ئیسرائیل بە درێژایی شەو بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە

لە هێرشەکانی ئیسرائیل کە بە درێژایی شەو لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی غەززە بەردەوام بوو، نزیکەی ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەبێ پچڕان بەردەوامە.

 

لە ڕۆژی ٢٨٦ی هێرشەکاندا، بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمیی فەڵەستینی وافا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ماڵێک لە ناوچەی زەفەیدا کە دەکەوێتە کامپی پەنابەرانی نوسیرات لە بەشی ناوەڕاستی کەرتی غەززە، ٦ فەڵەستینی لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا و زۆر کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کە مزگەوتی عەبدوڵا عەزەمیان لە کامپی ئاوارەکانی نوسیرات کردە ئامانج، کەسێک گیانی لەدەستدا و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون، لە هەمان کاتدا لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە کامپی پەنابەرانی بوریج کە دەکەوێتە کەرتی ڕۆژئاوای غەززە، ٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٧ کەسیش برینداربوون و ٤ منداڵیش گیانیان لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان زۆربەی بریندارەکان ژن و منداڵن و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

خان یونس بۆردومان کرا

هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر دێربەلا کە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی غەززە ئەنجامدرا، لە هەمان کاتدا یەکینەکانی تۆپخانەکانی ئیسرائیل شاری ڕەفعە و خان ​​یونسیان لە بەشی باشووری غەززە تۆپباران کرد، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٥ هەزار و ٦٩٤ منداڵ، ١٠ هەزار و ٢٧٠ ژن گیانیان لەدەستداوە، ٨٩ هەزار و ٣٦٤ کەسیش بریندار بوون، دەوترێت هێشتا هەزاران تەرمیش لە ژێر دار و بەردا ماون.