تورکیا بۆردومانی ئامێدی کردو ئاگر کەوتەوە
دەوڵەتی داگیرکەرى تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیران بۆردوومانی گوندی گوهەرزێی سەر بە ئامێدی کرد و بە هۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانی سنوورەکە کەوتەوە.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای لەشکرکێشی و هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازو تانک و چەکی قورس لەلاین دەوڵەتی تورکەوە بۆ باشووری کوردستان، بەردەوامی بە بۆردومانەکانیش دەدات و بەردەوامە بە تێکدانی ژینگەی ناوچەکە.
ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیران جارێکی دیکە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی سنوری گوندی گوهەرزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد، تا ئێستا نەزاندراوە کە بۆردوومانەکە بە فڕۆکەی جەنگیی کراوە یان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
بە هۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانی ناوچەکە کەوتەوە و تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە.