ژنانى عێراق بۆ ماف و پاشەڕۆژیان لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
چالاکوانان، ئەکادیمییان و ڕۆژنامەنووسانی ژن، بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی ژنانی عێراق، لەگەڵ ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران دانیشتن و بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی، پاراستنی ژینگە و مافی کەمینەکان پڕۆژەی نوێی خۆیان پێشکەش کرد.
ڕەجا حەمید ڕەشید
بەغدا – کۆمەڵێک لە چالاکوانان، ئەکادیمییان و ڕۆژنامەنووسانی ژن، دوێنێ بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ژنانی عێراق دەبنەوە و ڕێگاکانی پێشخستن و بەهێزکردنی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا، لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ژنان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە کەمکردنەوەی توندوتیژی، گێچەڵ و شانتادی ئەلیکترۆنی دژ بە ژنان، چەندین بیرۆکە، پڕۆژە و پێشنیازی پەیوەندیدار بە بەهێزکردنی ئابووریی ژنان، پاراستنی ژینگە و تێکۆشان دژ بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، پشتیوانیکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسانی ژن تاوتوێ کران. هەروەها باری گوزەرانی ژنانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی عێراق قسەی لەبارەوە کرا.
ئاڵا تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ژنان، گوێی لە پڕۆژە جیاوازەکان و دەستپێشخەرییەکانی بەشداربووان گرت؛ ئەو پڕۆژانەی ئامانجیانە بەشداری لە گۆڕینی ڕەوشی ئێستای عێراقدا بکەن و پشتیوانی لە پێشکەوتن و ئارامی بکەن. ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لە بەغدا و شارەکانی تر لە بوارە جیاوازەکان و لە هەموو ئاستەکاندا سورن لەسەر پێشکەشکردنی پشتیوانی و یارمەتی بۆ ژنان.
کەمکردنەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان
ئاڵا تاڵەبانی ڕوونی کردەوە کە کەمکردنەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنانی عێراق لە پێشینەی کارەکانی ڕاوێژکاریی سەرۆکوەزیرانە بۆ کاروباری ژنان و تیشکی خستە سەر ماددەی ١٣ی بەرنامەی حکومەت کە بەرگری لە ژنان لە توندوتیژی ڕەچاو دەکات. ئاڵا تاڵەبانی جەختی کردەوە ئەو خەباتەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵپێکردن دەستی پێکردووە، ئاوڕی لە بابەتی دەستدرێژی لە کەرتی گشتی، تایبەت و شەقامەکاندا داوەتەوە و بۆ پاراستنی ژنان و کچان میتۆدی ئاگادارکردنەوە، ڕاپۆرتکردن و بەدواداچوون دەپەرێزرێن. ئاڵا تاڵەبانی وتی: ئێمە لەسەر ئەو یاسانە کار دەکەین کە ستەم لە ژنان دەکەن و مافەکانیان پێشێل دەکەن، چونکە ئەمە زامنی پاراستنی ژنانە. مافەکان بە بوونی یاسای بەهێز کە ژنان لە توندوتیژی دەپارێزن، مسۆگەر دەکرێن.
ئاڵا تاڵەبانی دیاری کرد کە بۆ بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی مەدەنیی بەهێز و کاریگەر پێویستە، و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پشتیوانیکردنی ژنان، پاراستنی مافەکانیان و شەڕی دژ بە توندوتیژی. ئاڵا تاڵەبانی جەختی کردەوە کە توێژینەوەکانی ژنان پێویستیان بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی، ناوەندەکانی بیرکردنەوە و ڕاگەیاندن هەیە و گوتیشی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ژن بەردەوام دەبن.
توندوتیژیی خێزانی، دەستدرێژی، شانتادی ئەلیکترۆنی و دەستدرێژیی سێکسی تاوتوێ کران
ئەنسام قادر چالاکوان لە کاتی بەشداربوونی لە دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژیی خێزانی، دەستدرێژی، شانتادی ئەلیکترۆنی و پەلاماری سێکسی بۆ سەر ژنان کراوەتەوە. ئەنسام قادر ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت کەمەکورتییە یاساییەکان و ئەو کەمتەرخەمییانەی لە ئەدای هەندێک لە بەرپرسانی کێشەکانی ژناندا هەن و دەبنە هۆی لەدەستدانی داهاتووی زۆرێک لە ژنانی گەنج، چارەسەر بکرێن.
