یاسای چوارچێوەیی دەکرێت ببێتە یەکەم خاڵی دیموکراتیکبوون
وتەبێژی دەم پارتی عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە یاسای چوارچێوەیی بۆ چارەسەرییەکان گرنگییەکی ژیانیی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
وتەبێژی دەم پارتی عایشەگوڵ دۆغان پەیوەست بە پێشهاتەکانی ڕۆژڤ، لە ناوەندی گشتیی پارتییەکەی ڕاگەیەندراوێکی دا. عایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لە هەفتەی ڕابردوودا جۆرەها پێشهاتی گرنگ ڕوویان داوە.
پێشنووس نییە
عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند لە هەفتەی ڕابردوودا لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا پێشهاتی گرنگ ڕوویان دا و وەهای گوت: «شاندمان دوای ماوەیەکی درێژ چوو بۆ دوورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبووەوە. سەرۆکی پەرلەمان نوومان کورتوڵموشیش لەبارەی پرۆسەکەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە، وتووێژی کرد و ڕاگەیەندراوی دا. بەڕێز ئۆجەلان نەخشەڕێگەیەک و پێشنیازەکانی خۆی پێشکەشی شاندەکەمان کردووه. باسی ئەوە دەکرا کە پێشنووسی یاسای چوارچێوەیی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا هاوبەش کراوە. بەڵام دوای ئەوەی شاندمان چوو بۆ دوورگەکە دەرکەوت کە ئەم زانیارییە ڕاست نییە. خۆی سەرۆکی پەرلەمان نوومان کورتوڵموشیش ڕایگەیاند کە هیچ پێشنووسێک نییە.
یاساکە بۆ چارەسەرییەکان گرنگییەکی ژیانیی هەیە
لە بەردەوامی قسەکانیدا عایشەگوڵ دۆغان باسی لەوە کرد کە یاسای چوارچێوەیی دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و وەهای دەربڕی: «بەڕێز ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند کە ئەو پابەندە بەوەی کێشەکە بە یاسای خوشک-برایەتی چارەسەر بێت. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەوڵەکانی بەردەوام دەکات. یاسای چوارچێوەیی دەبێتە یەکەم دەستپێک و ڕێبەری ئەو یاسایانەی دواتر دەردەچن. هەروەها نادیاریی یاساییش لەناودەبات. ئەوەش زۆر گرنگ و بەواتایە. پەرلەمانیش لەم بارەیەوە ئیرادەی نیشان داوە و ئەوەش بەنرخە. ئێمە هەمیشە جەخت دەکەینەوە کە شوێنی چارەسەری پەرلەمانە. یاساکە بۆ چارەسەرییەکان گرنگییەکی ژیانیی هەیە.
دوای کۆمیسیۆنی دادپەروەری، یاساکە دێتە دەستەی گشتیی پەرلەمان
عایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە دا کە چاوەڕوان دەکرێت بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، یاسای چوارچێوەیی بێتە ڕۆژڤ و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: «دوای کۆمیسیۆنی دادپەروەری، یاساکە دێتە دەستەی گشتیی پەرلەمان. لە ڕۆژانی داهاتوودا ئێمە زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکەین. بەڵام تا ئێستا کاتێکی دیاریکراو لەگەڵ ئێمەدا هاوبەش نەکراوە. هەروەها هەندێک بانگەشە هەبوون کە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکاندا کۆدەبێتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەو جۆرە بە ئێمە نەگەیشتووە. لە پرۆسەکەدا قۆناغی مێژوویی ڕوویان دا. یاسای چوارچێوەییش لەمەودوا دەبێتە خاڵی سەرەکیی پرۆسەکە. ئەو یاسایە ناتوانێت بە تەنیا چارەسەری بهێنێت، بەڵام دەتوانێت ڕێگە لەبەر چارەسەریی دیموکراتیک بکاتەوە و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ڕووی یاساییەوە زامنت بکات.
یاسای چوارچێوەیی دەکرێت ببێتە یەکەم خاڵی دیموکراتیکبوون
لە هەڵسەنگاندنەکانیدا عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە پێداویستیی سەرەکیی تورکیا بەهێزکردنی دیموکراسی و یاسایە و وەهای زیاد کرد: «یاسای چوارچێوەیی دەکرێت ببێتە یەکەم خاڵی دیموکراتیکبوون و دوای ئەوەش بابەتی وەک دیموکراسیی ناوچەیی و مافی ئازادیی بیروڕایە. ئەم پرۆسەیە لە هەمان کاتدا پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکەیە. دەبێت پەرلەمانیش بەدواداچوون بۆ ئەمە بکات. باسی پێشنووسەکە زۆر دەکرێت. دەڵێن چۆن دەبێت. بەڵام تا پێشنووسێک نەبێت، قسەکردن لەسەری ڕەنگە باش نەبێت. ئەگەر ئێمە باس لە گەڕانەوە بۆ وڵات بکه کۆمان، دەبێت وێرەک بین و لەمە نەترسێین و هەموو کەسێکیش لەم بارەیەوە وشیار بێت. ئێمە هەمیشە دەڵێین لە توندوتیژییەوە ڕوو بکه ینە سیاستێکی دیموکراتیک. بۆ ئەوەش چەک داماڵین زۆر گرنگە. دەبێت پەرلەمانیش ئیرادەی خۆی لەسەر ئەمە نیشان بدات و ئێمەش هیچ گومانێکمان لەسەر ئەمە نییە. پارتییەکەشمان لەسەر ئەمە هەوڵەکانی بەردەوام دەکات.
هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکەن
عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە هاوسەرۆکە گشتییەکانیان لە ماوەی هەفتەکەدا سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکەن و درێژەی بە قسەکانی دا: «لەبارەی ئەو قۆناغەی پرۆسەکەی پێ گەیشتووە و پێداویستییەکانی پرۆسەکە، هاوسەرۆکەکانمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا وتووێژ دەکەن. بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی، یاسای چوارچێوەیی چۆن جێبەجێ دەبێت و دەبێت چی بکرێت، لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا گفتوگۆ دەکەن. دەبێت بۆ ئاشتی، یەکسانی و ئازادی هەموومان بەرپرسیارێتی هەڵبگرین و خاوەنداری لە پرۆسەکە بکەین.
دەبێت خزمەت بە ئاشتی، دیموکراسی و یەکسانیی وڵات بکات
عایشەگوڵ دۆغان لەسەر پرسیاری ڕۆژنامەنوسان دەربارەی پارتی نوێی ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند کە پارتی نوێ بۆ ئۆپۆزسیۆنی تورکیا باش دەبێت و هیوای خواست ئەو پارتییە نوێیەی لەلایەن پەرلەمانتارانی پێشووی جەهەپەوە (CHP) دادەمەزرێت، خزمەت بە ئاشتی، دیموکراسی و یەکسانیی وڵات بکات.