تەرمی ٤١ کەس کە لەفەرمانەکەدا گیانیان لەدەستدا بەخاک سپێردران

دوای ٩ ساڵ لە فەرمانی ٧٤، تەرمی ٤١ کەس کە لە فەرمانەکەدا کۆمەڵکوژ کران و لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بوون، لە گوندەکانی هەردان و کۆچۆ و سۆلاخ و خانەسۆر لە شەنگال بەخاک سپێردران.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش فەرمانیان لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدی جیبەجێکرد، هەزاران کەس ڕفێندران و کۆمەڵکوژ کران، ٩ ساڵ بەسەر فەرمانەکەدا تێپەڕیوە، تا ئێستا ٩٢ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، ٥٥ گۆڕ هەڵدراونەتەوەو ئێسکی ٢٤٢ کەسیش دۆزراونەتەوە. چارەنووسی  دوو هەزارو ٦٠٠ کەس هێشتا دیاری نەکراوە. لە گوندەکانی هەردان ١٦، کۆچۆ ٢٠، قعنی سێ  و خانسۆر دوو، بە گشتی  ٤١کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەرهێندران و بەخاک سپێردران.

 

"هەموو ساڵێک ئازاری فەرمانەکە نوێ دەبێتەوە"

مەیان بۆریک، کە بۆ بەشداریکردن لە ئازاری گەل و کەسوکارەکەی ڕووی لە هەردان کردبوو، بە هیواوە دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: خودا مافی شەهیدەکانمان لەسەر زەوی جێنا‌هێڵێت، بۆ ماوەی ۱۰ ساڵە لە گۆڕی بەکۆمەڵدان ١٠ سالە چاومان لە ڕەحمی خوایە، وەک دایکان دەمانەوێت مافی شەهیدەکانمان لەسەر زەوی نەمێنێتەوە، دەمانەوێت ئازاری فەرمانەکە هەموو ساڵێک بۆ ئێمە نوێ نەبێت، با بە یەکجاری شەهیدەکانمان بهێنن، بەڵام حکومەتی عێراق ئەم ئازارەمان درێژە پێدەدات.

 

"١٠ ساڵە چاوەڕێین"

 

کۆچەر هەردان باسی لە ئازاری گوندی هەردان کرد و وتی: تەنها یەک ڕێگا هەبوو بۆ ڕزگارکردنی هەردان، چووینە ئەو ڕێگایە، بەڵام چەتە دڕندانەکان دەوریان داین ئەو کەسانەی بە ئۆتۆمبێل بوون ڕۆیشتن و ئەوانی تر کەوتنە دەستی چەتەکان، منداڵەکانمان شەهید بوون و سەدان منداڵمان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بوون، نەک تەنها شەهید، بەڵکو ئەو خوێنمژانە بریندارەکانیشیان خستە ناو گۆڕەکان، ئازارەکانمان لەبیر ناکرێن بەڵام لەکاتی فەرمانەکەوە چاوەڕێی ئێسکی منداڵەکانمان دەکەین، حکومەتی عێراق تا ئێستا ٦ جار شەهیدەکانمانی هێناوە، بۆ ماوەی ١٠ ساڵە هەموو ڕۆژێک لە چاوەڕێی ئێسکەکانین، دەبێت حکومەتی عێراق ئێسکەکانمان بۆ بهێنێتەوە، هیچ شتێکی ترمان ناوێت.

 

"حکومەتی عێراق خەمساردە"

نەعیم هەردان باسی لە خەمساردی حکومەتی عێراق کرد و وتی: شەهیدەکانی هەردان زۆرن، گەنجان کۆمەڵکوژ کران و ژنانیش ڕفێندران، کەس بۆ ئێزیدییەکان کار ناکات بەڵام ئەرکی حکومەتی عێراقه ئێسک و پروکەکانمان بۆ بهێنێتەوە.