"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتحاڵی ڕۆحی بەرخۆدانی کوردە"

فاتمە لەکتۆ، ئەندامی ئەنجومەنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-”کەنەکە” بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: یەکگرتوویی گەلی کورد بە یەکڕیزیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەدی دێت و ڕۆحی یەکگرتوویی لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتە پێشەوە.

سارا عەگید

 

قامیشلۆ – یەکگرتوویی کورد یەکێکە لە بناغە گرنگەکانی گەشەپێدان و سەرکەوتنی گەلی کورد، مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە گەلی کورد کاتێک یەک دەنگ و یەک ڕۆحی هەبێت، دەتوانێت بەرخۆدان بکات، هەروەها دژی دوژمنان بوەستن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن، یەکگرتوویی کورد تەنها پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو پرسێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری و نەتەوەییە، پێویستە گەلی کورد کار لەسەر بناغە هاوبەشەکانی وەک زمان، کولتوور، مێژوو و ئامانجە هاوبەشەکانیان بکات، بەبێ یەکگرتوویی هیچ شتێک بەدی نایەت، بەڵام بە یەکڕیزی، گەلی کورد دەتوانێت هەموو ئاستەنگەکان تێپەڕێنێت و داواکارییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

 

فاتمە لەکتۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ”کەنەکە” بۆ ڕۆژئاوای کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێرەکەمانی سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی و گرنگی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان دایەوە.

 

*جەنگی جیهانی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە. کورد ئەکتەری سەرەکی ئەم شەڕەیە، گەلی کورد بەرەنگاری پلان و پڕۆژەی زلهێزە هەژموونەکانە بۆ دەستەبەرکردنی بوونیان، چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنیت؟

قەیرانێکی بەرفراوان لەناو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەکرێت، نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش دیزاینێکی نوێ دروست دەکرێت، هەروەها پێچەوانەبوونەوەی سیاسی، بۆ چەندین سەدە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە مەیدانی شەڕ بووە، ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت زۆر هەستیارە و ئەو گەلانەی بەرخۆدان دەکەن سەرکەوتوو دەبن.

 

”لۆزان پشکی گەلی کورد نابێت”

سەد ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین ڕێککەوتن کرا، ناوچەکە دیزاین کرایەوە و نەخشەیەکی نوێ دروستکرا، بەداخەوە کوردستان دابەش بوو و وەک قەوارەیەک هەمیشە کەوتە بەر هەوڵی لەناوبردنی و مافی گەلی کورد لە یاسا و دەستووردا نەما، هەرچەند گەلی کورد کەوتۆتە ژێر ئەو پلان و پڕۆژانە، بەڵام ئەم گەلە بێدەنگ نەبووە، شۆڕش لە دوای شۆڕشیان کردووە، مافەکانی خۆیان بەدەستەوە نەدا، هەروەها هەوڵی لەناوبردن و ئاسمیلەکردن و دوورخستنەوە و بڕینی خەڵک لە کولتوور و زمان و بیروباوەڕی ڕەسەنیان هەبووە، بەتایبەتی باوەڕی ئێزدی کە هەمیشە ملکەچی فەرمانە، ئێستا پەنجا ساڵە گەلی کورد خۆی نوێ کردووەتەوە، شۆڕشێکی سازکردووە و بەم شۆڕشە توانیویەتی ماف و بوونی خۆی لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات، هەرچییەک ڕووبدات، لۆزان هەرگیز وەک جاران نابێت بۆ گەلی کورد.

 

”ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتحاڵی ڕۆحی بەرخۆدانی کوردە”

١٥ ساڵە شۆڕشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویداوە، خەباتێکی بێ وێنە بەڕێوەدەچێت، کەچی هێشتا ئەم شۆڕشە لەلایەن دوژمنەوە هێرش دەکرێتە سەر، بەتایبەت هێرشی شەشی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ سەر هەرێم بە هەموو توندی و شێوازە سەربازییەکانیەوە، هەرێمی خستووەتەبەر ئەو هێرشانە، نەک هەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو باشووری کوردستانیش هەمان دۆخ بەخۆیەوە دەبینێت و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕووبەڕووی هێرشی زۆر سەخت بووەتەوە، گەلی کورد بەرخۆدانێکی گەورە ئەنجام دەدات، لە باکووری کوردستانیش هەموو پارت و تاکەکان لە دژی ئەقڵیەتی ئاکەپە و مەهەپە خەبات دەکەن، تەڤگەریەکی بەرخۆدانی گەورە لە ناوخۆی کوردستان بە گشتی هەیە، هەروەها تەڤگەریەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕۆحی بەرخۆدانی گەلی کورد بۆ دەستەبەرکردنی ماف و بوونی گەلی کورد هەیە، ئەم گەلە بۆ بوونی خۆی، بە سەختی کاردەکات.

