“دەستپێشخەریی عێراق بۆ ئازادی ئۆجالان” ڕاگەیەندرا

کۆمەڵێک لە توێژەکانی عێراق ڕایانگەیاند، "ئێمە دەستپێشخەرییەكمان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان ڕاگەیاندووە، لە ڕێگەی چالاكییە كولتووری و فیكرییەكانەوە كار بۆ پێناسەكردن و بڵاوكردنەوەی فكری ئۆجالان دەكەین و داوای ئازادی جەستەیی دەكەین".

ناوەندی هەواڵ

 

كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار لە عێراق دەستپێشخەرییەكیان بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێکرد و لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکەن، "عەبدوڵا ئۆجالان نەك هەر لە پێناو كورددا تێدەكۆشێت، بەڵكو خەباتی كردووە بۆ ئازادی و برایەتی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بۆ مافەكانی ژنان تێكۆشان دەكات، ئێمەش دەستپێشخەرییەكمان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان ڕاگەیاندووە، لە ڕێگەی چالاكییە كولتووری و فیكرییەكانەوە كار بۆ پێناسەكردن و بڵاوكردنەوەی فكری ئۆجالان دەكەین و داوای ئازادی جەستەیی دەكەین".

 

دەشڵێن، ئۆجالان بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەی خۆی باجی زۆری دا، قوربانی زۆریشی لە پێناو مرۆڤایەتیدا، كە هۆكاری ئازادی و ڕزگاربوونە لە كۆت و بەندەكانی نادادپەروەری و ستەمكاری، بەڵام پرەنسیپەكانی خۆی و سەركردایەتیكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەكردە قوربانی، هەمیشە بۆ سەركەوتن خەباتی كردووە. ماوەی ٢٦ ساڵە لە زیندانێكی نامرۆڤانەدا ڕاگیراوە، ماوەیەكی زۆرە لە جیهان و گەلەكەی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕاوە، كە زیاتر لە سێ دەیە بۆ ئازادییەكەی تێكۆشانی كردووە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، "بیرۆكەكانی عەبدوڵا ئۆجالان، لە ڕێگەی خەباتی لایەنگران و كادیرانی لەناو گەلەكەی و گەلی ئازادی جیهاندا، ئێستا لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەنگ دەداتەوە و بووەتە بەربەست بۆ ستەمكاران ڕێگرییان لێ دەكات، تەنانەت ئەوانەی دەستگیریان كرد ئێستا دانوستان لەگەڵیدا دەكەن، كەواتە بۆ بەرگری لێنەكەین، ئێمەین داوای ئازادی دەكەین، عەبدوڵا ئۆجالان ناسیۆنالیستێكی كۆنەپەرست نەبوو بە مانای ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی كۆنەپەرستانە، توندڕەوی ئایینی نەبوو و چەپێكی دادپەروەر بوو".

 

دەشڵێن، ئێمە كۆمەڵێك ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەند و سیاسین، كە بەرگری لە ئازادی و یەكسانی لە كۆمەڵگەدا دەكەین، پێكهێنانی “دەستپێشخەریی عێراق بۆ ئازادی ئۆجالان” ڕادەگەیەنین، كە كاردەكەین بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی بیری ئۆجالان.

 

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، كاتی ئەوە هاتووە هەموو جیهان هاودەنگی لەگەڵ ئەم بیرمەند و سەركردە سیاسییە و زیندانییە بەویژدانە بوەستن، كە ئازادیی خۆشویستووە و وەك مافێكی پیرۆز بۆ هەموو مرۆڤەكان خەباتی بۆ كردووە، باوەڕی بە ئازادی و دیموكراسی لە هەموو كۆمەڵگاكان هەبووە، كاتی ئەوە هاتووە ئەم بیرمەندە گەورەیە و گەلەكەی چێژ لە ئازادی وەربگرن.