنها"، دەنگی دەرگا لە نیوەی شەودا ئاسایی نەبوو، وتم بەڵێ؟ وتی: من کوڕی کاک ڕەحیمیم، دەتوانی بیکەیتەوە؟" کاک ڕەحیمی کێ بوو؟ بەڕێوەبەری بیناکە کە کوڕێکی زۆر بچووکی هەبوو و ئەگەر کارێکی هەبوایە بە واتسئەپی خاتوو "ڕەشپور" داوای دەکرد.

 

هەستم بە سەرما دەکرد و لەرزم لێهات، جارێکی دیکە توند تر لە دەرگاکەیدا و وتی من کوڕی کاک ڕەحیمیم، دەتوانی دەرگاکە بکەیتەوە، دەنگی پیاوێکی تەمەن مامناوەنەد، لە پشت دەرگایەکی دارەوە، نیوەشەویش بوو، بە دەسەڵاتەوە دەیوت: من کوڕی کاک ڕەحیمیم.

 

جەستەم دەلەرزی، بەدوای مۆبایلەکەدا گەڕام، تاکە شتێک کە دەمتوانی بەرگری لێ بکەم نە خۆم بوو و نە جەستەم، بەڵکو مۆبایلێک بوو کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر کڕدرا، شاشەی مۆبایلەکەم نەدەبینی، تەنها دەنگی قاچ و مشتێکم دەبیست کە دەیکێشا بە دەرگاکەدا، ویستم تەلەفۆن بۆ کەسێک بکەم؟ نازانم، تەنها توانیم مۆبایلەکە لە شوێنێک دابنێم، بۆچی؟ نازانم.

 

دەستێک بە مشتێک لە دەرگاکە دەدات، خانم ئێمە لە هێزی پۆلیسەوە هاتووین بیکەرەوە، دەلەرزییم، جەستەیەکی نیوە ڕووت کە لە هەموو کاتێک زیاتر بێ بەرگری بووم، پاش چەند دەقەیەک دەرگاکەیان شکاند.

 

پانتۆڵێک کە لە گۆشەیەکی هۆڵەکەدا کەوتووە، کە بەهۆی ماندوویەتی کار هێشتا لەوێدا ماوەتەوە، چوومە باڵکۆنی ژووری نوستنەکە دوورترین خاڵ لە دەرگاکە خەریکی کردنەوەی بوون، هاواری یارمەتیم دەکرد.

 

لەناکاو دەنگی چەند کەسێک کە لە ژێر باڵکۆنەکەوە وەستابوون بەرز بووەوە، هاوار مەکە ئەگینا دێینە سەرەوە و ملت دەشکێنین، دەرگاکە نیوە کراوە بوو و فیشەکەیەکی هاوارکەر هەموو شتێکی بێدەنگ کرد، هاوارم دەکرد و داوای یارمەتیم دەکرد، دراوسێکانیش لە باڵکۆن و سەربانەوە سەیری منیان دەکرد.

 

لە گۆشەیەکی هۆڵەکە، بە کەلەپچەوە دانیشتبووم، ژنێک لە سەر و دەموچاوم دەدا و چەند پیاوێکی تریش لێیان دەدام، ئەو شەوە جۆرێک لە مردن بوو کە مێشک هیچ شتێکی وەرنەدەگرت.

 

نزیکەی دە، دوانزە کەس، هەموو سوچێکی ماڵەکەیان پشکنی، کەسێک خەریکی وێنەگرتن بوو، دوو کەس دەفتەر و دەستکێشیان پێبوو، منیش دەسەڵاتی هیچم نەبوو، هەر کەسێک لەوان خەریکی کاری خۆیبوو.

 

تاکە سەرکەوتنم لەو شەودا دانانی مۆبایلەکە بوو لە ژێر مێزەکە، بێهیوابوون و خەریکی ڕۆیشتن بوون، لە بێدەنگیدا تەلەفۆنەکە زەنگی لێدا، دڵیان خۆشبوو وەک ئەوەی گەنجینەیەکیان دۆزیبێتەوە.

لە بیستەم ڕۆژی دەستگیرکردن، کە لێکۆڵەرەکە منی بینی، وتی: تۆ ئەو کەسەی کە لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا خراپەکاریت کردووە؟ خراپەکاری!

 

ئیتر لەو "ماڵی عەزیز ڕەحمانی کوچە"دا نیم، بەڵام هێشتا کاتێک دەرگاکە قوفڵ دەکەم، چاوەڕێی ئەوە دەکەم کەسێک لە ماڵەکەدا بێت، بەڵام مرۆڤ وردە وردە فێر دەبێت چۆن ترسەکەی لە باوەش بگرێت و لەگەڵیدا بژی، چۆن کاتێک سەری لەسەر بەتانییەکەی دادەنێت، چاوەڕێی ئەوە دەکات کە تەقەمەنییەک بەر ناوەڕاستی دەرگاکە بکەوێت، تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نەمتوانی باسی ئەو شەوە ٢٥ بۆ کەسێکی تر بگێڕمەوە یان دێڕ بە دێڕ بینووسم یان تەنانەت ئەم وێنەیەش ببینم.

 

ئەو نیوەشەویە نەمتوانی بخەوم، ئەو ژنە سەرلێشێواوە چۆن دەیتوانی بخەوێت؟ ناوەندی دەستبەسەرکردنەکە بۆ من باوەڕپێنەکراو بوو، چاوەڕوانبووم بەیانی بێت و لەو کابووسە خەبەرم بێتەوە.