 

*چی پێویستە بۆ ئەوەی گەلی کورد بوونی خۆی بپارێزێت و پێگەی هەبێت؟

گەلی کورد بە گشتی دەبێت خەبات بکات بۆ پاراستنی پێگەی خۆی، چونکە ئەم گەلە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ماف و پێگەیەکیان بۆ نەبووە، زۆر بەڵێن بۆ بوونی گەلی کورد دەدرێ، بەڵام تەنها بە قسە دەمێنێتەوە، ئێستاش حکومەتی کاتی دیمەشق بەڵێنی زۆری بۆ هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان داوە، بەڵام لە ڕاستیدا جێبەجێ نەکراون،هەرچەندە زۆرێک لە ڕێککەوتنەکان واژۆ کران بەڵام جێبەجێ نەکران و پێشێل کران، هەر بۆیەشە ئێمە بۆ ئەمە خەبات دەکەین، ئەمەش یەکەم پرۆسەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەرچەندە ١٥ ساڵە خەبات هەیە و باجی قورسیان دراوە، بەڵام ئەم خەبات و بەرخۆدانە داهاتووی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان مسۆگەر دەکات و پێگەیشی دەبێت.

 

”حکومەتی ئێستای دیمەشق کاتییە”

با حکومەتی ئێستای دیمەشق بزانێت کە ‘کاتییە’، پێشبینی زۆر هەیە بۆ داهاتووی سووریا، پڕۆسەی یەکگرتنی دیموکراتیک کە لە ناوخۆی سووریا باسی لێوە دەکرێت، دەبێتە ڕێگای چارەسەر بۆ هەموو گەلی سووریا، بەڵام ئەگەر حکومەتی ئێستا قبوڵ نەکات، ئەوا خەبات بەردەوام دەبێت، ئێمە ١٥ ساڵە لە دژی ئەقڵیەتی بەعسی خەباتمان کردووە، ئەم خەباتەش بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەو خەباتەی دەیکەین بە شێوازی جیاواز دەبێت، چەکدار نابێت، تەڤگەر و ڕێکخراو و دامەزراوە زۆرن کە دەتوانن درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، چونکە یەکگرتن هەڵوەشاندنەوە نییە، بەڵکو دوژمنی گەلی کورد پێی دەڵێ هەڵوەشاندنەوە. چونکە دەیەوێت هیوای خەڵک بشکێنێت، ئێمەش پێداگرین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دیموکراتیکیمان.

 

”دەنگی گەلی کورد یەک دەنگە”

لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە دەنگی گەلی کورد لە هەموو شوێنێکدا یەک دەنگە، چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە ڕەوەندیشدا، ئیتر نە منداڵی کورد و نە گەل ستەم قبوڵ دەکەن، چونکە کۆمەڵگەی کوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە سیاسەت دەناسێت، هەناسەی ئازادی هەڵمژیوە، ئەم گەلە ئێستا لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و نیشتمانیدا شارەزایە.

 

*بە ‘بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک’ی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێگای یەکگرتوویی گەلی کورد کرایەوە، بۆچی لەم پڕۆسەیەدا یەکگرتوویی کورد زۆر گرنگە؟

بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ناو دورگەی ئیمرالی خەباتێکی بێ وێنە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و ئارام بەڕێوە دەبات، لە ڕێگەی بۆچوون و بیرۆکە و تێزەکانییەوە هەنگاوی زۆری ناوە بۆ دروستکردنی چارەسەرێک لەناو تورکیادا، هەروەها بیرۆکەی زۆری داوە بە دەوڵەتی تورکیا بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد چ لە تورکیا و چ لە وڵاتانی دراوسێ،

بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و بەرجەستە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەنراوە، خۆی لە کۆبوونەوەکاندا سنوردار کردووە و گۆشەگیرییەکەی سست کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە لەناو پەرلەمان یان هیچ گۆڕانکارییەکی لە دەستووردا نەکردووە بۆ مافی هیوا.

 

"یەکگرتوویی گەلی کورد بە یەکڕیزی بەشەکانی کۆمەڵگە دەبێت"

پێویستە لایەنە کوردییەکان پێکەوە کار بکەن بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و پێکەوە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی شتی گەورە، یەکگرتوویی گەلی کورد لەگەڵ حیزبەکان، تاکی سەربەخۆ، هونەرمەند، نووسەر، خوێندکار، پارێزەر، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە زۆر گرنگە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک و کۆمەڵگەکانی دەوروبەرمان کە لە ژێر کاریگەری کۆمەڵگەی کوردیدا بن.

 

”بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەڕەخسێنن”

بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگن، چونکە چارەنووسی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن، لە ڕێگەی بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆوە دەبینە سەرکردەی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها گەلی کورد.

*ژنی کورد چ ڕۆڵ و ئەرکێکى هەیە لە پرسی یەکگرتووى نیشتیمانى؟

لەوانەیە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵیان هەبێت و ڕەنگە تەڤگەری ژنانیش هەبن، بەڵام ژنانی کورد لە بیرکردنەوە و تەڤگەریەکانیدا، لە لایەنی بایۆلۆژی و هزریدا تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە، ژنی کورد عاشقی ئازادییە، ستەم قبوڵ ناکات، بارگرانی کۆمەڵگە هەڵدەگرێت و هەر بەو هۆیەشەوە ژنان پێشەنگن لە کۆمەڵگەکەیاندا، لە مێژووەوە تا ئێستا ژنی کورد هەمیشە پێشەنگ بووە، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ١٩ی تەمموزدا بە ”شۆڕشی ژنان” ناسراوە، تەڤگەریەکانی ژنان وەک ’یەکێتی ستار” دامەزران کە دواتر بە کۆنگرەی ستار ناسرا، ماڵی ژنان، گروپەکانی ژنان، ژنانیش بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان لە چوارچێوەی تەڤگەریە گشتییەکان ڕێکخست، وەک تەڤگەری لاوان، کە کۆمەڵەی ژنانی گەنجی ڕێکخست.

