تەژەئا: بۆ گەیشتن بە ئاشتی تێکۆشان بەهێزتر بکەن
تەڤگەری ژنانی ئازاد داوای لە ژنان کرد بەشداری لە ڕێپێوانی گەملیک بکەن و دەڵێت: لە ١٩ی نیسان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە گەملیک دەبین، با لە گەملیک کۆببینەوە.
ناوەندی هەواڵ
بە بەشداری نوێنەرانی دەم پارتی، دەبەپە، ڕێکخراوەکانی ژنان، لە بارەگای کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان "هەدەکە"، تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا"، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ١٩ـی نیسان کرد کە بە خواستی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ناوچەی گەملیکی بوورسا ئەنجام دەدرێت.
ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن چالاکوانی تەژەئا ئایشە ئاکسۆییەوە خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، تێکۆشانی ژنان بە فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی'ـەوە لە دژی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لە هەموو جێگەیەکدا بڵاوبووەتەوەو وتی: ڕێگەی ئاشتی بە ئازادیی جەستەیی بەڕێزی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵییەوە تێپەڕ دەبێت، ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان، تەنها خواستێک نییە، بەڵکو پێویستیی دامەزراندنی ژیانێکی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژنانە.
بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی گەملیک
چالاکوانی تەژەئا ئایشە ئاکسۆی بانگەوازی بۆ بەشداربوونی بەهێز لە گەل بە گشتی و ژنانی ئازادیخواز بە تایبەت کرد و وتی: بۆئەوەی خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان بکەین و ئازادیی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکەین، دەبێت لە کاتژمێر ١٣:٠٠ی ڕۆژی ١٩ی نیسان لە گەملیک کۆببینەوە، سەرکەوتن بۆ ئازادیی ژنانە. ژن، ژیان، ئازادی.
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە دوای خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکە کۆتایی هات.