ئاینور پاشا: کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دۆسیەی ڕێبەر ئۆجالان هەبێت
لە ٢٦ەمین ساڵیادی پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پارێزەر ئاینور پاشا ئەو گۆشەگیرییە توندەی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن فشار بخەنە سەر ئەو بڕیارە سیاسییە.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ-پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ڕوویدا، ئاینور پاشا، پارێزەر و ئەندامی دەستپێشخەری پارێزەرانی سووریا بۆ پاراستنی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، سەبارەت بەم بابەتە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
ئاینور پاشا ئاماژەی بەوەکرد، پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ دەوڵەتە هەژموونەکان نەدەگونجا وتیشی: بەداخەوە دەوڵەتە هەژموونەکان لەدژی بەڕێز ئۆجالان یەکگرتوو بوون و ڕادەستی تورکیایان کرد، تورکیا بەو ناوە ناسراوە وڵاتێکی بێگانەپەرستە و چالاکییەکانی لەسەر ئەمە دامەزراوە، لە بەرامبەر ئەمەدا ڕێبەر ئۆجالان بە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک و یەکسانیخواز هەڵسوکەوت دەکات، هاوکات خواستی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە هەبووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بێگومان ئەم سیستمە بەپێی دەوڵەتە هەژموونەکان نییە، هەر بۆیە داخراوە.
"تورکیا یاساکان جێبەجێ ناکات"
ئاینور پاشا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا ڕێبەر ئۆجالانی خستۆتە بەردەم دادگا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: با لەبیرمان نەچێت تورکیا یەکێکە لە کاندیدەکانی یەکێتی ئەوروپا، هەر بڕیارێک هەبێت سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ پێویستە جێبەجێ بکرێت چونکە واژۆی کردووە، پەیمانی یەکێتی ئەوروپا دژی سزای لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدایە، بۆیە تورکیا پابەند بوو، نەیتوانی ئەم سزایە جێبەجێ بکات، بەڵکو لەبری ئەوە سزای توندی بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپاند.
"گومان و هەڕەشە لەسەر بارودۆخی تەندروستی هەیە"
ئاینور پاشا ڕایگەیاند، نیگەرانی و گومانیان هەیە لەسەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان چەندین جار داوای مافی هیوا و گۆڕانکارییان لە سزاکەیدا لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە، بڕیاری گۆڕانکاری بەدەستهات، بەڵام بەداخەوە تورکیا وەڵامی نەدایەوە کاری نەکرد، نزیکەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەر وەرنەگیراوە، ئەمەش گومان و مەترسی زۆر لەسەر باری تەندروستی دروست دەکات، مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی زەوت کراوە، لە پاڵ ئەویشدا بە هەموو شێوەیەک لە جیهانی دەرەوە دوورخراوەتەوە.
"هەڵمەتی جیهانی و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆسیەکە"
ئاینور پاشا تیشکی خستەسەر هەڵمەتی جیهانی بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کاریگەرییەکانی لەسەر بڕیارەکان سەبارەت بە دۆسیەکەی و وتی: هەڵمەتی جیهانی بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان لە ٧٥ وڵاتەوە دەستیپێکرد، هەروەها وەک دەستپێشخەرییەک بەشداریمان کرد، ئێمە داوامان لە پەرلەمانی ئەوروپا و سی پی تی کرد، هەروەها واژۆمان کۆکردەوە بۆ داوای ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان، ئەم ساتەوەختە ڕێگەی بە کۆمیتەی پەیوەندیدار دا کە دۆخی ڕێبەر ئۆجالان و زیندانییەکانی لەگەڵیدا بخەنە کارنامەی خۆیانەوە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەم هەڵمەتە پاڵپشتی و فشارێک بوو بۆ سەر کۆمیتەی وەزیرانی ئەوروپا و ساڵێکیان دا بە تورکیا تا جێبەجێی بکات، تورکیا تاوانەکانی تیرۆر دەسەپێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سزای قورس بەسەر بەڕێز ئۆجەلاندا دەسەپێنێت، بۆیە گۆڕانکاری لە یاساکانیدا ناکات.
"پێویستی بە ئیرادە و پشتیوانی گەل هەیە"
ئاینور پاشا جەختی لەوە کردەوە، پاڵپشتی گەل و هاودەنگییان دەبێتە هۆی ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد و سەرجەم زیندانیان و لە کۆتاییدا وتی: لە ئەنجامدا ئەو بڕیارەی کۆمیتەی وەزیران ئومێد دەبەخشێت کە لە داهاتوودا گۆڕانکاری ڕووبدات، سەدان پارێزەر و کەسایەتی بەناوبانگ و ڕۆشنبیر و هونەرمەند داوای ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن و واژۆ کۆدەکەنەوە و داواکاری پێشکەش دەکەن، ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئیرادەی نێودەوڵەتی یەکگرتوو بێت، دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت، ئیرادەی گەل ڕێگەی دا بڕیارە سیاسییەکە بگۆڕێت، بۆیە ئەگەر ئەم هەڵمەتە بەردەوام بێت ئاستێکی بەهێزتری پشتیوانی بۆ بەدیهێنانی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکرێت.