ئاهەنگێکی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگان... ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی ژن و سروشت

گوندی مێژوویی پاڵنگان شاهیدی کۆبوونەوەی هەزاران بەشداربوو لە سەرانسەری ئێران و کوردستانەوە بوو،بۆ مەراسیمی دەف لێدان، کە بەشداربووان لە ڕێگەی مۆسیقا و شیعر و دەف لێدان دژایەتی خۆیان بۆ ستەم و دیلبوون دەربڕی.

ئیسرا عەزیزی

 

پاڵنگان-ڕۆژی ١٣ی ئایار، هەزاران کەس لە سەرانسەری ئێرانەوە بە ناوچەی ڕۆژالە و بەشداربووانی کوردستانەوە، لە گوندی پاڵنگانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ مەراسیمی دەف لێدان کۆبوونەوە. بەشداربووان پەیامێکی ڕوونی دژایەتیکردنی دیلێتی و ستەمیان نارد، لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا چەندین شیعر سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و سروشت و گرنگی پاراستنی سروشت لە ڕوانگەی ژنانی کورد و بەتایبەت ژنانی پاڵنگانەوە خوێندرانەوە، جەختیان لەسەر پەیوەندیی نزیکی ژن و سروشت کردەوە.

 

گوندی مێژوویی پاڵنگان لە فەرهەنگی کوردیدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە، دەفیش هەمیشە ئامرازێکی گرنگی ئەم خاکە بووە. پێکەوە ژیانی ڕۆحی پاڵنگان و دەف بووەتە چوارچێوەی ئاهەنگێکی نایاب کە ژنان تێیدا ڕۆڵیان هەیە، ئەمە پێچەوانەی فێرکارییە تەقلیدییەکانی هەندێک لە ئایینەکان. لە ڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنە دەفژەنەکان لە سەرانسەری ئێران و کوردستانەوە بەشدارن، سەرەڕای جیاوازی زمانەوانی و کولتووری، پێکەوە وێنەیەکی یەکگرتوویی ژنیان دروستکردووە.

 

لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، فاریبا کافید هاوڵاتی ورمێ وتی: نزیکەی ٧ ساڵە دەف لێدەدەم، ئەمە دووەم ساڵە بەشداریم لەم ئاهەنگەدا کردووە، کە بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی زۆرە لە ژنان، جێگای شانازین بۆ من و هەموو ژنان.

 

شەیما جەعفەری هاوڵاتی جیلان وتی: ماوەی سێ ساڵە چاوەڕێی ئەم ڕۆژەم، ئەمە یەکەمجارە بەشداری فێستیڤاڵی هەزار دەف دەکەم". ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەبوونی ژنان بەهێز بوو، لە شوێنی جیاوازەوە هاتوون، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا جارێکی دیکە ئەم هەلەم بۆ بڕەخسێت.

 

شەهین ڕەحیمی، ژنێکی هاوڵاتی گوندی پاڵنگانە و وتی: ئەمە سێیەم جارە فێستیڤاڵی هەزار دەف لە پاڵنگان بەڕێوەبچێت، خۆشحاڵین کە میوانان لە ناوچە جیاوازەکانەوە دێن بۆ گوندەکە و پێشوازییان لێدەکەین، نزیکەی ١٠ ساڵە دەف لێدەدەم، بەخێرهاتنی ئەو ژنە مۆسیقاژەنانە دەکەم کە لە شوێنی جیاوازەوە هاتوونەتە ئێرە،ئێمەیان فێربووین کە بە تەنیا دەف لێبدەین. زۆرینەی ئەو ژنانە لە گوندەکەدا دەف لێدەدەن و ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ ئێمە.