داوای پشتیوانی
ئینتیسار جەبار پڕۆژەی خۆی بە ناوی دارە کۆچبەرەکان و دووبارە ڕواندنەوەی ئەو دارانەی لە عێراقدا پێشکەش کرد. ئینتیسار جەبار باس لەو زەحمەتییانە کرد کە سەرەڕای ئاراستەکردنی پڕۆژەکەی بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی ژینگە، بە سووربوون و بەردەوامییەوە پشتیوانییان کردووە. ئینتیسار ئاماژەی بەوە دا ئامانجی ئەوەیە عێراقێکی سەوز بەدەست بهێنێت کە ڕووەکەکان زیندوو بکاتەوە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەم بکاتەوە، ڕاشیگەیاند کە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە پشتیوانیی گەورە هەیە.
بەهێزکردنی ژنانی کەمینەکان
ئیخلاس کامیل بەهنام چالاکوان لەسەر ناوی کەمینەکان ئاخواوت و ڕایگەیاند کە ژنانی مەسیحی، ئێزدی، سابیئە و پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگەی عێراق ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و ستەم دەبنەوە. ئیخلاس کامیل وەک ژنێکی مەسیحی دواو وتی ژنان بنەمای ئارامیی خێزان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەن، و پاراستنی هەمەجۆریی عێراق بەبێ جیاوازی، پێویستی بە سەرنجدانی هەموو پێکهاتەکان هەیە. ئیخلاس دیاری کرد کە بەهێزکردنی ئابووریی ژنان یان بەهێزکردنی گەنجان لەم خێزانانەدا، دەبێتە یارمەتیدەر بۆ جێگیربوونیان لە ناوچەکانی خۆیان و کەمکردنەوەی کۆچبەری. ئیخلاس ئاماژەی بەوە دا کە بەم شێوەیە بوونی ئەم کۆمەڵگەیانە لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر دەبێت و ڕۆڵیان دەپارێزرێت.
پێشکەوتنی ئابووری و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا پشتگیری لە ئارامیی خێزانەکان دەکات
ئیخلاس کامیل بەهنام ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت دەشتی نەینەوا، کە خاوەنی شوێنێکی تایبەتی ئایینی، مێژوویی و دیمۆگرافییە، بپارێزرێت و مافەکانی مەسیحییەکانیش بپارێزرێن. ئیخلاس جەختی کردەوە کە پێشکەوتنی ئابووری و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا پشتگیری لە ئارامیی خێزانەکان و بەردەوامیی بوونیان دەکات. ئیخلاس ڕوونی کردەوە گەنجانی لێهاتوو لە شوێنی ئەو کەسانەی خانەنشین دەبن یان ئەو میلاکاتەی لە پلە و پۆستە گشتییەکاندا بۆ مەسیحییەکان تەرخان کراون دانانرێنەوە. ئیخلاس ئاماژەی بەوەش دا کە نوێنەرایەتیی نەکردنی شایستەی ئەم کۆمەڵگەیە لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتدا بەشداریی کاریگەریان سنووردار دەکات.
ئیخلاس کامیل بەهنام باسی لە یاسای ژمارە ١٨٨ی باری کەسێتی کرد و جەختی کردەوە کە یاسایەکی تایبەت بە مەسیحییەکان نییە کە باری کەسێتییان ڕێکبخات. ئیخلاس ئاماژەی بەوە دا کە ئایینی مەسیحی لەسەر یەکسانیی نێوان ژن و پیاو دامەزراوە و دیاری کرد کە ڕێنماییەکانی باری کەسێتیی شێعەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر خێزانە مەسیحییەکان و بڕوادارانی ئایینەکانی تر دادەنێت. ئیخلاس وتی: دەبێت یاساکە بە جۆرێک سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت کە بەرگری لە هەمەجۆریی کۆمەڵایەتیی عێراق بکات و مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکات.
ئاڵا تاڵەبانی گوێی لە بیرۆکە و پڕۆژە پێشکەشکراوەکانی ناو کۆبوونەوەکە گرت و ڕایگەیاند کە ئەوان لە بەغدا و شارەکانی تر لە بوارە جیاوازەکان و لە هەموو ئاستەکاندا سوورن لەسەر پێشکەشکردنی پشتیوانی و یارمەتی بۆ ژنان.