”ئێمە دەمانەوێت مافی پەروەردە بە زمانی کوردی مسۆگەر بکرێت”

دەستپێشخەریی گەلی شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندراوێکی دژی بڕیارەکەی حکومەتی کاتی سووریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دەمانەوێت مافی خوێندن بە زمانی کوردی مسۆگەر بکرێت.

قامیشلۆ

 

هەڵوێستوەرگرتن لە دژی بڕیاری حکومەتی کاتیی سووریا سەبارەت بە سنووردارکردنی زمانی کوردی ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت، دەستپێشخەریی گەلی شاری قامیشلۆ، بە ڕاگەیاندراوێک کە بە بەشداریی خەڵک، مامۆستایان و بەرپرسانی قوتابخانەکان بەڕێوە چوو، بڕیاری حکومەتی سەرکۆنە کرد و دیاری کرد کە ئەوان ڕێگە نادەن بە سنووردارکردنی زمانی دایک.

 

حکومەتی کاتیی سووریا، لە ٢٧ی ئابدا سەبارەت بە زمانی کوردی بڕیارێکی دا، بە پێی بڕارنامەکە، زمانی کوردی لە ناو هەفتەیەکدا بە سێ وانە سنووردار کرا. ئەم بڕیارە، لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی توند دەبێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا دەستپێشخەریی گەلی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی ئەم بڕیارە هەڵوێستی خۆی بە ڕاگەیاندراوێک دەربڕی.

 

ڕاگەیاندراوەکە لە قوتابخانەی عومەر ئیبراهیم درا، بەشداربووانی ڕاگەیاندراوەکە پانکاردی بە دەستەوە بوو کە لەسەریان نووسرابوو: زمان بریتییە لە کۆدی کۆمەڵایەتی ئەقڵیەت و ڕەوشت و هەست و بیری جوانکاری کە کۆمەڵگەیەک بەدەستی هێناوە، بوون بە ژێر هەژموونی زمانێکی دیکە، پرۆسەی داگیرکردنی مێشک و گەلێک کە زمان هەموو شتێکی لەدەستداوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن مامۆستا نادیرە ئیبراهیم خوێندرایەوە.

 

”ئێمە ئەم هەنگاوە وەک دەستپێکی سیاسەتی زمانی و پەروەردەیی بەرفراوانتر دەبینین”

نادیرە ئیبراهیم، لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو بڕیارەی ئەم دواییە بۆ پێدانی پێگەیەکی فراوانتر و دامەزراوەیی بە زمانی کوردی لە پەروەردەدا بە پێشکەوتنێکی گرنگ بۆ هەموو ئەو کەسانە دەزانێت کە ساڵانێکە لەم بوارەدا کاریان کردووە و وتی: بە دڵنیاییەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ منداڵانی کورد کە بتوانن پەیوەندییەکی بەهێزتر لەگەڵ زمانەکەیاندا دروست بکەن و بۆ ئەوەی زمانەکەمان پێگەیەکی زیاتری هەبێت لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا.

 

نادیرە ئیبراهیم، لە ڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوە کرد، کە فێرکردنی زمانی کوردی وەک چەند کاتژمێرێک لە هەفتەیەکدا و مسۆگەرکردنی مافی کورد بۆ پەروەردە بە زمانی دایک، هەمان شت نین و وتی: ئێمە ئەم هەنگاوە وەک کۆتاییەک نابینین، بەڵکوو وەک دەستپێکی سیاسەتی زمانی و پەروەردەیی بەرفراوانتر دەبینین.

 

”کوردی زمانێکی زیندووە”

لە بەردەوامیی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: کوردی زمانێک نییە کە دەبێت وەک زمانێکی بیانی یان هەڵبژاردە فێر بکرێت، کوردی زمانێکی زیندووە کە مێژوو، چاند، یادەوەریی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کورد هەڵدەگرێت، لەبەر ئەم هۆکارە، سنووردارکردنی بوونی زمانی کوردی لە پەروەردەدا بە چەند کاتژمێرێک و بە هەڵبژاردنی چەند وانەیەکی هەڵبژاردە، هیوا و داواکاریی ڕەوای کۆمەڵگەی کورد بە تەواوی پڕ ناکاتەوە، ستانداردە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەروەردەش گرنگیی بەکارهێنانی زمانی دایک بە ڕوونی نیشان دەدەن.

 

”با پێگەی کوردی لە پەروەردەدا بە شێوازێکی یاسایی و ڕێکخراوەیی بپارێزرێت”

ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە کۆتایی پێ هات: لەبەر ئەوە ئێمە دەمانەوێت پێگەی کوردی لە پەروەردەدا بە بنەمای یاسایی و ڕێکخراوەیی بپارێزرێت، سووریایەک کە تێیدا کورد، عەرەب، سريانی و زمانەکانی تر بە ئازادی بژین و بوونی خۆیان بەردەوام بکەن، دیموکراتیکتر، دادپەروەرتر و بەهێزتر دەبێت.

 

”زمانەکەمان مافی ڕەوای ئێمەیە”

جالا یوسف کە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد، کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیاری حکومەتی کاتی نیشان دا و وتی: لە ماوەی ١٥ ساڵدا ئێمە تێکۆشانێکی گەورەمان کرد و زۆر دەستکەوت بەدەست هاتن، یەکێک لەوانەش زمانی کوردییە، پێویستە زمانی کوردی وەک سیستەمی خوێندن لە قوتابخانەکاندا دیاری بکرێت، ئێمە وەک دایک و گەل ئەم بڕیارە قەبووڵ ناکەین، بانگەواز لە هەموو کەسانی تر دەکەین کە خاوەندارێتی لە زمانی کوردی بکەن و بیپارێزن، لەبەر ئەوەی زمانەکەمان مافی ڕەوای ئێمەیە.