ئەنجامنامەی " پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد-باشووری کوردستان بە ١٦ خاڵ راگەیەندرا

دوایی کۆتایی هاتنی وۆرکشۆپی "پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد- باشووری کوردستان" ئەنجامنامە ڕاگەیەندراو جەخت لەوەکرایەوە کە بەشداری ژنان لەم یەکێتییە نەتەوەییەدا، تێکۆشان دەبێت بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری.

سلێمانی 

 

 ئەمڕۆ ٥ی تەمووز، لە هۆڵی کتێبخانەی تەواری شاری سلێمانی، وۆرکشۆپی "پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد- باشووری کوردستان" بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، هونەرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.

 

دوایی کۆتایی هاتنی وۆرکشۆپەکە کە  ژنانی سیاسەتمەدار، چالاکوانانی بواری ژنان، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی سەربەخۆ تێیدا ئامادە بوون، ئەنجامنامە بڵاوکرایەوە کە ١٦ خاڵ لەخۆدەگرێت.

 

ئەنجامنامەی "پلاتفۆرمی یەکێتی نەیەوەیی ژنی کورد- باشووری کوردستان" بەم شێوەیەیە: 

ڕاسپاردە

١-زۆرینەی ئامادەبووان لەسەر ئەنجامدانی کۆنفرانس کۆکن.


٢-ئێمە بە قۆناغێکی ڕزگاریی و نەتەوەییدا تێدەپەڕین، پێویستە بە فیکرێکی نەتەوەییانە کاربکەین، ئیتر سەر بە هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیا و پارتێکی سیاسی بێت.


٣-بەردەوام بوونی پلاتفۆرمەکە لەکار و چالاکییەکان بێ دابران.


٤-ژنان دوای ئەوەی بیر لەیەکڕیزی نەتەوەیی ماڵی کورد بکەینەوە، پێویستە بیر لە یەکڕیزی ژنان خۆیان بکەنەوە و بەو هۆشیارییەوە کاربکەن، دەبێت ژنان سەرکردایەتی ئەم قۆناغە بکەن، کار بۆ بەهێزکردنی ژنان بکرێت، بۆ ئەوەی لە بواری سیاسیدا بەشداری کارای هەبێت و بە توانای خۆی بەشداری سیاسی بکات نەک بە سیستمی کۆتا.


٥-ئیش کردن لەسەر ئەو یاسایانەی دژ بە ژنانە، لە ژێر چەتری هەندێک لەو یاسایانەدا ژنان دەچەوسێنرێنەوە، لەوانە یاسای باری کەسیتی.


٦–پێویستە ژنان بە یەکگرتووی بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن، تاکو بەهێزەوە بەشداری لەم قۆناغە مێژووییەدا بکەن و ئامادەسازی باشتر بکەن بۆ کۆنفراسی ژنانی باشوور و دواتریش بۆ کۆنگرەی (سێ) ی یەکیتی نەتەوەیی ژنی کورد. یەکریزی ژنی کورد دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ کارکردن لەسەر ئەم قۆناغە مێژووییە.


٧-پێویستە ژنان لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژیی و کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکان و هەموو ئایدیا چەقبەستووییەکان دەرباز بکەن، دەبێت بایەخ بە هۆشیاری جەوهەری بدەن و بە ئازادیی بیر بکەنەوە و تێکۆشان بکەن.


٨–پلاتفۆرمەکە بە گشتی وەک(پلاتفۆرمێکی ژنان) خۆی بناسێنێت، بۆ ئەوەی دووربین لە ڕیشەی دەمارگیری.


٩-بەشداری ژنان لەم یەکێتیە نەتەوەییەدا، تێکۆشان دەبێت بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری جیهانی، کە داگیرکاری ئەم هێزە کۆڵۆنیالیزمە، داگیرکارییە بەرامبەر بەژن، لەناویشیاندا پەیوەست دەبێتەوە بە کێشەکانی ژن لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەوە.


١٠- بەتواناکردنی ژنان و کارکردن لەسەر هۆشیاری ژنان و هۆشیارکردنەوەی پیاوان لە ماف و ئازادییەکانی ژن، بۆ ئەوەی لەو ئەقڵیەتە سەرمایەدارییە سێکسگەرایی و بەکاڵاکردنی ژن دەرباز بین.


١١-پیویستە ئەو ژنانەی لە پەرلەمانن، بێ بیرکردنەوەی حیزبی بیر لەمەسەلەی ژن بوون بکەنەوە.


١٢-زۆرترین ژن بە گوێرەی پسپۆری بەشداری پێ بکرێت لەم کۆمیتەیەدا.


١٣-ژنان فشار لەسەر حیزبەکان دروست بکەن، کە بەیەکگرتووی هەنگاوی کاریگەر بنێن.


١٤-ئینستیتۆیەک درووست بکەین بۆ داهێنان و بەتواناکردنی ژنان، لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی.


١٥- پێویستە گرنگی بە بابەتی ژینگە بدرێت، لە بەرنامەی کۆنفرانسی باشوور و لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەش بابەتی ژینگە بایەخی پیبدرێت، چونگە ڕەوشی ژینگە زۆر پەیوەندی بە ژنەوە هەیە.


١٦-پێویستە گرنگی بە بابەتی ژینگە بدرێت لە کۆنفرانسی باشوور و لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەش گرنگی بە ژینگە بدرێت.