"تورکیا گەورەترین زیندانی جیهانییە بۆ ڕۆژنامەنووسان"
بەپێی ڕاپۆرتی RSF لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە تورکیا لانیکەم ١٣١ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و ٥ ڕۆژنامەنووس کوژراون، جگە لەوەش، لە ساڵی ٢٠١٨ دا ڕێکخراوی RSF تورکیای وەک "گەورەترین زیندانی جیهانی بۆ ڕۆژنامەنووسان" ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ئامارەکانی خۆی سەبارەت بە هێرشەکانی ١٠ ساڵی ڕابردووی سەردەمی تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٣١ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و ٧٧ ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە سەرۆک" سزا دراون و ٥یان کوژراون.
ڕێکخراوەکە بەبیری هێنایەوە، دوای هەوڵە سەربازییەکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەکانی ئۆزگور گوندەم، جمهوریەت، سۆزجو و زەمان دەستگیرکران.
لە ئامارە بڵاوکراوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان کراونەتە ئامانج، هەروەها کە پلاتفۆرمەکانی وەک تویتەر و ویکیپیدیا و ئینستاگرام لە سەردەمی سەرۆکایەتی تەیب ئەردۆغان قەدەغە کران.