لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک گیانی لەدەستدا

لەیلی پایمەرد، لە شاری پیانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەوترێت کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندراوە، گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە لەیلی پایمەرد خەڵکی پیرانشار پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

ئەو ژنە دایکی دوو منداڵ بووە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو هەر لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی (م. ر) ئاگری تێبەردراوە، هاوژینی ئەو ژنە دوای ئەوەی بە سوتاوی لەیلی پایمەردی لەبەردەم ماڵی باوکی بەجێهێشتووە، بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و تائێستاش دەستگیرنەکراوە.

 

دواتر بە مەبەستی چارەسەری ئەو ژنە گواسترابووەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی، بەڵام بەهۆی زۆری سوتانەکەیەوە دوای چوار ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

هەر بۆیە پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان 'پاژک' و کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان 'کەژەکە' هەڵمەتێکیان لەپێناو خۆڕێکخستن و خۆپاراستنی ژنان دەستپێکردبوو و باسیان لەوەشکردبوو کە ئەمە تاکە گەرنتیکاری پاراستنی ژنانە لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی پیاوسالاری ولەو چوارچێوەشدا داوایان لە ژنان کردبوو پەیوەست بن بەو کەمپینەوە.