ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی: ڕوونکردنەوەی دۆسیەی ڕۆژین ئەرکی حکومەتە

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی لە بارەی گیانلەدەستدانی گوماناویی ڕۆژین کابایش ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، کە دامودەزگاکانی دەوڵەت لە هەوڵی پەردەپۆشکردنی کوشتنی ژناندان و داوا کراوە کە وەڵامی ئەو پرسیارانەی لە ڕاپۆرتی پەیمانگای پزیشکی دادوەریدا هەیە.

ئەنقەرە

 

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی سەبارەت بە ڕۆژین کابایش کە لە وان لە هەلومەرجی گوماناویدا ژیانی لەدەست دا، لێدوانێکی نووسراوی بڵاو کردەوە.

 

”بێدەنگیی وەزیرەکان ڕێگرە لەبەردەم لێکۆڵینەوەدا”

لەو لێدوانەی کە لەسەر هەژماری ئێکس (X)ی ئەنجومەنی ژنان بڵاو کرایەوە، سەرنج خرایە سەر ئەو ڕاستییەی کە کوشتنی ژنان لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە دەشاردرێتەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: پارێزگاری شار بێ ئەوەی پشکنینی تەرمیش بکرێت، ئەم کوشتنەی وەک "خۆکوشتن" ناوبرد، ئەمە خۆی بەڵگەیە، هەرچەندە ڕۆژانە زانیاریی نوێ سەبارەت بە کوشتنی ڕۆژین کابایش دێنە ئاراوە، بەڵام بێدەنگیی وەزیرەکانی وڵات نیشانەی ئەوەیە کە چۆن ڕێگری لە لێکۆڵینەوە دەکرێت.

 

”ئەم ئەنجامانە بۆچی دوو ساڵە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ناکرێت؟”

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی سەرنجی خستە سەر ماددە چالاکەکانی دەرمان کە لە ڕاپۆرتی دەزگای پزیشکی دادیدا دیاری کراون و جەختی لەوە کردەوە، کە چارەسەرنەکردنی ئەم دۆسیەیە نیشانی دەدات کە چۆن کوشتنی ژنان پەردەپۆش دەکرێت.

 

لە لێدوانەکەدا دیار کرا، کە دەبێت وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی داد وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە:

ئەو ماددە چالاکانەی دەرمان کە لە گەدە و ئەندامە ناوخۆییەکانی ڕۆژیندا دەستنیشان کراون، لە کوێوە هاتوون؟

ئەم دەرمانە لەلایەن کێوە و کەی دراوە بە ڕۆژین؟

ئایا تۆمارەکانی ئەو نەخۆشخانەیەی کە نەشتەرگەریی تێدا کراوە، کۆنتڕۆڵ کراون؟

ئایا لەگەڵ پزیشک و کارمەندە تەندروستییە پەیوەندیدارەکاندا قسە کراوە؟

بۆچی ئەم ئەنجامانە دوو ساڵە نەکراونەتە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان؟

 

لە کۆتایی لێدوانەکەدا، داوای ئاشکراکردنی وەڵامی ئەم پرسیارانە کرد کە دەبێتە هەنگاوێکی دڵسۆزانە بۆ تێکۆشان دژی کوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەم وڵاتەدا، ڕوونكردنەوەی دۆسیەی کوشتنی ڕۆژین کابایش، ئەرکه ئەم حوکومەتەیە بەرامبەر بە ژنان.