ماددە هۆشبەرەکان گەنجان دەکەنە ئامانج... بانگەواز بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری و دامەزراندنی ناوەندەکانی چارەسەرو چاکسازی
ژنان لە وان لە باکووری کوردستان داوایان کرد خەباتی کۆمەڵایەتی دژی بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەت لە نێو گەنجاندا، بەهێزتر بکرێت.
مەمیهان هیلبین زەیدان
وان ـ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە شارەکانی باکووری کوردستان، بەتایبەت لە نێو گەنجاندا، وەک ئەنجامێکی سیاسەتەکانی "جەنگی تایبەت" لە پال کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا بڵاودەبێتەوە، پلاتفۆرمی شیار بە (Şiyar Be) کە لە چەند شارێکی باکووری کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کار دەکات، کارە مەیدانییەکانی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری درێژپێدەدات، ئەوەش لە چوارچێوەی کەمپینی "هەڵستنە سەر پێ" کە تازە دەستی پێکردووە.

ئەلیف شوکور، ئەندامی سەرۆکایەتی شارەوانی ڕیا ئارموش، ڕوونیکردەوە، کە ئەوان لە کاتی کارکردنیان گرنگی بە ئەنجامدانی چالاکی دەدەن، بەتایبەت لەو گەڕەکانەی کە بە "خاڵە نادیارەکان" دەناسرێن، بۆ زیادکردنی ئەم چالاکییانە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی، کارەکانمان بەردەوام دەبن.
ژنانی گەنج کراونەتە ئامانج
لەیلا چەلیك، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی توشبا، ئاماژەی بەوە دا، کە ماددە هۆشبەرەکان بڵاوترین ئامرازی جەنگی تایبەتن وتی: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت لە تەمەنی هەرزەکاریدا، ئامانج لەوەش ئەوەیە کە گەنجان، بەتایبەت ژنانی گەنج، بە تەواوی لە کۆمەڵگە داببڕێنرێن.

ڕوونیکردەوە، کە دەوڵەت سیاسەتێکی جددی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان پەرەپێنادات، بەڵکو وەک خۆی وتی: سیاسەتی لێخۆشبوون لە سزاکان بە تەواوی جێبەجێ دەکات، بە هیچ سزایەکی توند بۆ فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان یان بەکارهێنانیان نییە، تەنانەت دەوڵەت رێگریشی لێ ناکات.
جەختی لەوەشکردەوە، کە کاتێک لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەیری ئەم بابەتە دەکەین، دەبینین کە دەبێتە هۆی کۆمەڵگەیەکی لێکترازاو بە تەواوی، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەمە بێینەوە، دەبێت چالاکی زیاتر بۆ گەنجان رێکبخەین، هانیان بدەین بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ئەنتیگراسیۆن و ڕێکخستن لە نێوان خۆیاندا، ئێمە پرۆسەی بونیادنانەوە لە ناوخۆمانەوە دەست پێدەکەین، بە ئامانجی لەناوبردنی ئەم سیاسەتانەی جەنگی تایبەت پێشڕەوی دەکەین.
لەیلا چەلیك ئاماژەی بە کەمپینە نوێیەکەی پلاتفۆرمی "هۆشیار ببنەوە" دا و وتی: کاردانەوەی ئەرکی و جددی لەلایەن گەنجانی سەرجەم گەڕەکەکانەوە لەبارەی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە، ئێمە ناخەینە گەڕ و نامان هەوێت ماددە هۆشبەرەکان لە گەڕەک، شەقام و ماڵەکانماندا بفرۆشرێن یان بەکاربهێنرێن، ئێمە دەمانەوێت ئەنتیگراسیۆن و وەک تاکە تەندروستەکان هەڵوێستێکی ڕێکخراو لەم ناوچەیەدا بگرینەبەر.
"ڕێگە بە شەڕی تایبەت نادەین"

مەدیا مەرمیت، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئەدرمیت، جەختی لەوە کردەوە، کە زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە باکووری کوردستان ئەنجامی سیاسەتەکانی جەنگی تایبەتە، وتی: ڕێگە نادەین ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان بڵاوببنەوە، ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئامرازەکانی جەنگی تایبەت نادەین کە لە ڕێگەی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکرێن و گەنجان دەکەنە ئامانج، لەم ڕووەوە کارەکانمان بەردەوام دەبن، هەروەها خەبات و کارەکانمان دژی ئەو سیاسەتانەی دژمان پەیڕەو دەکرێن بەردەوام دەبێت.
چی دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانییەکان؟

