یونیسێف: لە ماوەی هەفتەیەکدا ٥٩ منداڵ لە لوبنان کوژران
یونیسێف بڵاویکردەوە، ، سەرەڕای ئاگربەست لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٥٩ منداڵ لە لوبنان کوژراون یان برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕایگەیاند، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٥٩ منداڵ لە لوبنان کوژراون یان بریندار بوون.
٢٣ کەس کوژراون
یونیسێف بەبیری هێنایەوە کە لە نێو قوربانییەکان، ئەمڕۆ دوو منداڵ و دایکیان لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کوژراون. بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە سەرەتای ئاگربەستەوە تا ئێستا ٢٣ کەس کوژراون و ٩٣ کەسیش برینداربوون.
"منداڵان دەبنە ئامانجی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان"
یونیسێف ڕایگەیاندووە، لە ٢ی ئاداری ئەمساڵەوە نزیکەی ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٠٦ کەسیش برینداربوون، هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە نزیکەی ١٤ منداڵ دەکوژرێن یان بریندار دەبن.
"نابێت منداڵان بکوژرێن، پێویستە بچنە قوتابخانە"
بەڕێوەبەری هەرێمی یونیسێف بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند، لەبری ئەوەی منداڵان بکوژرێن یان بریندار ببن، پێویستە بچنە قوتابخانە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی ٧٧٠ هەزار منداڵ ڕووبەڕووی فشاری دەروونی دەبنەوە وەک دڵەڕاوکێ و کابوس و خەمۆکی. ڕێژەی ترس لە منداڵاندا گەیشتووەتە ٧٢٪ و خەمۆکی گەیشتووەتە ٦٢٪.
یونیسێف داوایکرد کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتی دەروونی بۆ منداڵان، جێبەجێکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاگربەست و پاراستنی خەڵکی مەدەنی. پێداویستییە مرۆییەکانی ئێستا لە سەرچاوە بەردەستەکان زیاترە.