تەژەکە-ئەوروپا بانگەوازی کرد بۆ فراوانکردنی کەمپینەکەی ڕێكخستنی ژنانی ئێزدی

تەڤگەری ژنانی کوردی ئەورووپا (تەژەکە-ئەوروپا) بانگەوازی کرد کە ئەو کەمپینەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزدییەوە بە درووشمی "بۆ دادپەروەری و ئازادی-تۆش ببە بە دەنگی دیلەکانی فەرمانەکە" دەستیپێکردووە، بەرفراوانتر بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

تەژەکە-ئەوروپا ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ١٢ ساڵ بەسەر هێرشی قڕکردنی ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا تێپەڕی کە لەلایەن داعشەوە دژی شەنگال ئەنجامدرا. ئازاری گەلی ئێزدی کەم نەبووەتەوە و هێشتاش هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بێ وەڵام ماونەتەوە، بە هەزاران ژن و منداڵ کۆمەڵکوژ کران، بە دەیان هەزار کەس لە شوێن و ڕێی خۆیان کۆچبەر کران، بە هەزاران کچ و ژنی ئێزدی ڕفێندران و لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلایە فرۆشران؛ ڕووبەڕووی دەستدرێژی، ئەشکەنجە و ڕەفتاری نامرۆڤانە بوونەوە. ئەمڕۆش هێشتا چارەنووسی نزیکەی دوو هەزار و ٧٠٠ ژن و منداڵ نادیارە.

 

ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا، تاوانێکی قورسە لە بەرانبەر مرۆڤایەتی و لە ڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە قڕکردنێکی ئاشکرایە، بەڵام ناساندنی قڕکردن بە تەنیا بەس نییە. بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوان پێویستە میکانیزمی نێونەتەوەیی کاریگەر دابمەزرێن، تاوانباران دادگایی بکرێن و کۆتایی بە سیاسەتی بێسزایی بهێندرێت.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، سەرەڕای هەموو شتێکیش کۆمەڵگەی ئێزدی تەسلیم نەبووە، بەتایبەتیش بە پێشەنگایەتی ژنان، خۆپاراستن و ئیرادەی خۆیان بۆ ژیانێکی دیموکراتیک پەرە پێداوە. هروەها بانگەوازی لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕای گشتیی دیموکراتیک کرا کە ئاسایشی گەلی ئێزدی ستاتۆی شەنگال مسۆگەر بکرێت.

 

تەژەکە-ئەوروپا دووبارە بانگەوازی کرد کە کەمپینی "بۆ دادپەروەری و ئازادی-تۆش ببە بە دەنگی دیلەکانی فەرمانەکە" کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزدییەوە دەستی پێکردووە، بەرفراوانتر بکرێت.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم داواکارییانە ڕیز کراون:

"با چارەنووسی ژنان و منداڵانی ئێزدی ئاشکرا بکرێت؛ بۆ دۆزینەوەیان میکانیزمی نێونەتەوەیی بەهێز دابمەزرێت.

با هەموو تاوانبارانی تاوانەکانی داعش دادگایی بکرێن و کۆتایی بە سیاسەتی بێ‌سزایی بهێندرێت.

ئاسایشی گەلی شەنگال، ئیرادەی دیموکراتیک و مافی خۆبەڕێوەبەرییەکەی مسۆگەر بکرێت.

ئیرادەی ژنانی ئێزدی بۆ خۆڕێکخستن، خۆپاراستن و ژیانی ئازاد لە ئاستی نێونەتەوەییدا پشتگیری لێ بکرێت.

با هەموو ژنان، دامەزراوە دیموکراتیکەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەر کەسێکی خاوەن ویژدان بەشداری لەم کەمپینەدا بکەن و تێکۆشانی دادپەروەریی ژنانی ئێزدی فراوانتر بکەن.