سەبارەت بەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، یەڵدز تۆنجەر، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ڕیا ئارموش، ئاماژەی بەوە دا، کە ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان چالاکی جیاواز ڕێکدەخەن و کار بۆ کۆکردنەوەی گەنجان دەکەن، وتی: هەوڵ دەدەین، تا ئەو جێگەی بۆمان بگونجێت، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا تیشک بخەینە سەر چالاکییە کولتوورییەکانمان کە ئاراستەی گەنجان کراون، گەنجان و گەلەکەمان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی جەنگی تایبەت کۆدەکەینەوە، لەم ڕووەوە، وەک شارەوانییەکان، هەوڵ دەدەین هەموو ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانە ئەنجامی بدەین.
ڕوونیکردەوە، کە ماددە هۆشبەرەکان کێشەیەکی گەورەن لە سەرانسەری تورکیادا، بەڵام دەست دەکەن بە بڵاوبوونەوەی زیاتر، بەتایبەت لە شارەکانی باکووری کوردستان، ئێمە وەک شارەوانییەکانی سەر بە پارتی دابەشکاری و دیموکراتی گەلان ”دەم پارتی”، تیشک دەخەینە سەر ئەو کارانەی کە لەم بوارەدا پێویستن، خەباتمان دژی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوام دەبێت.
چارەسەرکردنی قۆناغەکانی پێکدادان لەلایەن دەوڵەتەوە

هاوکات ئایتان کیران، هاوسەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) لە وان، ڕوونیکردەوە، کە کۆمەڵەکە ئەندامە لە پلاتفۆرمی "هۆشیار ببنەوە"، پێیوایە کە دامەزراوەکان هێشتا لەم بوارەدا بێتوانان.
جەختی لەوەکردەوە، کە پێویستە کارێکی زۆر پیشەیی ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی پلاتفۆرمەکە هێشتا نوێیە، دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوی جددی تری لەبارەیەوە بنرێت، لەو ماوەیەی کە پێکدادانی تێدا بوو، وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی جەنگی تایبەت لە نێو گەنجانی کورددا بڵاوکرایەوە.
جەختی لە هەستیاری قۆناغەکە کردەوە، بەوەی لە ئێستاوە دەبێت زۆر هۆشیارتر بین، کاتێک گەنجێک یان منداڵێک ناتوانێت پارە بۆ کڕینی ماددە هۆشبەرەکان دابین بکات، ڕەنگە پەنا بۆ دزی یان بڕین بەرێت، کاتێک ژنێک نەتوانێت ماددە هۆشبەرەکان بەدەست بهێنێت، ڕەنگە پاڵی پێوە بنرێت بۆ لەشفرۆشی، بەتەمەنەکانیش ڕەنگە پەنا بۆ دزی بەرێت بۆ بەدەستهێنانی پارە بۆ کڕینی ماددە هۆشبەرەکان، ئارەزووی ئەنجامدانی تاوان بە هۆکاری جیاواز لەلای دروست ببێت و ژن و منداڵەکانی بکوژێت.
جەختی لەوەش کردەوە، لەو قۆناغەدا ئێمە زیانە گەورەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە شارە کوردییەکاندا دەبینین، زۆرجار ئەم کارانە لە بەردەم قوتابخانەکاندا ئەنجام دەدرێن، بۆیە پێویستە پلاتفۆرمەکە لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکاندا هاوکار بێت و کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە بکات.
پێویستی بەهێزکردنی هەوڵەکانی هۆشیارکردنەوە
ئایتان کیران ئاماژەی بە پێویستی بەهێزکردنی کارەکانی هۆشیارکردنەوە دا و وتی: گەورەترین کەموکوڕی نەبوونی ناوەندەکانی چاکسازی و چارەسەرکردنە، ناوەندێکی چاکسازیمان نییە، پاش دەستنیشانکردنی ئەو گەنجانە، چۆن چارەسەریان بۆ دابین دەکەین؟ کاتێک دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان و تێیاندا دەهێڵرێنەوە، دوای ٢١ ڕۆژ بە پاساوی ئەوەی "خوێنیان پاک بووەوە" دەردەچن، بەپێی ئەم سیستەمە، ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ ماددە هۆشبەرەکان نزیک دەبێتەوە لە ١٠٠٪، چەندین حاڵەت هەن کە لە دەورووبەرمان دەیانبینین.
بەر لە هەموو شتێکیش، وەک وتی: پێویستە هەموو پلاتفۆرمەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنتیگراسیۆن، بە هاوکاری لەگەڵ شارەوانییەکان، ئەگەر پێویستیش بکات لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە مەبەستی کردنەوەی ناوەندی چاکسازی باش، پاش تێپەڕبوونی ٢١ ڕۆژ دەبێت ئەو گەنجانە لەوێدا بەشداری لە چالاکی جیاواز و کارە جیاوازەکاندا بکەن، یارمەتییان بدەین بە تەواوی لەو قۆناغە دوور بکەونەوە، بەڵام ئەم جۆرە دەرفەتە لە ئێستادا بوونی نییە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئایتان کیران جەختی لەسەر پێویستی هەڵسوڕانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرپرسیارێتییەکانیان کردەوە وتی: هیواخوازین لە ئێستاوە ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان ئەنجامی بدەین، بەڵام لەم قۆناغەدا، دەبێت ئێمەش وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی خۆمان بکەین و ڕەخنە لە خۆمان بگرین، ئێمە بە ئەندازەی پێویست بەرپرسیار نەبووین، تەنها دەستنیشانکردنەوەی کێشەکە بەس نییە، بەڵکو دەبێت چارەسەریشی بۆ دابین بکەین.