ڕێبەر ئاپۆ: ئامانجم هێنانەدی ئاشتی و بە سیاسییبوونە
شاندی ئیمراڵی کە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمرالی دیداریان کرد، ئاماژەیان بەوە کرد کە رێبەر ئۆجەلان باسی لەوە کرد کە پرۆسەی ئاشتی لە قۆناغێکی مێژووییدایە و پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەری دیموکراسی بنرێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداریدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ڕاگەیاندووە، ئامانجم هێنانەدی ئاشتی و بە سیاسییبوونە، ئاشتی بە مانای چەکدانانە، بەسیاسیبوونیش بە مانای سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوێنێ دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا، سەبارەت بە دیدارەکەیانیش ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
شاندەکە ڕایگەیاندووە، کە لە دیدارەکەدا بارودۆخی ئێستای تورکیا، بەرەوپێشبردنی چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییەکی هەمیشەیی، ئەو هەنگاوە کردەییانەی پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە بنرێن و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی گرنگی کردووە و شاندەکە پوختەیەکی هەڵسەنگاندنەکان بۆ ڕای گشتیی بڵاوکردەوە، کە بەمشێوەیەیە:
“پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە قۆناغێکدایە کە پێویستییەکی بەپەلەی بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان هەیە. لە قۆناغی دوای پەسەندکردنی یاساکەدا، زۆر گرنگە لە چوارچێوەی ئەم بەرپرسیارێتییانەدا هەنگاوی کردەیی هاوبەش بنرێن و لیژنەکان دەست بە چالاکییە کاریگەرەکانیان بکەن.
ئامانجم هێنانەدی ئاشتی و بە سیاسیبوونە. ئاشتی بە مانای چەکدانانە، بەسیاسیبوونیش بە مانای سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەم تورکیادا هەیە. هیوادارم و بڕوام وایە کە هەموو کەسێک بەم هۆشیارییەوە ڕەفتار بکات تاوەکو بتوانین ئاشتییەکی بەردەوام و چارەسەرییەکی دیموکراتیک بەدەستبهێنین. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی دەستبەجێیە کە ئیرادەی ئاشتی بە بێبنەما نەهێڵدرێتەوە و لە ڕێگەی ڕێکخستنی یاسایی و سیاسی کردەیییەوە مسۆگەر بکرێت.
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئامانجی ئەوەیە هەموو گەلان و بیروباوەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە لە ناو ئاشتی، ئازادی و یەکسانیدا بژین. پێشهاتەکانی ناوچەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆسەکە لەسەر هاوسەنگییەکی هەستیارە و ئەم پێشهاتانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دادەنێن. بۆیە بۆ ڕێگرتن لە هەوڵە تێکدەرە ئەگەرییەکان، گرنگە کێشەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن. پێویستە ڕووداوەکانی ڕۆژئاواش لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.”
هەروەها شاندەکە جەختیشی کردووەتەوە، کە ڕێبازی بنەڕەتیی بەڕێز ئۆجالان چەسپاندنی ئاشتیی بەردەوام، بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیک و دیموکراتیزەکردنی تورکیایە.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێگەی ئاشتی کراوەیە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئیرادەی سیاسی و کردەیی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ڕێگەیە بخرێتە گەڕ.