توندوتیژی دژی ژنان لە دەسەڵاتی تاڵیباندا پەرەی سەندووە

فریشتە عیماد یەکێک بوو لەو ژنانەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ناوچەی خەیرخانا لە کابول،لە ئەنجامی تەقەکردن کوژرا، وەک لە حاڵەتە هاوشێوەکانی پێشوودا، تاڵیبان هاوژینەکەی فریشتە عیمادی ناچارکرد دانپێدانانێکی زۆرەملێ بکات بۆ ئەوەی تاوانەکە وەک خۆکوشتن نیشان بدا

بەهاران لەهیب

کابول- لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا، تاڵیبان وردە وردە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و پاڵنانیان بۆ خۆکوشتن و چەوساندنەوەی ژنانی گۆڕی بۆ بەشێک لە کولتووری باو لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا، لە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ئەم ڕەوتە بە دەرکردنی یاسای دژە ژنان توندتر بوو.

 

ژنان لە سەرانسەری ئەفغانستاندا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیانبەرکەوتووی توندوتیژی و چەوساندنەوەی تاڵیبانن، لە زۆر حاڵەتدا گیانیان لەدەست دەدەن، دواتر خێزانەکانیان لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە فشاریان لەسەرە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و پۆلێنکردنی کوشتنەکان بە خۆکوژی.

 

دوابەدوای گیانلەدەستدانی حەورا سادات و حەسنا سادات، دوایین زیانبەرکەوتوو فریشتە عیمادە، کارمەندی سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەو ژنە بە تەقە کوژراوە، بەڵام ویس عیماد، هاوژینەکەی ناچاربوو ڕایبگەیەنێت کە هاوژینەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە بەهۆی فشارە دەروونییەکان کە لە ئەنجامی کێشەی خێزانییەوە دروستبووە.

 

بۆ دەستکەوتنی وردەکاری زیاتر، چوومە ئەو ناوچەیەی کە فریشتە عیماد لێی کوژرا، چەند دانیشتوویەک پشتڕاستیان کردۆتەوە کە لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بە گوللـە کوژراوە، بەڵام ئامادەنەبوون وردەکاری زیاتر بخەنەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوژینەکەی ناچار بووە دانپێدانانی زۆرەملێ بکات.

 

هاوکات، مەسعودە عەلیزادە، یەکێک لە ژنانی ناڕازی نیشتەجێی پارێزگای بەلخ، باسی لە کوشتنی سیستماتیکی ژنان لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان و زیادبوونی ڕووداوەکانی لەم جۆرە لە دوو مانگی ڕابردوودا کرد و وتی: هەر جارێک هەواڵی کوژرانی ژنێکی ئەفغانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاودەبێتەوە، هەست بە شۆک دەکەم و هەمیشە ئەم پرسیارە دێتە بەرچاوم: ئەم ژنانە چ تاوانێکیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی بکوژرێن؟

 

 

وتیشی: تاکە تاوانی ئێمە ئەوەیە کە ژنین، ئەگەر خوێندەوار و هۆشیار بین، دەکوژرێین بۆ ئەوەی لەبەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکاری تاڵیباندا نەوەستین، ئەگەر بێ پەروەردە بین، تووشی جۆرەها توندوتیژی خێزانی دەبین بۆ ئەوەی زیاتر بێدەنگمان بکەن، بە زیندووی دەسوتێنین یان پاڵدەنرێین بۆ خۆکوشتن تەنانەت دوای ئەوەی دەکوژرێین، هەمیشە دەوترێت کە ئێمە تووشی کێشەی دەروونی بووین، وەک ئەوەی ئێمە بەرپرسیار بین لە مردنمان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەڤاڵانمان و ئەوانەی هاوبیری ئێمەن دەنگیان بەرزبکەنەوە وەک ناڕەزایەتییەک، ئەوا تۆمەتبار دەکرێن بە هەڵسوکەوتی نادروست و گەندەڵی بۆ ئەوەی بێدەنگیان بکەن، هەروەها تا تاڵیبان و لایەنگرانی دەسەڵاتی ئەفغانستان بکەن، ژمارەیەکی زۆرتری ژنانی وەک فریشتە عیماد گیانیان لەدەست دەدەن و لە کۆتاییدا زیانبەرکەوتووان وەک شێت یان بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن بە مەبەستی پاراستنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.

 

داواشی لە هەموو ژنان و پیاوانی هۆشیاری کرد، دەنگیان بەرزبکەنەوە و پێکەوە کاربکەن بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە کۆت و بەندەکانی توندڕەوی، جا چ تاڵیبان بێت یان هەر ئایدۆلۆژیایەکی جیهادی.