 

پشکی ژنان لە خئبەڕێوبەریدا لە ٪٥٠ بوو، هەروەها شوێنێکی زۆریش بۆ ژنان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتیدا تەرخانکرابوو، هەرچەندە هێرش و پلان و پڕۆژەی دەرەکی کە دەیانەوێت وەک گەلێک هەڵبوەشێننەوە بەس نین بۆ تێرکردنی خەباتەکەمان، بەڵام دەبێت زیاتر خۆمان ڕێکبخەین.

 

”خۆڕێکخستن پێویستییەکە بۆ خەڵک و ژنان"

خۆڕێکخستن پێویستییەکی گرنگ و دڵنیاییە بۆ مرۆڤەکان، خۆڕێکخستن هزرێکی ئازادە، بۆ ئەوەی ژنان خۆیان ڕێکبخەن، لایەنە سیاسی و ئەدەبی و زانستییەکانی زۆر گرنگن، پێویستە ژنان لە هەموو دامودەزگاکاندا بەهێزتر خۆیان ڕێکبخەن و دەبێت پشتیوانی ژنان بکەین، یەکینەکانی پاراستنی ژنان ”یەپەژە”، یەکەم یەکە کە دژی گەورەترین تیرۆری جیهان، داعش، بە هێزی خۆی شەڕی کرد و تیرۆری خۆیان تێکشکاند، کە لەلایەن ژنانی کوردەوە پێشەنگایەتی کرا، بۆ ئەمەش دەبێت پشتیوانی هێزی یەپەژەمان بکەین و پاڵپشتی دەسەڵاتی دیپلۆماسی ژنان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ببینە هێز و دەنگی هەموو ژنان.

 

”ژنی کورد بە خەباتی خۆی بوو بە پێشەوای گەل'”

ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانیش بەشداری خەباتەکەیان کردووە، بەڵام ئەگەر ژنی کوردیش وەک ئەوەی ژنی عەرەب لەدەست بدەین، دە هێندە ژنی کورد لەدەست دەدەین.

چونکە ژنانی پێکهاتە عەرەبییەکان زیاتر بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ڕزگاری خۆیان لە ژنی کورددا دۆزیەوە، ژنانی کورد پێشەنگایەتی شۆڕشیان کرد و ژنانی عەرەبیان لە ناوچەکانی تەبقا، ڕەققە، مەنبەج و دێرەزوور پێشەنگایەتی کرد، ئێمە وەک ژن نابێت بکەوینە تەڵەی فێڵ و ڕەشبگیری و گەندەڵی. بە ڕۆح و بوون و زمان و هۆشیاری ژنان کۆمەڵگە لەم قەیرانە قووڵە ڕزگار دەکەین.

 

*وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەوڵەکانتان چییە لەسەر پرسی یەکڕیزی نیشتمانی؟

ئەو پرۆسەیەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕین پێویستی بە ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی هەیە، ئەمەش خواستی هەموو کۆمەڵگەکەمانە، ڕۆحی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد لە کاتی هێرشە توندەکانی سەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە سەریهەڵدا، گەلی کورد بە هەموو ئەندامەکانیەوە شۆڕشی کرد و پاڵپشتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد، چونکە لەدەستدانی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، لەدەستدانی هەموو کوردستانە.

 

”چالاکییەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان”

وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەرک و چالاکی زۆرمان هەیە، لە هەموو ناوچەکانی ڕەوەند و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس دەستمان بە کۆبوونەوە کردووە، هەروەها دەستمان بە کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتی و حزب و ڕێکخراوە کوردییەکان کردووە و خەریکی کۆکردنەوەی بیرۆکەین بۆ ئەوەی بتوانین کۆنفرانسەکەمان ئەنجام بدەین و بیکەینە خاڵی کۆبوونەوە بۆ کورد، دەستەبەرکردنی مافەکانی، گەلی کورد لە هەموو شوێنێکدا دەتوانێت ببێتە یەک هێز، یەک دەنگ و لە ژێر سایەی ئەم کۆنفرانسەدا یەکگرتوویی خۆی ڕابگەیەنێت.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتوویی حیزبەکان مسۆگەری مافەکانی گەلی کوردە، هەموو کۆمەڵگە دەیەوێت مافەکانیان بە شێوەیەکی سەقامگیر و ئاشتیخوازانە و دیموکراتیکیانە بپارێزرێت، بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتن پێویستە لایەنە کوردییەکان یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن، هەر بۆیە گرنگە هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە دژی هەوڵە دەرەکییەکان بخەینەڕوو.