کەشێکی پیاوانە زاڵبووە بەسەر تاقیکردنەوەکانی مۆڵەتی شۆفێری

لە ئێران کەشێکی تەواو پیاوانە زاڵە بەسەر شوێنی تاقیکردنەوەکانی مۆڵەتی شۆفێری، ئەمەش وایکردووە ژنان بە جددی وەرنەگیرێن و گاڵتەیان پێبکرێت.

ژونا ئەردەڵان

 

سنە- بارودۆخی تاقیکردنەوەی شۆفێری زۆر ناڕەحەتە بۆ ژنان، دەبێت چەند کاتژمێرێک چاوەڕێ بکەن تا ئەفسەرێک بە تەنیا هەموویان بپشکنێت، لە شوێنی تاقیکردنەوەکە هیچ کورسی و کەرەستەیەکی ئاسوودەیی بۆ ژنان لێ نیە، تاقیکردنەوەکە لە کاتژمێر شەشی بەیانی دەست پێدەکات، بۆیە ژنان ناچاردەبن چەندین کاتژمێر لە ژێر گەرمی تیشکی خۆر چاوەڕێ بکەن.

 

یەکێک لەو ژنانە بە ناوی شەرمین.پ وتی: " ئەمە سێیەم جارە بۆ تاقیکردنەوە دێم و هەرجارێک دەبێت شەست هەزار تومەن بدەم و ئەمەش جگە لەو چەند ملیۆنە کە پارەم داوە بۆ تۆمارکردنی بڕوانامەکەم، هەموو جارێک کاتژمێر پێنج بۆ شەشی بەیانی منداڵە بچووکەکەم بە تەنیا لە ماڵەوە بەجێدەهێڵم و دێم  بۆ ئێرە، بەڵام ئەفسەرەکان بە بیانووی ساختە ڕەتم دەکەنەوە، لە کاتێکدا چەند ساڵێکە شۆفێری دەکەم و هیچ کێشەیەکم نییە، هەندێکیان بەڕاستی دەمارگیرن وە بە ڕەفتارێکی ناشیرین مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، تەنها چەند ساتێک لەمەوبەر یەکێک لە ژنەکان بە شێوەیەکی بێ ڕێزی مامەڵەی لەگەڵدا کرا، ئەفسەرەکە گاڵتەی پێکرد بەهۆی تەمەنەکەیەوە، پێی دەوت " لەم تەمەنەدا دەتەوێت چی لە مۆڵەت بکەیت؟" لە کاتێکدا ئەو جۆرە مامەڵەکردنە دوورە لە مرۆڤایەتی."

 

شەرمین.پ وتی: "لە کۆبوونەوەی پێشوودا کە هاتین یەکێک لە ژنەکان ناڕەزایی دەربڕی، چونکە ناچاردەبین بڕێکی زۆر پارە خەرج بکەین، بۆچی نابێت شوێنێکی گونجاو هەبێت بۆ ئەوەی ژنان دابنیشن و چاوەڕێ بکەن؟ وەڵامەکەیان ئەوە بوو کە ئەوان دەسەڵاتیان نیە و تاوانبار نین، بڕوانامەی شۆفێری جۆرێکە لە ناچاری، ئەگینا من خۆم هەرگیز ڕازی نەدەبووم بەو مەرجە تاقیکردنەوەکە ئەنجام بدەم و بێڕێزییەکی لەو شێوەیەم قبوڵ نەدەکرد."

 

نەبوونی ئەفسەری ژن وایکردووە کەشێکی تەواو پیاوانە زاڵببێت

وتیشی: " هۆکارێکی دیکە نەبوونی ئەفسەری ژنە، کەشێکی تەواو پیاوانە بەسەر شوێنی تاقیکردنەوەکاندا زاڵە و تەنانەت یەک ژنیش لەوێ نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گاڵتە بە ژنان بکرێت و بە جددی وەرنەگیرێت، ژنان هەموو جارێک بە هۆکارێک ڕەت دەکرێنەوە و بارودۆخی بێزارکەریان بۆ دروست دەکرێت، دەزانم کە ئەم مەرجانە بۆ پیاوان بوونیان نییە."

 

شەرمین لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " ئەم بابەتە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، هیوادارم هەلومەرجی گونجاو بۆ ژنان لەو شوێنانە دابین بکرێت، زیادکردنی ژمارەی ئەفسەرەکان و ئەوانەی کارتەکان دەگەیەنن، هەروەها ئەفسەرانی ژن زیاتر ئامادەبن، چونکە بەڕای من ئەفسەرە ژنەکان زیاتر ڕەچاوی ژنان دەکەن و لە بارودۆخەکانیان تێدەگەن، چونکە ئەوانیش دایکن و دەزانن دۆخەکە چۆنە بۆ ژنێک کە بۆ چەند کاتژمێرێک کۆرپەیەک بەجێدەهێڵێت."

 

ژمارەی ئەفسەرانی ژن لە ئێراندا کەمە، بە تەواوی لەگەڵ یاساکانی دژ بە ژنی ئێراندا دەگونجێت، ڕەنگە زۆر شت لەم حاڵەتەدا نەتوانرێت بکرێت، چونکە هەرچەندە زۆر ژن هەن کە ئارەزووی ئەم کارە دەکەن و لە تواناکانی خۆیان ڕادەبینن، لە لایەکی دیکەوە بە دڵنیاییەوە یاساکانی ڕژێمی ئێران هەلومەرجێکی کەمیان بۆ قبوڵکردنی ژنان لەم جۆرە کارانەدا ڕەخساندووە.

 

شەرمین و زۆرێک لە ژنان ناڕازین بەو هەلومەرجەی کە هەیە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ڕەخنە لەو مەرجانە نەگیراوە، سکاڵاکان نەگەیشتووەتە هیچ شوێنێک و زۆر جار بە بێ ڕێزی لە هەمان شوێنی پشکنین یەکلایی دەکرانەوە، ئەم بێڕێزییانە لەلایەن ئەفسەرەکانەوە بووەتە یاسای.