ژنێکی گەنج توشی نەخۆشی " هاری سەگ" بوو

ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵان وەک یەکەم حاڵەتی توشبووی " هاری سەگ" لە بەعقوبە تۆمارکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، یەکەم حاڵەتی تووشبوونی بە نەخۆشی "هاری سەگ" لە نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری دیالە تۆمارکرا.

 

لە شار و ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوەی سەگی بێسەرپەرشت "سەگی بەرەڵا" بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، وێڕای ئەوەی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان دروست كردووە، نیگەرانییەکانی لە گەڕانەوەی نەخۆشی هاری زیاد كردووە.

 

پزیشک ئیبتیسام محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری دیالە بۆ ئاژانسی "المعلومە" ڕایگەیاندووە، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵان خەڵکی قەتەعەیە لە باکووری قەزای مقدادیە ٤٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەعقوبە، تووشی نەخۆشی هاری سەگ بووە و بۆ چارەسەرکردن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری بەعقوبە.

 

ئاماژەی بەوەداوە، لە چەندین مانگی ڕابردووەوە ئەوە یەکەم حاڵەتی توشبوونە بە هاری سەگ، ئەو ژنە لەلایەن سەگێکەوە هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا بریندار بووە، بەڵام سەردانی هیچ بنکەیەکی تەندروستی نەکردووە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکدایە.

 

ئەو پزیشكە هۆشداری بە هاووڵاتیاندا کە پێویستە زیاتر ئاگادار و وریابن بەرامبەر بە سەگی کۆڵان و شەقامەکان، ڕێنماییەکان جێبەجێبکەن و بەپێی چوارچێوەی خۆپارێزی و چارەسەر مامەڵە لەگەڵ هەر حاڵەتێکدا بکەن، بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی هاری نەبن.

 

لە ماوەی ڕابردوو، لە شار و شارۆچکەكانی هەرێمی کوردستان چەندین حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بەرەڵا تۆماركراوە و هاووڵاتیان داوای چارەسەركردنی ئەو دۆخەیان كردووە، چونکە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان و بەتایبەتی منداڵان هەیە، لەلایەن شارەوانییەوە شوێنی تایبەت بە كۆكردنەوەیان دروست كراوە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی چارەسەر نەبووە.