توندوتیژی سیستماتیکی دژی ژنان؛ لە تارانەوە بۆ ئەنقەرە
توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و تورکیا نموونەی توندوتیژی سیاسی سیستماتیکە کە لە بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لە بەر چاوی جیهاندا بەردەوامە.
سیلڤا ئیبراهیم
منبەج- نەسرین عەلی، چالاکوانی هەڵمەتی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان لە مەنبج، توندوتیژی سیاسی بە توندوتیژیترین جۆری توندوتیژی دژی ژنان دەزانێت و وتی: سیستمی زیندان و سێدارە لە ئێران نموونەیەکی ڕوونی ئەم توندوتیژییە، سەرەڕای بوونی یاسا و پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژنان، هێشتا قوربانی توندوتیژی سیاسین، چونکە دەوڵەتەکان خۆیان ئەنجامدەری توندوتیژین، دەوڵەتەکان بە پاساوی ئایینی یان هۆکاری تر یاسا لە دژی ژنان دەردەکەن بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەریان یاسایی دەرکەوێت، بەم شێوەیە کردەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەبێ هیچ دەرئەنجامێک بەردەوام دەبێت، ئەم پراکتیزەیە نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە تورکیا، ئەفغانستان و زۆر وڵاتی دیکەشدا دەبیندرێت، لەم وڵاتانەدا ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا کاریان قەدەغەکراوە و هەر ژنێک ئەو سنووردارکردنانە قبوڵ نەکات ڕووبەڕووی مەترسی زیندانیکردن و لەسێدارەدان دەبێتەوە.
نەسرین عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە توندوتیژی دژی ژنان چەندین شێوەی هەیە، وەک توندوتیژی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەڵام توندوتیژی سیاسی کە کەمتر گرنگی پێدەدرێت، مەترسیدارترین جۆرە، ڕژێمی ئێران توندوتیژی بەرامبەر بە چالاکوانان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ژنە ڕۆژنامەنووسان و هەر دەنگێکی ناڕەزایی دەسەپێنێت و تەنانەت دەستوەردان لە کاروباری کەسیی ژنان وەک جلوبەرگ دەکات.
جەختی لەوەکردەوە، هەموو هەوڵێکی ژنان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و مافەکانیان بە سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردن و تەنانەت سزای لەسێدارەدان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئەم کارانە بە پاساوی ئایینی ئەنجام دەدرێن، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە لەگەڵ هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و ئایینیدا ناگونجێت.
نەسرین عەلی ستایشی تێکۆشانی ژنانی ئێرانی کردو وتی: سڵاو لەو ژنە ئێرانیانەی کە بە بڕیار بە ڕێگای تێکۆشاندا دەڕۆن، ئەم وەستانەوە و بەرخۆدانە، سەرەڕای هەموو سەرکوتەکان، بڕوای پتەوی ئەوان بە دۆزی خۆیان نیشان دەدات، ئەوان بە دروستی تێگەیشتوون کە ئازادی کۆمەڵگە پەیوەستە بە ڕزگارکردنی ژنان لە سنووردارکردنی سەپێندراو.
بە بەراوردکردنی بارودۆخی تورکیا و ئێران وتی: سیستمی دەوڵەتی تورکیاش ڕێبازی ئێران پەیڕەو دەکات، لە پشت دەمامکی دیموکراسیەوە زیندانەکانی تورکیا پڕن لەو ژنانەی کە دەبنە قوربانی توندوتیژیی دەوڵەت، ئەدای ئەم دەوڵەتە جگە لە دیکتاتۆریەت و ستەمکاری هیچی تر نییە.
نەسرین عەلی کشانەوەی دەوڵەتی تورکیا لە پەیمانی ئیستەنبوڵ بە نیشانەیەکی دیکەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەزانێت و وتی: تورکیا بە کشانەوە لە پەیمانی ئیستەنبوڵ، کە مەبەست لێی پاراستنی ژنان بوو، سروشتی ڕاستەقینەی خۆی نیشان دا، مامەڵەی توندوتیژانەی ناڕەزایەتیی ئاشتیانەی خەڵک لە دژی دانانی قەیومەکان و دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و لێدانی ژنانی ناڕازی لە شەقامەکاندا، دەمامکی لە ڕووخساری درۆینەی دیموکراسی لەم وڵاتەدا لابرد.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە مێژووی خوێناوی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وتی: شارە داگیرکراوەکان شایەتحاڵی تاوانەکانی وەک ڕفاندن و دەستدرێژی و کوشتنی ژنانن، پێشینەی ڕەشی تورکیا لە کوشتن و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانەدا خۆی قسە دەکات، دەوڵەتە پیاوسالارەکان بە ئێران و تورکیاشەوە مەیلیان بەرەو توندوتیژی و هەژموون هەیە، لەکاتێکدا ژنان ئاشتی و ئارامییان دەوێت هەر بۆیەش پۆستەکانی سەرکردایەتی بۆ خۆیان دەهێڵنەوەو بە توندوتیژی دەگەنە ئامانجەکانیان.
هەروەها بە ئاماژەدان بە دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: ژنانی ئەم ناوچە نەک هەر داعشیان تێکشکاند، بەڵکو پێشەنگ بوون لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسیشدا، فراوانبوونی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ وڵاتانی جیاواز، دەوڵەتی تورکیای ترساندووە و هەوڵدەدات بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ ئەم تەڤگەرە دابخات.
نەسرین عەلی بە ئومێدەوە بۆ داهاتوو جەختی لەوە کردەوە هۆشیاری و تێکۆشانی بەردەوام ڕێگای کۆتاییهێنانە بە توندوتیژی، ئازادی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا دەرئەنجامی تێکۆشان و قوربانیدانی ژنانە.